تورکیا ئاشتی دەڕەخسێنێ یان موخاتەبەی تیرۆر دەکات؟!

شاهۆ پاڵانی

2 ڕۆژ لەمەوپێش



شاهۆ پاڵانی

ئەوەی لە تورکیا دەگوزەرێ بەناوی پرۆسەی ئاشتی، پێویستی بە شیکاری و تێڕامانێکی ورد هەیە، بۆ ئەوەی ڕاستیەکان بۆ ڕای گشتی کوردی دەربکەوێ، کە ئاخۆ دەوڵەتی تورکیا هەر بەڕاستی خوازیاری ئاشتییە و دەیەوێ کێشەی کورد بەشێوازی ئاشتیانە و دیموکراسی لە چوارچێوەی تورکیادا چارەسەر بکات یان ئەوە چیە بەناوی دەستپێشخەری ئاشتی لە تورکیا دەگوزەرێ.

دوای سەد ساڵ لە کوتایی هاتنی جەنگی یەکەمی جیهانی و داڕمانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، کە بووە هۆی هاتنەکایەی قۆناغێکی نوێ و دروستبوونی چەند دەوڵەتێکی تازە لە ئەنجامی داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەقەڵەمی زلهێزەکانی ئەوسەردەمە کە خۆی لە بەریتانیای گەورە و فەرەنسادا دەبینیەوە، جارێکی تر باهۆزی گۆڕانکاری گەورە ناوچەکەی گرتۆتەوە و تەوژمە خێراکانی بەردەوامییان هەیە و دەکرێ جارێکی تر گۆڕانکاری لە هێلکاری و نەخشەی ناوچەکەش ڕووبداتەوە، بەڵام ئەمجارەیان ئەمریکا و ئیسرائیل قەڵەمی کێشانەوەی نەخشەی ناوچەکە دەگرنە دەست، هەڵبەتە بە پشتیوانی و هاوکاری ئەوروپاش.

لەگەڵ ئەوەشدا لە ئەنجامی ئەو گوڕانکاریانەدا هەلێکی مێژووی بۆ تەواوی گەلی کورد هاتۆتە پێشەوە لە ناوچەکە. بۆیە ئەم بابەتە لەئێستادا تورکەکانی تۆقاندووە و ئۆقرەی لەبەر بڕیون، ئەوان ترسیان لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوەکانی دوای جەنگی یەکەمی جیهانی هەیە کە بووە هۆی داڕوخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، لێکچونێک هەیە لە ڕەوش و ڕووداوەکانی ئەو سەردەمەی عوسمانیەکان و ئێستای تورکیادا، بەتایبەتی نالەباری باری ئابووری و ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتربوونی تا ڕادەی داتەپین و هەمیشە بەرزتربوونەوەی هێلی هەژاری و زیاتر تەشەنەسەندنی گەندەڵی لەسەردەمی حکومڕانی ئەردۆگاندا، لە لایەکی تریشەوە فۆبیای دروستبوونی دەەوڵەتی کوردستان لە ناوچەکە خەوی لێ زڕاندوون، هەر ئەمەش وایکرد ئەردۆگان و باخچەلی بەتێگەیشتنی خۆیان پلانێک هەم بۆ دوورخستنەوەی مەترسیەکان لەسەر تورکیا، هەم تێکدان و لەباربردنی ئەم دەرفەتەی بۆ کورد ڕەخساوە دابنێن، بۆیە ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کە باخچەلی پرۆسەی دەستپێشخەری ئاشتی بوروژێنی.

دەوڵەتی تورکیا دوو ئامانجی سەرەکی هەیە لە وروژاندنی پرۆسەی بەناو ئاشتی. یەکەمیان دەیەوێ نیازپاکی نیشانی ڕای گشتی نێودەوڵەتی بدات و بڵێ، تورکیا ئامادەیە کێشەی کورد بە ئاشتی چارەسەر بکات، وەلێ ئەوە کوردە نایەتە ژێر باری ئاشتی و بەزمانی چەک و تیرۆر قسەدەکات. دووەمیان هەموو هەوڵەکانی بەگەڕ خستووە، تا دووبەرەکی بخاتە نێوان ڕیزەکانی کورد و کوردان سەرقاڵی دووبەرەکی و لێکترازان بکات، بۆئەوەی لەم دەرفەتەی هاتۆتە پێشەوە هیچیان دەستنەکەوێ. بۆ ئەمەش لەهەوڵی بێوچاندایە قەناعەت بە بەڕێز ئۆجەلان بهێنێ، داوا لە قەندیل بکات چەک دابنێ.

ئەگەر پرۆسەی ئاشتی لای دەوڵەتی تورک ستراتیژە و بەڕاستی نیازی چارەسەری دۆزی کوردی هەیە، پێویستە نیشانەکانی دەرکەوتەی هەبێ و ئەو زەمینەسازیە بە ڕۆشنی هەستی پێبکرێ و بەرچاو بکەوێ. ناکرێ تۆ خۆت بە دەستپێشخەری ئاشتی بزانی بەڵام بچوکترین زەمینەسازی بۆ نەکەی. ئەوان تا ئێستاش بە بەڕێز ئوجەلان دەڵێن سەرکردەی تیرۆریستەکان، لەدوای یەکەمین سەردانی وەفدی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی پەرلەمانتارێکی مەهەپە لە لێدوانێکدا لەم بارەیەوە بە بەڕێز ناوی ئۆجەلان دەهێنێت، بەڵام دواتر ڕوونکردنەوە لەسەر ئەو دەدات و دەڵێ ئێمە لەکاتی قسەکردندا ئاساییە ناوی کەسێک بە بەڕێز بهێنین، دەنا بۆ ئێمە ئۆجەلان سەرکردەی تیرۆریستەکانە..! ئەوان تا ئەمڕۆش بەردەوامن لە لابردنی سەرۆک شارەوانیە کوردەکان کە دەنگ و متمانەی خەڵکیان بەدەستهێناوە، قەییوم لە شوێنەکانیان دادەنێن، دەوڵەتی تورک ئامادە نیە تەنانەت دەستبەرداری زمانی زبر و هەڕەشە ببێ، ئەوەتا هاکان فیدان بێ ئۆقرە هەر ڕۆژەی سەردانی وڵاتێک دەکات بۆ پلانگێڕی دژی کوردانی ڕۆژئاوا و  ناساندنی پەکەکە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی، هەر لەو سەردانەی سێ ڕۆژ لەمەوبەری بۆ بەغدا لە هەوڵی بێوچاندا بووە کە عێراقیش لە شەڕی پەکەکە وە بگلێنێت.

ئەوەی تورکیا مەبەستیێتی چەک دانانی قەندیلە و بەس، ئەوان هەمیشە دەڵێن نیازپاکی دەوڵەت ئەوەیە کە تورکیایەکی بێ تیرۆرمان هەبێت، تا ئێستا بە یەک وشەش باس لە چارەسەری دۆزی کورد نەکراوە، وەک ئەوە وایە کە دەوڵەت مخاتەبەی گروپێکی تیرۆریستی بکات نەک هەوڵی چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی نەتەوەیەک بدات.

ڕەخساندنی زەمینەسازی، ژینگەی نیازپاکی و ئاشتی ئەوەیە، دەرگای زیندانەکان لەسەر زیندانیە سیاسیەکاندا بکرێتەوە، زمانی نەرم و میانڕەوی جێگای هەڕەشە و زمانی زبر بگرێتەوە، قەییومەکان هەڵوەشێندرێنەوە و سەرۆکشارەوانیە ڕاستەقینەکان بگەڕێندرێنەوە شوێنەکانیان، لەسەرووی هەمووشیەوە ئەقڵیەت و زیهنی فاشیزمی نەتەوەیی کاڵبێتەوە و دەستبەرداری پرەنسیپی ( یەک دەوڵەت، یەک ئاڵا و یەک زمان) ببن و دان بە بوون و مافی کورد و هەموو نەتەوە و کولتور و پێکهاتەکانی تردا بنرێت، پێکەوە ژیان، یەکتر قبوڵکردن و فرەیی ببێتە بنەمای چارەسەری سیاسی و پرەنسیپی حکومڕانی، ئەو کاتە دەکرێ ئومێدێک لەسەر پرۆسەی ئاشتی هەڵچندرێت.   

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار