پرسی ئاشتی و تورکيا!

ئايا پەکەکە هەر وا بە ئاسانی ئاشبەتاڵ دەکات؟
یەک مانگ لەمەوپێش
ئارێز عەبدوڵڵا
ئەنجام بەڕێز ئۆجالان پەيامە مێژوويەکەی خۆی گەياند، بەڵام ئايا لە وەڵامدا دەوڵەتی تورکيا چ هەنگاوێك دەنێ؟
پەيامی ئوجالان دژوار بوو، بەڵام بۆ ئاشتی بوو. ئايا دوای ئەو پەيامە دەوڵەتی تورکيا لەگەڵ کورد ئاشت دەبێتەوە؟
بەش بە حاڵی خۆم ئەوەندەی سەردەهێنم و دەبەم و رادەمێنم ناتوانم بڕوا بەوە بکەم، کە تورکيا وا بە ئاسانی دەست بەرداری ئايديۆلۆژيە سەد ساڵەکەی خۆی دەبێت!
جارێ لای ئێمە ديار نييە، كه لە پشت پەردە چی گوزەراوە، بەڵام هەرچیيەک باسکرابێ، جێی دڵنيايی نييە، چونکە بە پێی لۆژيك دەبوو ئەردۆگان پەيامی هەبوايە، نەك ئۆجالان. بە هەر حاڵ ئەو پرسە، واتە پرسی ئاشتی ، نەك هەر بۆ گەلانی تورکيا، بەڵکو بۆ هەرێمی کوردستان و رۆژاواش زۆر گرنگە و کاريگەری زۆر باشی دەبێ، بەڵام ئاشتی يەك لايەنە، يان چەکدانان لە پێناوی ئاشتی بەبێ دەست پێکردنی ديالۆگێکی راستەقينەی نێوان کورد و دەوڵەت جگە لە ئاشبەتاڵ هيچ مانايەکی دی ناگەيەنێ.
ئايا پەکەکە هەر وا بە ئاسانی ئاشبەتاڵ دەکات؟
من پێم وا نييە، چونکە چەکدانانيش لێکەوتەی کاريگەری دەبێ.
ئێستا تۆپەکە لە مەيدانی تورکيادايە، ئەگەر بەڕاستی ئەو باسەی بەلاوە گرنگە، دەبێ ئەويش چەند هەنگاوێک هەڵێنێ، نموونەی: شەڕڕاگرتن، هاوئاهەنگی لەگەڵ دەم پارتی و جوڵاندنی دۆسيەکە لەناو پەرلەمان. ئەگەر هەنگاوی لەو جۆرەش نەهاوێژێ، ئەوا ديسان پرۆسەکە بێ ئەنجام کۆتايی دێت و فاتيحاش بۆ دەوڵەت باخچەلی دەخوێندرێ، بەڵام ئەمجارە لەسەر ئاستی ناوخۆيی و نێودەوڵەتيش ئۆباڵەکەی دەکەوێتە ئەستۆی ئەردۆگان و دەوڵەت، نەك ئۆجەلان و پەکەکە.
