فواد حسێن: بە تارانمان ووت دۆسیەی گروپە چەکدارەکان پرسێکى ناوخۆییە
8 كاتژمێر لەمەوپێش
فواد حسێن وەزیرى دەرەوەى عێراق دەڵێت، کاتێک سەردانى تارانمان کرد لەگەڵ سەرۆک وەزیرانى عێراق، بە ئێرانیەکانمان وت پرسەکانمان بە تەنیا خەمی عێراقییەکانە، هەندێک هەڵوێستی ئێران کە لە میدیاکانەوە لەسەر هەندێک بابەت بڵاودەکرێنەوە، پێچەوانەی دیدگای ئێمەن، بەڵام لە کۆتاییدا دەبێت بڕیاری کۆتایی عێراقی بێت.
لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەى شەرق ئەوسەت، فواد حسێن وەزیری دەرەوەى عێراق، رایدەگەیەنێت عێراق لە شەڕ ڕزگاری بووە، بەڵام هێشتا ڕووبەڕووی مەترسیی شەڕ بووەتەوە، هەروەها وتیشى: ئێستا جیهان بەشێوەیەکی تر دەڕوانێتە ئێمە، بەڵام عێراقییەکان کێشەکانیان لەگەڵ گروپە چەکدارەکان هەیە، هیچ کەسێک جگە لەوان چارەسەری ناکات، تەنانەت ئەگەر ئێرانیش لەگەڵیان ناکۆک بێت، یان سەرۆکی ئەمریکا کە هیچ سۆزێکى بۆ بەغدا و تاران نییە.
فواد حسێن وەزیرى دەرەوەى عێراق دەڵێت، کاتێک هەشتى ئەم مانگە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانى عێراق، چوینە تاران، لەسەر پرسەکا ناوخۆییەکانى عێراق بەوانمان وت پرسەکانمان بە تەنیا خەمی عێراقییەکانەو دەبێت دوابڕیار عێراق بیدات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێمە دەستمان بەم کەیسە کردووەو پێویستمان بە ماوەی دیاریکراو هەیە بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجام. ڕوونە کە ئێمە بە هەندێک میکانیزمەوە پابەندین و پێشنیاری جیاواز هەیە.
ئەو وتیشى: بۆ نموونە گروپەکان بەشێک بن لە هێزەکانى بەرگرى و یاسایی بن، هەروەها تێزێکی تر هەیە کە داوا دەکات چەکەکانیان ڕادەست بکەن تەنها ببنە قەوارەی سیاسی، بیرۆکە زۆرن، بەڵام لە کۆتاییدا دەبێت بگەینە تێگەیشتنە ناوخۆییەکان و خۆمان لە دروستکردنی دۆخێک بەدوور بگرین کە ڕەنگە خوا نەکات شەڕی ناوخۆیی لێبکەوێتەوە ئەمەش جێگەی قبوڵکردن نییە.
فوئاد حسێن ئاماژە بەوەدەکات، 2024 بۆ ئەوان زۆر قورس بوو، وتى: چونکە ئێمە مامەڵەمان لەگەڵ ناوەندەکانی دەسەڵات و ئەو وڵاتانەدا دەکرد کە پەیوەندییەکی پتەومان لەگەڵدا نییە ئێستا عێراق لە ناوچەیەکدایە کە ئاگرەکە هێشتا دەسووتێت. پرسیارەکە هەر ماوەتەوە: چۆن خۆت لەم ئاگرە دەپارێزیت؟ ئەو هەوڵانەی ساڵی ڕابردوو دامان لە ماوەی داهاتوودا دوو هێندە دەبێت، لە پێناو پاراستنی عێراق لە دۆخێکی سەقامگیریدا، دوور لە شەڕ و ململانێکان.