وەڵامێک بۆ تۆمەتەکانی وتەبێژی حکومەت
محمد ڕەووف قوربانی
12 كاتژمێر لەمەوپێش
محمد ڕەووف قوربانی
لەم ڕۆژانەدا پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حوکمەتی کاربەڕێکەری هەرێم لێدوانی بۆ چەند کەناڵێکی ڕاگەیاندندا و بەشێکی لێدوانەکەی تایبەت بوو بە مامۆستا مانگرتوەکانی سلێمانی.
پێشەوا هەروامانی دەڵێت: بەشێک لە مامۆستایان بە مەرامی تایبەت لەنێو خێمەی مانگرتووانن و مانیان گرتووە، لە درێژەی وتەکانیدا دەڵێت بەشێک لەسەرکردەی لایەنەکان بۆ مزایەدە و عەرزی عەزەڵات دەچنە ناو خێوەتی مانگرتوەکان و فرمێسکی تیمساحی دەڕێژن. لەگەڵ چەند وتەیەکی تر کە هەر شیاوی وەڵام دانەوەش نیە هێندە ئاست نزمانە ئەدوێت.
من بە وتەبێژی حوکمەتی کاربەڕێکەر دەڵێم تۆ لە پێشدا پێویستە ببیتەوە بە فێرخواز و مامۆستایەکی سنوری سلێمانی وانەی ڕەوشت و نیشتیمان پەروەریت پێ بڵێتەوە.
تۆ سەرۆکی حوکمەتەکەت دەجار نەهاتۆتە سلێمانی. تا گلەی ئەوە بکەیت و ئەو مافە بەخۆت بدەی بڵێی بۆ نوێنەری مامۆستایان باوەشی بە سەرکردەیەکی عێراقی دا کردووە، ئەسڵەن ئێوە لە دێگەڵە بەمدیوا هاوڵاتیان بە فەرمانبەر و خەڵکی خۆتان نازانن، جگەلەوەش ئەوە خۆتانن بەردەوام پێیەکتان بۆ مەسڵەحەتی شەخسی لە بەغدایە، چۆن ڕووتان دێت بێن و توانج لە مامۆستایەکی بە هەڵوێستی شاری سلێمانی بدەن!
بەڵام بێگومان تۆیەک کە بە مەسینە هەڵگرتن بووبیتە وتەبێژ چاوەڕێی لەمە باشترت لێ ناکرێ! بۆیە دەست بە کڵاوکەی خۆتەوە بگرە و عێراقچێتی مەدە پاڵ کەس، چونکە ئەو حکومەتەی ئێستا جەنابت بویت بە دەمڕاست و وتەبێژی، ساڵانێکی زۆرە بێ عێراق نەیتوانیووە تەنها موچەیەکیش لە کاتی خۆیدا بداتە موچەخۆرەکانی خۆی کە کاروبار و ئەرکەکانی بۆ جێبەجێ دەکەن.
مامۆستایەکی مانگرتوو کە لەتاو زوڵم و ستەمی ئێوە دەستی لەژیانی خۆی بەرداوە و ژیانی خۆی خستۆتە مەترسیەوە و چاوەڕێی مەرگە، بە شکۆمەندیەوە داوای حەقی خۆی دەکات، نەک وەک ئێوە خەریکی ماستاو و مەرایی بێت و شەو و ڕۆژ بەڕێی بەغداوە بن لە پێناو بەدەستهێنانی چەند ملیارێکی زیاتردا، تا لە پاڵیدا داهاتی ناوخۆی ئەم خەڵکە بدزن و بانکەکانی دەرەوەی وڵات پڕ بکەن لە پارەی دزراوی میللەت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتەبێژی حکومەت دەڵێت؛ سەرکردەی لایەنەکان بۆ مزایەدە و عەرزی عەزەڵات دەچنە ناو خێوەتی مانگرتووانەوە، ئەوەی من بینیم پێش هەمووان لاهوری شێخ جەنگی چووە لای مامۆستا مانگرتووەکان دواتریش عەلی حمەساڵح.
کاکی وتەبێژ لەبیری چووە لاهور شێخ جەنگی لە هەموو کاتە سەختەکاندا لەگەڵ خەڵکی سلێمانی بووە. با ئەوەشت بیربهێنمەوە بۆ ئەوەی عێراقچێتی نەدەنە پاڵ کەس و کوردایەتیمان پێ نەفرۆشنەوە، چونکە ڕوومەت و شانی سەرکردەی عێراقی نیە شوێن ماچ و چەماندنەوەی ئێوەی پێوە نەبێت، ئەو کاتەشی "محمد شیاع سودانی" هاتە هەرێم تاکە لایەن و سەرکردەیەکی کورد ئامادەنەبوو لەگەڵی دابنیشێت لاهوری شێخ جەنگی بوو.
تۆ یان توشی زەهایمەر بوویت یان خۆت لە گێلی ڕۆژگار داوە، ئەگینا ئەو چین و توێژانەی سلێمانی کە تۆ بە عێراقیچیان دادەنێیت، نەک بۆ سەرکردە شۆڤێنیەکانی ئێستای عێراق، بەڵکو حسابیان بۆ سەرانی حیزبی بەعسی پێشوش نەکردووە.