لە حەویجە بەرپرسى دارایی داع.ش دەستگیرکرا
4 كاتژمێر لەمەوپێش
بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی عێراق، دەستگیركردنی ژنێکى راگەیاند، کە بەرپرسی دارایی و بەرگدرووی جلوبەرگی سەربازی بووە بۆ ئەندامانى ڕێکخراوى داع.ش لە قەزاى حەویجەى پارێزگای كەركوك.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی، راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوەو دەستگیركردنی ئەو: تیرۆریستەى ئاشکراکردوە.
بەڕێوەبەرایەتییەكە لە راگەیەندراوەکەیدا، دەڵێت: لە ئۆپەراسیۆنێكی چۆنایەتیدا، بە هەوڵێكی هەواڵگریی بەرچاو، بە بەدواداچوونی مەیدانی و تەكنیكی لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگری دروست لە هۆبەی هەواڵگری فیرقەی هەشتەم، كارمەندانی هەواڵگری سەربازی توانیان ئەو ژنە تیرۆریستەى داعش دەستگیربكەن.
راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەشكردوە: ئەو تیرۆریستە بەناو (بەرپرسی دارایی لە ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش) كاریكردووە، ئەو ژنە پارەکانى دەگواستەوەو دابەشی دەكرد بەسەر خێزانەكانی سەر بە ڕێكخراوەكە لە قەزای حەویجە.
بەپێی بڕگەكانی مادەی (4/تیرۆر) دەستگیرکراوەوبەپێی یاسا رادەستی لایەنی داواكار كراوە.