گومرگى عێراق: ئاگامان لەداهاتى گومرگەکانى کوردستان نییە
2 ڕۆژ لەمەوپێش
سەرۆکی دەستەی گومرگەکانى حکومەتى عێراق، رایدەگەیەنێت داهاتی دەستهکەمان بۆ ساڵی 2024 دوو ترلیۆن و 131 ملیار دینار بووە، بەڵام بەداخەوە ئاگامان لە داهاتى کوردستان نییەو هیچ داتاو ئامارێکمان لەبەردەست نییە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەستەی گومركهكان پلانی خۆی بۆ ساڵی نوێ ڕاگەیاند، هاوکات دەستکەوتەکانی ساڵی ڕابردوودا خستهڕوو.
سەرۆکی دەستەی گومرگی، حەسەن عەکیلی، ڕایگەیاند: دەستهکەمان لەبەردەم لیژنەی دارایی پەرلەماندا دەستکەوتەکانی خۆی بۆ ساڵی 2024 و پلانەکانی داهاتووی بۆ ساڵی 2025، خستهڕوو، جەختمانكردهوه لەسەر گرنگی بوونی پشتگیری لە لایەنی یاسادانان و ڕێکارەکانەوە بۆ جێبهجێكردنی بەم پلانانە.
ناوبراو ڕوونیشیکردەوە كهدەستهی گشتی گومرگ کاردەکات بۆ تەواوکردنی جێبەجێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنی و فراوانکردنی بۆ ئەوەی سەرجەم ناوەندەکانی گومرگی لەماوەی سێیەکی یەکەمی ئەمساڵدا بگرێتەوە.
حەسەن عەکیلی، ئاماژە بەوەشکرد كهئامانج ئەوەیە سەرجەم دەروازە گومرگییەکان بخرێتە ناو ئەو سیستمە ئەلیکترۆنییەوە، دەستکردن بە جێبەجێکردنی نوێترین شێوازەکانی گومرگی کە پشت بە تەکنەلۆژیاو زیرەکی دەستکرد و پەیوەندی مۆدێرن و ئەلیکترۆنی دهبهستن.
سەبارەت بە ئامارى داهاتەکانیان، سەرۆکى دەستەکە، وتی: داهاتی دەسته بۆ ساڵی 2024 دوو ترلیۆن و 131 ملیار دینار بووە، پێشبینیش دەکرێت لە ماوەی ساڵی 2025دا ئەم ژمارەیە زیاد ببێت، بەڵام بەداخەوە بۆ نەبوونی داتای ورد لەسەر داهاتهكانی هەرێم کوردستان، داهاتەکانی ساڵی ٢٠٢٤ هەرێم ناگرێتەوە.