هەسەدە: درۆنەکانمان بەرهەمی ئەزموونی تایبەتی خەڵکی رۆژئاوایە
4 كاتژمێر لەمەوپێش
بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕاگەیاندنی هەسەدە سەبارەت بە درۆنەکانی شەڕڤانانی هەسەدە میدیاکانی دەوڵەتی تورکیاى داگیرکارى بە درۆ خستەوەو ڕایگەیاند، هەموو ئەو درۆنانەی کە بەکاریدەهێنین بەرهەمی ئەزموونی تایبەتی خەڵکی رۆژئاوایە.
فەرهاد شامی، بەرێوەبەری نووسینگەی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) لە بارەی ئەو هەواڵانەی میدیاکانی دەوڵەتی تورک بڵاوی دەکەنەوە کە گوایە ئێران هەزار و ٥٠٠ درۆنی بە قەسەدە بەخشیوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەی فەرهاد شامییدا هاتووە، میدیا تورکییەکان کە پشتیوانی لە سیاسەتی قڕکردنی گەلانی ناوچەکە لەلایەن حکومەتی تورکیاوە دەکات، درۆ بڵاو دەکاتەوە هەواڵێکی بێبنەمایان بڵاوکردووەتەوە، کە گوایە لە نێوان هێزەکانی ئێمە و ئێران پەیمانێک هەیە و هەزار و ٥٠٠ درۆنمان وەرگرتووە.
ئامانج لە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە درۆینانەی میدیاکانی تورکیا ئەوەیە کە زیان بە هێز و گەلەکەمان و دژایەتی دۆزی گەلەکەمان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ڕای گشتیی و نێودەوڵەتیی درووستبکات.
وتەبێژەکەى هەسەدە وتیشى: شەڕڤانانمان کە سوودیان لە پسپۆڕیی شەڕیان دژی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش وەرگرتووە، لە هەمان کاتدا دەرفەتە سەربازییەکانیان پێشخستووە و درۆنیان درووستکردووە، ئەو درۆنانە بەرهەمی ئەزموونی هاوڵاتییانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە.