کۆمەڵ و یەکگرتوو بایکۆتى کۆبونەوەکەى سبەینێ حکومەت و پەرلەمان دەکەن
2 ڕۆژ لەمەوپێش
نوێنەرانى یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵى دادگەرى بایکۆتى کۆبونەوەکەى سبەینێى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم و سەرۆکى فراکسیۆنەکە کوردەکانى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق دەکەن.
بڕیارە سبەینێ شەممە، لەهەولێر نوێنەرانی هەرێم لە حکومەتی فیدراڵی و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزیرەکانی حکومەت کۆبونەوەیەکی نائاسایی ئەنجام بدرێت.
موسەننا ئەمین ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، لەسەر لیستى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان، بەمیدیای حیزبەکەی ڕاگەیاندوە: سبەی بەشداری کۆبونەوەکەی حکومەتی هەرێم ناکەین.
لایخۆشیەوە، سۆران عومەر سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵى دادگەرى لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، هاوشێوەى یەکگرتوو بڕیارى بایکۆتیداوە، ئەو وتى "هەموو خەڵکی هەرێم دەزانێت بەغدا زیاتر لە ١١ ترلیۆن دینار پارەی بۆ موچەی ١٢ مانگ ناردووە، بەڵام موچەیەکی ساڵی ٢٠٢٤ یان نەداوە بەموچەخۆران".
پێشتر پێشەوا هەورامى، وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، سبەینێ شەممە لە شاری هەولێر بە ئامادەبونى نوێنەرانی هەرێمی کوردستان، لەحکومەتی فیدراڵی و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی سەرجەم لایەنەکان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی بەڕێزان سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیرەکانی حکومەتی هەرێم کۆبونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەن ئەنجامدەدرێت.
پێشەوا هەورامى دەشڵێت: تەوەری کۆبونەوەکە تایبەتە بە پرسی موچەو شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەحکومەتی فیدراڵی.