هەسەدە وردەکارى کوژرانى ٢٣ چەتەى تورکیاى داگیرکارى بڵاوکردەوە
21 كاتژمێر لەمەوپێش
ناوەندى راگەیاندنى هەسەدە، ڕایگەیاند لە شەڕی ٢٤ کاتژمێری کۆتاییدا لە دژی چەتەکانی دەوڵەتی تورکیاى داگیرکەر ٢٣ چەتە کوژراون و ٧ی دیکەش بریندربوو، هەروەها چەندین ئۆتۆمبیلی زریپۆش و سەربازی چەتەکان تێکشکێندراون.
ناوەندی ڕاگەیاندنى هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندراوێک کۆتا زانیاری سەربازی و دەرنجامی بەرخۆدانی لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لەسەر گوندەکانی منبج و کۆبانێ ئاشکرا کرد.
لە ڕاگەیاندراوكەدا، ئەوە خراوەتەڕوو، دوێنێ لە گردی سیریاتەل و گوندەكان دەوروبەری باشووری ڕۆژهەڵاتی منبج، شەڕ و پێكدادانی توند لە نێوان شەڕڤانانمان و چەتەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك ڕوویداوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، لەو شەڕەدا ٢٣ چەتە كوژراون و حەوتی دیكەش برینداربوون برینەكانی هەندێكیان سەخت بووە، هەروەها پێنج ئۆتۆمبێل و سێ زریپۆشی چەتەكان لە ناوبراون.
لەراگەیەندراوەکەى هەسەدا هاتووە: یەكینەكانی شەهید هارون بەچەكی قورس بنكەیەكی چەتەكانیان كردە ئامانج، لە ئەنجامدا چەند چەتەیەك كوژران و بریندار بوون، بەڵام تا ئێستا ژمارەی درووستی كوژراو و بریندارەكان لە بەردەست نییە.
هەروەها راگەیەندراوەکە ئاشکرایکردوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆش دەوڵەتی داگیركەری تورك بۆردوومانی گوندەكانی"كەرەك"و "ئومراك"ی سەر بە شاری كۆبانێی كردوە.
هاوكات لە ڕێگەی فڕۆكە سەربازییەكانیانەوە هێرشی توندیان كردە سەر گوندەكانی مەغرەبتین و سەبت لە باشووری كۆبانی، جگە لەبۆردوومان كردنی كارگەی چیمەنتۆ لە دەوروبەری سرین."
جەخت لەوەشکراوەتەوە دەوڵەتی داگیركەری تورك هەركاتێك هێرشی چەتەكانی شكست بهێنێت، پەنا بۆ بۆردوومانكردنی ناوچەكانی ڕۆژئاوا لە ڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە دەبات.