پەرلەمانى عێراق سێ یاساى گرنگى پەسەندكرد
14 كاتژمێر لەمەوپێش
لە دانیشتنى ئەمڕۆى پەرلەمانى عێراقدا، سێ یاسا پەسەندکران، کە پێشتر کێشەو گرفتى زۆریان لێکەوتەوەو هەریەک لەو یاسایانە بەلای یەكێك لە پێكهاتەكانەوە گرنگە، ئەو سێ یاسایەش گەڕانەوەی موڵك و ماڵ بۆ خاوەنەكانیان و یاسای باری كەسیی و لێبوردنی گشتییە.
پرۆژە یاسای گەڕاندنەوەی خاوەندارێتیی موڵک و ماڵی داگیرکراو بە فەرمانی ئەنجوومەنی ناسراو بە "قیادەی سەورە"ــی هەڵوەشاوە بەلاى کوردەوە زۆر جێى بایەخ بووە.
شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانى عێراق لەوبارەیەوە، ڕایگەیاند، "سوپاس بۆ خودای گەورە سەرکەوتین، دوای 50 ساڵ لە داگیرکاری و 20 ساڵ لە ڕووخانی ڕژێمی بەعس، پرۆژە یاسای گەڕانەوەی زەوییەکان دەنگی لەسەر درا.
جەختیشی لەوە کردەوە کە “ئەم بڕیارە بۆ بەهێزکردنی یەکگرتوویی هاتە ئاراوە، لە ئاشتی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای کەرکوک”.
هاوکات كاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: ئەو یاسایە زۆر گرنگە بۆ کورد، چونکە بڕیارەكانی مەجلیسی قیادەی بەعسی هەڵوەشاندەوە، بەمەش نزیکەى یەک ملیۆن دۆنم زەوى زەوی كشتوكاڵی جوتیارانى كورد دەگەرێتەوە بۆ خاوەنەکانیان.
یەکێک دیکە لە پڕۆژەکان کە دەنگی پێدرا پڕۆژە یاسای لێبووردنی گشتی بوو کە داواکاریی سوننەکان بوو، ئەوان دەیانەوێت ژمارەیەكی زۆر زیندانییان ئازاد بكەن.
پڕۆژە یاساکەی دیکەش بریتی بوو لە هەمواری یاسای باری کەسێتی کە داواکاریی شیعەکان بوو.
کارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق 10 بڕگە لەخۆ دەگرێت، حەوت بڕگەیان دەنگدان و سێ بڕگەی دیکە بۆ خوێندنەوەی چەند پرۆژەیاسایەکی دیکە بوو.
لەئێستادا پەرلەمان بەردەوامە لە کۆبونەوەو گفتوگۆ دەکەن لەسەرهەمواری یاسای بوودجە.