عەلی باپیر لەنامەیەکدا بۆ ئەحمەد شەرع: لە خوا دەپاڕێینەوە سەركەوتووتان بكات

13 كاتژمێر لەمەوپێش



ــ ڕژێمی ئەسەد خراپە و تاوانكاریی لە زەویدا بڵاوكردەوە ڕیسوایی بە گەلانی سوریا چێژت

ــ ڕزگاركردنی سوریا هەنگاوێكی گرنگە، بەڵكو بازدانیكی جۆرییە بۆ خەڵكی سوریا

ــ خوازیارین گەلی كوردمان خۆشی لە بوون و مافەكانی ببینێ لە حوكمڕانیی داهاتوو


عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری كوردستان نامەیەكی ئاڕاستەی ئەحمەد شەرع فەرماندەی ئیدارەی نوێی سوریا كردوە لەبەشێکیدا، هیوا دەخوازێت گەلی كورد خۆشی لە مافەكانی ببینێ لەژێر سەركردایەتی ئەودا، هاوکات دۆعاى سەرکەوتنى بۆ دەکات.
لەنامەكەیدا كە لەسەر هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئەمرۆ یەکشەمە، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان / عێڕاق بڵاویكردووەتەوە.

ئەو لەسەرەتاى نامەکەیدا دەڵێت: پاش پیرۆزبایی لێكردنتان بە سەركەوتن بەسەر ڕژێمی دیكتاتۆریی فەوتاودا، ڕژێمی حوكمڕانیی بەششار ئەسەدی بەعسیی، ئەو ڕژێمەی كە خراپە و تاوانكاریی لە زەویدا بڵاوكردەوە و، تاڵاوی زەلیلیی و ڕیسوایی بە گەلانی سووریا چێژت بە هەموو پێكهاتەكانیەوە.
سەرۆکى کۆمەڵى دادگەرى هەر لەونامەدا بەگرنگیەوە باس لەروخانى ئەسەد دەکات، دەڵێت: ڕزگاركردنی سووریا لە ژێر نیری ئەو ڕژێمە تاوانكار و خۆسەپێنەر و پێشێلكارەی مافی گەلانی سووریا، هەنگاوێكی گرنگە، بەڵكو بازدانیكی جۆرییە بۆ خەڵكی سووریا و، شۆڕشگێڕانی بە سەركردایەتیی ئێوە بەرەو ئازادیی.

ناوبراو ئومێدى ئەوەش دەخوازێت ئەو كاروانە بەپیت و فەڕە بەردەوام بێت بۆ تەواوكردنی بەدەستهێنانی خواستەكانی گەلانی سووریا، وتیشى: دەستەبەركردنی مافەكانی هەموو هاووڵاتییان بە عەڕەب و كورد و هەموو خەڵكی ئەو وڵاتە، تاك تاك و پێكهاتەكان، مسوڵمانان و ئەوانی دیكەش، لەژێر چەتری سەروەریی یاسا و هاووڵاتییبوون.
عەلی باپیر، دەبێتە دووەم سەرۆكی حزب لە هەرێمی كوردستان كە لەدوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەدەوە پەیام ئاڕاستەی ئەحمەد شەرع بكات، لەدوای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كە ناوەڕاستی مانگی رابردوو پەیامێكی لەبارەی قسەكانی  ئەحمەد شەرعەوە لەسەر كورد بڵاوكردەوە.

عەلی باپیر هەروەها "لەخودا دەپارێتەوە جۆلانی سەركەوتوو بكات لە بنیاتنانەوەی سوریایەكی گەشەسەندوو لەژێر سایەی حوكمڕانییەكی مسوڵمانانەی دادگەر، دوور لە خۆسەپاندنی پێكهاتەیەك بەسەر ئەوانی دیكەدا "خوازیارین گەلی كوردمان خۆشی لە بوون و مافەكانی ببینێ لە چوارچێوەی حوكمڕانیی داهاتوو لە ژێر سەركردایەتیی دانایانەتاندا".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار