مالیکى سەردانى هەرێمى کوردستان دەکات

19 كاتژمێر لەمەوپێش



 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، بەفەرمى بانگهێشتی نورى مالیکى، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەکات بۆ ئەوەى سەردانى هەرێمى کوردستان بکات،  مالیکیش رەزامەندی نیشانداوە ئەو سەردانە ئەنجامبدات.
ئەمڕۆ دووشەممە، لە بەغدا سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، کۆبونەوە.

بەپێى راگەیەندراوێکى نوسینگەى راگەیاندنى نورى مالیکى، لە بەشێکى کۆبونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانی بانگهێشتی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی کردوە، بۆ ئەوەی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات، نورى مالیکیش پێشوازی لەو بانگهێشتە کردوە، هەروەها "هیوای ئەوەى خواست ئەم سەردانە یارمەتیدەر بێت بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی و لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوولا.

بەپێی راگەیێندراوێکى سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش، نێچیرڤان بارزانی و نووری مالیکی هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی لێكگه‌یشتن، بەهێزکردنی دیالۆگی سیاسی لەنێوان هێز و لایەنە عێراقییه‌كاندا و یەکخستنی هەوڵەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هەنووکەییەکان و ئاڵنگارییه‌كانى به‌رده‌م وڵات.
 
لە ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسیان لە پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌، به‌تایبه‌تى دۆخى سووریا كرد؛ تیشكیان خسته‌ سه‌ر ئه‌گه‌ر و لێكه‌وته‌كانى دۆخى رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست له‌سه‌ر عێراق و ناوچه‌كه‌ و، له‌وباره‌یه‌وه‌ داكۆكییان لەسەر گرنگیی کاری هاوبەش بۆ پاراستنی ئارامى و سه‌قامگیریى وڵات كرده‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانى، لە سەردانەکەیدا بۆ بەغداو کۆبوونەوەکانى لەگەڵ سەرۆکایەتیەکان و کەسایەتیە سیاسیەکان، باسى لەچەند دۆسیەیەکى جیاواز کردوە، پرسی بودجە و مووچە، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کێشەکانی پەیوەست بە ناوچەکانی ماددەی 140 و کێشەی تازەخولقێندراوی بازرگانی لەنێوان هەولێر و بەغدا، تەوەری سەرەکیی گفتوگۆ و دانوستاندنەکان بووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار