چوار سکاڵا لەبارەی هەرێمى کوردستان تاوتوێ دەکرێن؛ پێبژاردنى هاتووچۆ رابگیرێت

سلێمان مستەفا حەسەن

4 هەفتە لەمەوپێش



سلێمان مستەفا حەسەن

ئەو ناویشانەی سەرەوە ناونیشانی راپۆرتیکی ماڵپەری روداوە کە (هەستیار قادر) ئامادەی کردوە لەسەر چوار سکاڵا کە لەخشتەی دانیشتنەکانی ماڵپەری دادگای فیدراڵی بڵاو کراوەتەوە. بڕیار وایە ڕۆژی ١١ /٢ /٢٠٢٥ دادبینیان بۆ بکرێت، ئەو چوار داوایە پەیوەندییان بە هەرێمى کوردستانەوە هەیە، ئەوانیش؛ لابردنى مەرجەکانى فرەژنى، هەڵوەشاندنەوەى وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراون  لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی و رێنماییەکانى تایبەت بە پێبژاردنى هاتووچۆ و رسوماتى مەرجى تووندوتۆڵین. تا ئێرە هەوڵەکە ئاساییە بۆ ئێمە، بەڵام کە راپۆرتەکەم خوێندەوە و بە وردی سەیری ماڵپەری دادگای باڵای فیدراڵیم کرد، لەسەر خۆ بێ کاردانەوە توشی شۆک بووم لەو پەرەگرافە کە دەڵێت: (بەگوێرەى سکاڵانامەکە کە دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە، سکاڵاکار پشتی بە سێ مادەى دەستوورى عێراق بەستووە، لەوانە: مادەى ١٠٤ کە باس لەوە دەکات دەستەیەک بە ناوى دامەزراوەى شەهیدان پێکبهێنرێت و دەستەکە بەسترابێتەوە بە ئەنجوومەنى وەزیرانەوە، لەو سکاڵایەدا داوا کراوە کە وشەى (ئەنفالکراوان) لەو دەستەیە یان وەزارەتەکەى ئێستا لابدرێت، بەو پێیەى بەگوێرەى سکاڵاکە وشەکە لە قورئاندا هاتووە و پێچەوانەى حوکمەکانى ئایینى ئیسلامە، وەک دیارە پشتی بە مادەی مادەى (٢)ی دەستور بەستوە لەو داوایەدا کە دەڵێت:

يەكەم: ئيسلام ئايينى فەرمى دەوڵەتە و سەرچاوەى سەرەكي ياسادانانە:

نابێت ياسايەك دابنرێت لەگەڵ حوكمە جێگيرەكانى ئيسلام ناتەبا بێت.

 بۆ هەموو ئەو داوایانەی بەرز کراونەتەوە بۆ بەردەم دادگا مافێکی ئاسایی هەر تاکێکە، پەنا بردن بۆ بەردەم دادگا هەم مافە و هەم نیشانەیەکی جوانی پێشکەوتنی وشیاری تاکەکانە، کە هەر یەکێکمان بە پێی دنیا بینی خۆمان و لە زاویەی جیاوە شتەکان دەبینین کاردانەومان بۆیان دەبێت، گەر لەسەر هەر چوار داواکە بوەستین دڵنیام کاردانەوەی جیاجیامان دەبێت، من لەسەر هیچ لە داواکان لاریم نییە، بەڵام ئەوەی لام ئاسایی نەبوو بەشێکی داواکاری بەرێز (خالید مستەفا حسین)ـە، کە لە خاڵی دوەمی داوای ژمارە (٢٨٦)ی اتحادیەدا بوو، بەرێزیان لەم داوایەدا داوا دەکات دادگا بڕیار بدات بە هەڵوەشاندنەوەی (وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان) کە بە پێی یاسای ژمارە (٨)ی ساڵی ٢٠٠٦ پێکهێنراوە، داوای ناوبراو ئاساییە کە لە داوەکەیدا پشتی بە ماددەی (  ١٠٤)ی دەستوری عێراق بەستووە (دەزگايەك پێكدەهێنرێت بەناوى دەزگاى شەهيد كە پەيوەستە بە ئەنجومەنى وەزيرانەوە. كارەكانى ئەو دەزگايە و بوارەكانى تايبەتمەندى بە ياسا ڕێكدەخرێت.) تائێرە ئاساییە لە بەرامبەر پێشێلکردنی دەستور پەنا بۆ دادگای فیدراڵی ببەین، هەرچەندە ڕەچاوی بڕگەی یەکەمی ماددەی (١٢١)ی دەستوری نەکردوە کە تیادا هاتوە :

يەكەم: دەسەڵاتى هەرێمەكان مافى پيادەكردنى دەسەڵاتەكانى  ياسادانان و ڕاپەڕاندن و دادوەريان هەيە بەگوێرەى ئەم دەستوورە، جگە لەو دەسەڵاتانەى كەتايبەتن بە حكومەتى فيدراڵیيەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەم مافە بە مافێکی ئاسایی دەبینم کە لەبەردەم داداگای فیدراڵی داوایەکی لەو بارە بکەیت داوا لە دادگا بکەیت لە دادبینی خۆیدا بڕیار بدات بە نادەستوری بوونی یاسای وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان و هەڵوەشاندنەوەی ئەو وەزارەتە و دروستکردنی دەستەیەکی تایبەت بە ناوی دەستەی کاروباری شەهیدان، خۆزگە داوای هاوتاکردنی ماف و ئیمتیازاتی کەس و کاری شەهیدان و ئەنفالکراونیشتان بکردبایە .

بەڵام مافی ئەوەت نییە داوای لابردنی وشەی ئەنفالکراون بکەیت:

ناوبراو لە بڕگەی دووەمی داواکەی دا داواکارە دادگا بڕیار بدات وشەی ئەنفالکراوان لابدرێت! بەڵام ناحەقیە و ئەو مافەت نییە داوای لابردنی وشەی ئەنفالکراوان بکەیت، بە بەهانەی ئەوەی ئەو وشەیە لە سورەتی قورئانی پیرۆزدا هاتوە و پێچەوانەی دەستورە، ئەوە جێگای داخە و ناحەقیە بەرامبەر بەخەبات و قوربانی ئەو گەلەی دەکەیت، تا ئێستاش رۆژانە لە بیابانی سەماوە و شارەکانی تری عێراق گۆڕی بەکۆمەڵ دەدۆزرێنەوە، هەموو ئەو ئازیزانە بەناوی هەڵمەتەکانی ئەنفالی بەدناو لە زەمەنی ڕژێمی بەعسی روخاو و سەدامی تاونباری شەر و جینۆساید ئەنجام دراون، تکایە با ڕەحمێک بە مێژوو و قوربانیانی دەستی ڕژێم بکەین، تکایە با ڕەحمێک بە خەباتی میللەتەکەمان بکەین، چۆن ڕەوایە  ڕۆژێ ڕەحمەت بۆ گۆری سەدام دەنێرن و ڕۆژێ دەڵێن گۆڕی پر نوور بێت و ڕۆژێ دەڵێن با وشەی ئەنفالکراون لاببرێت چونکە لە قورئانی پێرۆزدا هاتوە!! گەر رێگا لە کەسانی ناحاڵی نەگیرێت بەیانی پرۆسەی جینۆسایدی گەلەکەمان لە شەنگال دەخەنە پاڵ دوژمنانی ئیسلام، بۆیە بەندە لەجیاتی کەس و کاری شەهیدانی ئەنفالکراو بۆ ڕێزگرتن لە  ڕۆحی ١٨٢٠٠٠ هەزار دایک و خوشک و مناڵ و مام و براو باوک و باپیرە و مام و خاڵ و تەوای کەسانی ترمان ئەو پەیامە بڵاو دەکەمەوە، تکایە تکایە هێچ پاساوێک نییە بۆ بێرێزی بە ناڵەی شەهیدانی ئەنفالکراو، داوا لە وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان دەکەم بە ئەرکی خۆیان هەڵبستن، ئەگەر تا ئێستاش بە ئەرکی خۆیان هەڵنەستاون. بۆیە گەر من لە شوێنی کاکە هەستیار بومایە بابەتەکەم بەم ناو نیشانەوە بڵاو دەکردەوە: (چوار سکاڵا لە بارەی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکرێن: نابێت وشەی ئەنفالکراوان لابدرێت.).

بۆیە نابێت ڕێگا بدرێت جارێکی دیکە ئەنفالکراوان ئەنفالبکرێنەوە، نابێت کەس ڕێگا بەخۆی بدات و ڕێگای پێبدرێت مێژووی ستەم و زۆرداری کە بەرامبەر گەلی کورد کراوە دەستکاری بکات، بۆیە ئەو دادبینیە ناو دەنێم ئەنفالکراوان ئەنفال دەکرێنەوە .

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار