پەیامە مێژوویییەکەی ئۆجالان؛ (هەنگاوێک بەرەو تێپەڕاندنی مێژووە خوێناوییەکە!)

ئەم پەیامە، یاخود دەستپێکی ئەم پرۆسە مێژوویییە، ناکرێت کارێکی پەلەپڕۆزێ و بێ پاشخانێکی قووڵی هزرین و بیرکردن
یەک مانگ لەمەوپێش
پشکۆ نەجمەدین
ئۆجالان کاریزمایەکی بزووتنەوەی نەتەوەیییە لە باکووری کوردستان و دامەزرێنەری پارتی کرێکارانی کوردستان و ڕێبەری بزووتنەوەی سیاسی و چەکدارییە لەو بەشەی کوردستاندا، کە پاشی بەسەربردنی بیست و شەش ساڵ لە تەمەنی خۆی لە زیندانی ئیمرالیدا، ئێستا و لە هەلومەرج و بارودۆخێکی تەواو جیاوازی تورکیا، کوردستان، ناوچەکە و جیهاندا، بە پەیامێکی ئاشتیخوازانە، مژووڵی ڕێبەریکردنی پێشاژۆیەكە تا دەریچەیەکی دەربازبوون، لەم ململانێ خوێناوێیەی نێوان تورک و کورد واڵا بکات.
ئەم پەیامە، یاخود دەستپێکی ئەم پرۆسە مێژوویییە، ناکرێت کارێکی پەلەپڕۆزێ و بێ پاشخانێکی قووڵی هزرین و بیرکردنەوە بێت لە مێژووی ئەم ململانێ و پێکدادانە خویناوییەی کە بەرەو نزیکەی نیو سەدە هەڵدەکشێت و هێشتایش نەک هەر ئەنجامێکی کوردخوازی وە دەستەوە نەداوە، بگرە هەزاران کوڕ و کچی تێکۆشەری ئەم میللەتەی کردووەتە قوربانی و تەنیا دۆنمێک زەوینی لە خاکی باکووری کوردستان، پێ ڕزگار نەکراوە! ئۆجەلان لەوە دڵنیایە کە بزووتنەوەی چەکداری نەک هەر لە کوردستاندا، بگرە لە تەواوی دنیادا، سەد ساڵێک دەبێت، لە سۆنگەی پێشکەوتنی تەکنیک و ئامرازەکانی جەنگەوە، هیچ چانسێکی سەرکەوتنی نەماوە.
ئۆجالان، لەگەڵ زەمەندا، بووە بە سەرۆکێک کە تێهزرینێکی قووڵ و وردی لۆژیکیانەی بۆ خوێندنەوەی سیاسەت، کۆمەڵ و هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان هەیە.
پارتی کرێکارانی کوردستان، وەک ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی پێ کردووە، لە بارودۆخێکدا دروست بووە و هانای بۆ بزووتنەوەی چەکداری بردووە، کە لە تورکیادا هەناسەیەکی دیموکراتی بۆ خەبات و تێکۆشان و کاری سیاسیی کورد نەبووە. ئەم پارتییە سیاسییە، لە ماوەیەکی مێژووییدا، ڕۆڵی کاریگەری لە: ناساندنی کێشەی ڕەوای کورد لە دنیادا دیتووە. زمان و کەلتوور و ئەدەبی کوردیی لە باکووردا زیندوو کردووەتەوە و گەشەیەکی بەرچاوی پێ داوە. ڕووحی ناسیۆنالیزمی کوردیی بەرە باڵا هەڵکشاندووە و شوناسی کوردبوونی لەکن تاکی کورد خورت کردووە.
بەجێگەیاندنی ئەم کارانە، ئەرکی گرنگی مێژوویین کە "پەکەکە" وەک شانازییەک لە مێژوودا پێی دەبخشرێت، بەڵام بەردەوامبوون لەسەر خەباتی چەکداری، ئیدی جگە لە ماڵوێرانیی کورد، بە شوێنێکی دیکە ناگات.
ئەم پرۆسە سەخت و دژوارەی ئاشتی کە ئۆجەلان چەند ساڵێکە کاری بۆ دەکات، پێچەڵپێچە و کۆمەڵێک فاکتەری گرنگ لە بەئاکامگەیاندنیدا ڕۆڵ دەبینن. تورکیا و دەستەڵاتە سیاسییەکەی، هێزە ئاشتیخوازەکانی تورک و کورد و کۆمەڵی نێودەوڵەتی و دەوڵەتە زلهێزەکانی دنیا، چارەنووسی ئەم پرۆسەیە دیاری دەکەن.
هەر چۆنێک بێت، من پێم وایە هەوڵدان بۆ ئاشتی، بە هەر شوێنێکیش بگات و هەموو ئامانجەکانیشی پێ دابین نەکرێت، دیسان لە خوێنڕژانی بێهوودە چاکترە و دەشێت بە ئاوی زێر بنووسرێتەوە.
ئەم پەیامەی ئۆجالان، هەنگاوێکی پڕسەروەریی مێژووی ئێمەیە.
دەبێ ئەو حەقیقەتەش بزانین، کە وردەکارییەکانی ئەم پرۆسەیە، نە ئێمە دەیزانین و نە ئەرکی "پەیام"ەکەیشە، وردودرشتی ڕێککەوتنەکە بدرکێنێت.
