ناوەڕۆکى کۆبونەوەکەى مەزڵوم عەبدى و بارزانى
دوێنێ
ئەمرۆ مەزڵوم عەبدى فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و مەسعود بارزانی کۆبونەوە، لەکۆبونەوەکە بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا کراوە، هەروەها جەخت لەسەر ئەوەکراوەتەوە سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنەک و بە ڕێکاری ئاشتیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن.
بەپێى راگەیەندراوێکى بارەگاى بارزانى، ئێوارەی ئەمرۆ پێنجشەممە 16ی کانوونی دووەمی 2025 لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی و مەزلووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆبونەتەوە.
بەپێى راگەیەندراوەکە لەو دیدارەدا بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا و هەروەها چوارچێوەی گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا تاوتوێ کرا.
هەروەها جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە لایەنە کوردیەکانی سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنەک و بە ڕێکاری ئاشتیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و لەپێناو زامنکردنی مافەکانیان بە یەکڕێزی و یەکهەڵوێستیی هاوبەش لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سووریا بگەنە لێک تێگەیشتن و ڕێککەوتن، و فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری بن و ڕێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی ئەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلی کورد و پێکهاتەکانی تری سووریادا هاتوونە.