یەکێتی: پێدەچێت ئاستەنگ لە بەردەم هەمواری یاسای بودجە دروست ببێت
9 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانى عێراق، لەسەر لیستى یەکێتى ڕایدەگەیەنێت، هەڵوێستە زبرەکانی ئەم دواییەی هەرێم دژی حکومەتی ناوەندی ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی بەربەست لەبەردەم هەمواری یاساکە دروستبکات، تێنەپەڕاندنی هەمواری یاساکەش دەبێتە ڕێگر لەبەردەم فرۆشتنی نەوتی هەرێمدا.
وابڕیارە سبەی دووشەممە هەمواری یاسای بودجە تایبەت بە فرۆشتنی نەوتی هەرێم خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت، کاروان یاروەیس بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە، ئەگەر هەموارەکە قبوڵ نەکرێت، بەتایبەت لە ئێستادا کە پەیوەندیەکانی هەرێم و بەغداد لە قۆناغێکی تردایە، حکومەتی هەرێم دەڵێی دەکشێینەوەو سیاسەتی حکومەتی ناوەندی سیاسەتێکی ستەمکارانەیە، واتە پەیوەندیەکان خراپن و گرژی هەیە، دەبێ چاوەڕوانی ئەوەبکەین یاساکە کێشەی بۆ دروست ببێت یاخود تێنەپەڕێت."
بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی، وتیشى ئەگەر وابێت، ئەو کاتە کێشەی فرۆشتنی نەوت وەک خۆی دەمێنێتەوە، لە کاتێکدا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بۆ هەرێم جۆرێک لە ئاسۆدەداتە هەرێم، چونکە پێدەچێت حکومەتی ناوەندی ئەوەندە نەڵێت هەر پارە دەنێرین و هەرێم داهاتمان ڕادەست ناکات، ئەوکاتە بۆ هەرێم کرانەوەیە."
هەرچەندە ڕۆژی 5 ی مانگی 11 ی 2024 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پێشنیارێکی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق پەسەند کرد و ڕۆژی 26 مانگی 11ی 2024 خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاسای بودجە تایبەت بە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا، بەڵام بەهۆی کێشەوە نەتوانرا خوێندنەوەی دووەم بۆ یاساکە ئەنجامبدرێت.
بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیش هۆکارەکە دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی، هەندێ لایەن ڕەزامەند نەبوون کرێی فرۆشتنی بەرمیلێک لە نەوتی هەرێم 16 دۆلار بێت و پێیان وابوو ئەوە غەدرە لە حکومەتی ناوەندی دەکرێت.
کاروان یاروەیس دەڵێت: هەرچەندە پرۆژە یاساکە بە فلتەری ئەنجومەنی وەزیراندا تێپەڕی بوو، زۆربەی لایەنە سیاسیەکان ئۆکەیان لەسەر کردبوو، دەبوو پێش دەستپێکردنی پشووی وەرزی یاسا دانان پرۆژە هەموارەکە تێپەڕێت، بەڵام کێشەی بۆ دروستکراو ڕێگە بە تێپەڕاندنی نەدرا."
وتیشی: بەڵام پێم وایە ئیرادەیەکی بەهێز هەیە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، وە ئەم بڕگەیە هەموار بکرێت و ئیرادەیەک هەیە پێی وایە نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی حکومەتی عێراقەوە بڕوات لە سۆمۆوە نەک شوێنی تر."