پارتی گۆڕانکارى پۆستەکانى پارێزگای نەینەواى بەدڵ نییەو ڕەتى دەکاتەوە
![](/2022/images/%DA%95%DB%95%D8%B3%D9%85/omar/%D9%A4%D9%A3%D9%A4%D9%A5.png)
21 كاتژمێر لەمەوپێش
دوای ئەوەی ڕۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە بە واژۆی عەبدولقادر دەخیل پارێزگاری نەینەوا فەرمانی دەستبەکاربوون بۆ 14 پۆستی کارگێڕی ئەو پارێزگایە دەرچوو، ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر لیستى پارتى دەڵێت ئێمە ئەو دابەشکاریە ڕەتدەکەینەوەو پارتی بەو گۆڕانکارییانە ڕازی نابێت.
مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوو، بەرەی نەینەوای موستەقبەل لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بەبێ ئامادەبوونی بەرەی نەینەوا لیئەهلیها کە پارتی تیایدا بەشدارە، دەنگیدا لەسەر گۆڕانکاری لە 21ـی پۆستی ئەو پارێزگایە، یەکێک لە پۆستەکان قایمقامی قەزای مەخموورە.
شێروان دووبەردانی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستى پارتى دیموکراتى کوردستان، لەوبارەیەوە ڕاگەیاند، ئەو بڕیارەی دراوە سیاسییە و پارتی ڕەتیدەکاتەوە و هەڵوێستی دەبێت.
ئەو وتیشى: ئێمە وەکو لیژنەی تایبەتی هەرێم و پارێزگاکان نووسراومان بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان ناردووە پێمان وتوون کە بڕیارەکە نایاساییە، شەش لەو پۆستانەی لە ئەنجوومەن دەنگیان لەسەر دراوە کێشەی یاساییان هەیە.
شێروان دووبەردانی باسی لەوەشکرد، ئەو بڕیارەی دوێنێ پارێزگاری نەینەوا داویەتی بە ناچاری بووە، چونکە بەپێی یاسای ژمارە 111ـی ساڵی 1969 هەموو بەرپرسێک لەماوەی 10 ڕۆژدا ئەگەر بڕیاری دادگا جێبەجێ نەکات ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی توند دەبێتەوە سزاکەی تا دوو ساڵ زیندانی دەبێت. بەڵام پارێزگار لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵای تۆمارکردووە و چاوەڕێی ئەنجامی دادگاین.
ئەو وتیشى:بەپێی یاسای ژمارە 21ـی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ساڵی 2008، هەموو ئەو پۆستانەی دیاریکراون بە کۆمەڵێک ڕێکار تێپەڕ دەبن، بەڵام ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا هیچ یەک لەو ڕێکارانەی جێبەجێ نەکردووە.
![place for reklam](img/rek/hawlati_city.png)
![](/2022/images/%DA%95%DB%95%D8%B3%D9%85/photo_2025-02-10_21-20-43.jpg)