ئیسلام و خۆرئاوا

عەتا محەمەد

یەک مانگ لەمەوپێش



ئیسلام و خۆرئاوا؛ ناونیشانی زنجیرە وتارێکە نووسەر و ڕۆماننووس "عەتا محەمەد" دەینووسێت. ئەم زنجیرە وتارە خوێندنەوەیەکی شیکارییانە و ڕەخنەگرانەیە بۆ پەیوەندی ئیسلام بە کولتورەکانی دیکەی دەرەوەی دونیای ئیسلام و بەتایبەتیش بە کولتوری خۆرئاواوە. هاوکات ڕەخنەی گوتاریی توندووتیژیی دینی دەکات و مەترسییەکانی ئەو فۆڕمە لە دینداریی دەخاتەڕوو کە تێیدا باوەڕداران و بانگخوازانی ئیسلامی، بەناوی پاراستن و بەرگریکردن لە موقەدەس و پیرۆزییەکانەوە، بوون بە کانگای بەرهەمهێنانی تووندوتیژی و بێڕێزیکردن بە مرۆڤ و سڕینەوەی گوتاریی جیاوازی و فرەیی و پێکەوە ژیان.  

 

بەشی یەکەم

سەما لە خوێنی کوژراودا... کووشتنی سەلوان مۆمیکا و کردنەوەی دەرگای دۆزەخ

عەتا محەمەد

لە کاتژمێر یازدەی شەودا و لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید، دەنگی چەند گوللـەیەک دێت، کە چەندین مانگە بە هەزاران هەزار ئیماندار داوادەکات و چاوەڕوانی تەقاندنی ئەو گوللانەیە تا خوێنی سەلوان مۆمیکا بڕژێت. بەڵام پێدەچێت ئەو گوللانە جیاوازبن لەوانەی لە شەڕی باندە مافیاییەکانی ناو سوید و تەنانەت کووشتن بەناوی شەرەفەوە دەتەقێندرێن، چونکە ئەم گولـلانە بۆ ماوەیەکی زۆر دەنگدەدەنەوە و لێکەوتەکانی سنووری سوید دەبڕێت و پێدەچێت دەرگای دۆزەخ بە رووی زۆر گروپ، پەنابەر و بەتایبەت ئیسلامییەکانیشدا بکاتەوە.

 

بەسەرهاتی سەلوان مۆمیکا، چیرۆکی سانتیاگۆ نەسارمان بیردەخاتەوە لە رۆمانی (چیرۆکی مردنێکی ڕاگەیاندراو)ی گابرێل گارسیا مارکیزدا. دەستپێک و یەکەم دێڕی رۆمانەکە بەم جۆرەیە: ئەو رۆژەی سانتیاگۆ نەساری تیادا دەکوژن، ئەو کاتژمێر پێنج و نیوی بەیانی لە خەو هەستا تا چاوەڕوانی ئەو کەشتییە بێت، کە قەشەی پێ دەهات.

لە رۆمانەکەی مارکیزدا، پیدرۆ و پابلۆ ڤیکارۆی دووانە و تەمەن بیست و چوار ساڵ، بڕیار دەدەن لە تۆڵەی شەرەفیاندا سانتیاگۆ نەسار بکوژن. ئەم دەنگۆیەش بڵاودەبێتەوە و خەڵکی ناوچەکە هەموویان دەزانن ئەو رۆژە سانتیاگۆ دەکوژرێت، بەڵام تاکە کەس کە نازانێت و ئاگای لێی نییە، سانتیاگۆ خۆیەتی. هەمووان دەزانن سانتیاگۆ دەکوژرێت، بەڵام بێ دەنگی هەڵدەبژێرن و رێگری لە مردنەکەی ناکەن.

لە دوای سووتاندنی قورئانیش لەلایەن سەلوان مۆمیکاوە، هەمووان چاوەڕوانی کوشتنیان دەکرد و دەیانزانیی دەکوژرێت، بەڵام جیاواز لە بەسەرهاتی سانتیاگۆ، ئەوەی سەلوان مۆمیکا ئەگەرچی بکوژ دیارنەبوو، بەڵام دەزانرا دەکوژرێت، چونکە هەزاران هەزار ئیماندار داوای کووشتنیان دەکرد.

لەو دوو چیرۆکی مردنە زانراوەدا خاڵی لێکچوون ئەوەیە کە دوو کەس هەن و هەمووان دەزانن دەکوژرێن، بەڵام خاڵی جیاوازیان ئەوەیە، کە لە مەرگی سەلواندا خەڵکی بێ دەنگ نەبوون لەبەرامبەر کوشتنە چاوەڕوانەکەیدا، بەڵکو ئەوە ئەوان بوون داوایان لە بکوژە نادیارەکە دەکرد تا خوێنی سەلوان بڕژێت.

 

چەند تێبینییەک:

١- بۆتە بەڵگەنەویست کە قسەکردن لەسەر هەر بابەتێک پەیوەندی بە ئیسلام و ئیسلامی سیاسیی، وتە و هەڵسوکەوتی کاراکتەرە دینییەکان و چیرۆک و ئەفسانە هەڵبەستراوەکانیانەوە هەبێت، دەرگا بە ڕووی جنێوفرۆش و چەقۆکێشە ئیماندارەکاندا دەکاتەوە، چونکە ئەوان لە کلتورێکەوە نەهاتوون رێز لەبەرامبەر بگرێت، توانای گفتوگۆی هەبێت و عەقڵ تیایدا ئامادە بێت. بەڵکو ئەوان وەک گروپێکی داخراو، تەنها لەناو خۆیاندا رێز لەخۆیان دەگرن و داواش دەکەن ئەوانیتر و جیهان رێز لەخۆیان و پیرۆزییەکانیان بگرن، بەبێ ئەوەی ئەمان پێویستیان بەوە هەبێت رێز لەوانی دیکە و پیرۆزییەکانیان بگرن، چونکە دواجار هەموو ئەوانی دیکە جگە لە خۆیان، وەک کافر، جاهیل و مولحید سەیر دەکەن. کافر و مولحیدیش لە چاوی ئەماندا شایەنی نەوەک رێز نین، بەڵکو دەبێت بکوژرێن.

٢- ئەم مۆدیلە لە مرۆڤی ئیماندار، ئیماندارێکی درۆزنە و تا دەسەڵاتی نییە، باوەڕی بە مافی مرۆڤ، رێزگرتن لە یەکتر، هەڵبژاردن و پێکەوە ژیان هەیە، بەڵام هەر هێندە زانی کەمێک دەسەڵاتی هەیە، ئەگەر ئەو دەسەڵاتەش لەو ئازادییەوە بێت، کە کافرانی وڵاتانی رۆژئاوا بۆیان دەستەبەرکردووە، ئەوا بەناوی شەرع و پیرۆزییەکانییەوە خۆی دەسەپێنێت و دەیەوێت لەناو کلتورێکی دیموکراتیی وەک سویددا: حیجاب بەسەر منداڵ و حەدی مورتەد بسەپێنێت، کە کووشتنە. کچی منداڵ بە زۆر بەشوو بدات، فرەژنی بسەپێنێت و بە دزییەوە هاوسەرگیریی موتعە بکات (کە لای شیعەکان هەیە و لە سوید بە دزییەوە دەکرێت). ئیدی بەناوی شەرعی خوداوە دەبێت بە دوژمنی ئەو کۆمەڵگایەی ئازادیی ئیمان و بیروباوەڕی بۆ دەستەبەرکردووە.

٣- ئەم مۆدیلە لە ئیماندار خۆی دەگەیەنێتە وڵاتانی رۆژئاوا، بەڵام لەوە تێ ناگات، کە ئەو کۆمەڵگایانە ئازادیی بۆ ئەو و هەموو باوەڕدارێکی دیکە، بۆ سەلوان مۆمیکا و هەموو بێ باوەڕێک، رەگەزخواز، ژن و منداڵ دەستەبەر کردووە، بەڵام ئیماندارەکە پێی قبوڵ ناکرێت و تەنها ئازادیی بۆ خۆی دەوێت. دەیەوێت رێز لە پیرۆزییەکانی ئەم بگرن، بەبێ ئەوەی ئەم رێز لەوانیتر و باوەڕ و پیرۆزییەکانیان بگرێت.

٤- ئەم جۆرە لە ئیماندار، دەبڵ مۆراڵ و دووفاقە، بەوەی لەبەردەم سووتاندنی قورئان و مزگەوتەکان بەدەستی سوپای ئەردۆغان خۆیان کوێر دەکەن و بە سووکایەتیی نایبینن دژ بەخۆیان و خودا، بەڵام بۆ کەسە تاکەکان خۆپیشاندان رێک دەخەن و دەچنە سەر سەفارەتەکان و شمشێر دەردەکێشن.

لێرەدا هیچ بەرگرییەک لە کەسایەتیی سەلوان مۆمیکا ناکرێت، پێش هاتنیشی بۆ سوید، لەگەڵ حەشدی شەعبیدا کاری کردبوو. ئەوەی جێگای سەرنجە، کاری سووتاندنی قورئان و کووشتنەکەیەتی، کە هەر لە ئێستاوە کاریگەرییەکانی دەرکەوتووە و دەبینین چۆن رق و بێزاری لە تیرۆر و کەسی تیرۆرستەوە گواستراوەتەوە بۆ رق لە ئیسلام و کلتوری ئیسلامیی، کە ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە. وەک ئەوەی ئیتر ئیسلام ئەو ئاینە نەبێت، کە بتوانرێت لەگەڵیدا بژین.

 

کاتێک سەلوان هات و نمایشی سووتاندنی قورئانی کرد، کاردانەوەکان حکومەتی سویدی رووبەڕووی کێشە کردەوە و لە چەندین وڵات و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش خۆپیشاندان کرا.

حکومەتی سوید هەوڵیدا بە هەرجۆرێک بووە ئەو کێشەیە چارەسەر بکات، بەڵام ئەمە گرفتێکی بۆ درووست دەکرد لەسەر ئاستی کۆمەڵگای سویدی، چونکە ئەو کارەی سەلوان مۆمیکا کردی، لە چوارچێوەی بنەما دیموکراتییەکانی سویددا بوو، کە خۆی لە ئازادیی بیروڕا و رادەربڕیندا دەبینێتەوە و لە بنەما و یاساکانی ئەم وڵاتەدا شتێک نییە بەناوی سووکایەتی بە ئاین، کە بەتایبەت ئیسلامییەکان هەمیشە وا وێنای دەکەن، وەک ئەوەی پیلانێک هەبێت لە دژی خۆیان و پیرۆزییەکانیان. لەم وڵاتانەدا هەر کەسێک دەتوانێت رەخنە و قسە سەبارەت بە هەر ئاینێک و تەنانەت کارەکتەرە دیارەکانی ئەو ئاینە بکات، لەپێش هەموویانەوە ئاینی مەسیحیی و خودی عیساش. دیارە بۆ ئیسلامییەک قورسە لەم بنەمایە تێ بگات و هەرسی بکات.

ئەو گرفتەی حکومەتی سوید تووشی بوو، تەنها ناڕەزایەتییەکان نەبوو دژ بە سوتاندنی قورئان، بەڵکو ئەوە بوو کە رێگری لە کارەکەی سەلوان، دژ بە یاسا و بنەمای ئازادیی بیروڕای ئەو وڵاتە دەوەستێتەوە.

 

لێرەدا با نموونەیەک بهێنییەنەوە. لە شەپۆلی دووەمی پەتای کۆرۆنادا، حکومەتی سوید بیری لەوە کردەوە، کە کەرەنتینە رابگەیەنێت، بەڵام پاشان هەر خۆی روونکردنەوەیدا، کە ناتوانێت ئەو کارە بکات، چونکە لە یاسای بنەڕەتیی سویددا، حکومەت ئەو دەسەڵاتەی نییە بڕیاری وا دەربکات و خەڵک بە زۆر ناچار بکات لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە.

مەبەست لەم نمونەیە ئەوەیە، کە دیموکراتیەتی سوید لەو ساتە پڕ ترس و دڵەڕاوکێیەی پەتای کۆرۆنادا، نەیتوانی رێگا لە ئازادیی خەڵک لە چوونە دەرەوە و چوون بۆ کەنار دەریا و چێشتخانە و... بگرێت.

ئازادی رادەربڕین و بیروڕاش بنەمایەکی دیموکراتیی ئەو کۆمەڵگایەیە و پەیوەندی بەوەوە نییە ئیسلامییەک بێت و بەناوی پیرۆزییەوە، رێگریی لێ بکات، چونکە هەر ئەو بنەمایە توانیویەتی: ئازادیی کردنەوە و درووستکردنی مزگەوت و ناوەندی ئیسلامیی، بەڕێوەبردنی رێورەسمی ئاینیی ئیسلامیی، یارمەتیی دارایی ئەو ناوەندانە، کۆڕ و کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی بۆ ئەو ئیماندارانە رەخساندووە. تا ئەو رادەیەی منداڵانی مسوڵمان لە قوتابخانەکاندا حیجاب بن و خواردنیان جیابێت لەوانیتر، نەوەک گۆشتی بەرازی تیادا بێت. بەڵام دیارە ئیمانداری ئیسلامیی ئەو بنەما و رووە جوانانەی دیموکراتیی ئەو کۆمەڵگایانە نابینێت، چونکە ئەو بەناوی بەرگری لە پیرۆزییەکانی، هەموو ئازادییەکی تەنها بۆ خۆی دەوێت تا زیاتر و زیاتر هەژموونی خۆی بەسەر کۆمەڵگای کافراندا زاڵ بکات. بەناوی ئازادیی، پیرۆزی و بریندارکردنی هەستیانەوە، زیاتر خۆیان بسەپێنن و خۆیان بە ئەندامێکی ناو ئەو کۆمەڵگا دیموکراتیانە نەبینن.

ئەوەبوو دوای چەند جارێک لە نمایشی سووتاندنی قورئان، کێشەکە بۆ حکومەتی سوید گەورەتر دەبوو. بەرادەیەک لە عێراقیشەوە داوا دەکرا سەلوانیان رادەست بکرێتەوە، کە ئەوەش مانای بردنەوەی بوو بۆ کووشتن. ئاشکراکردنی رابردووی سەلوان و وێنەکانی، بەوەی حەشدی شەعبی بووە، کارتێکی دایە دەست حکومەتی سوید تا لەو رێگایەوە فشار بخەنە سەر سەلوان و بە کێشەی ئیداری (لێسەندنەوەی مافی پەنابەری) و کێشەی دارایی (بڕینی مووچە)وە سەرقاڵی بکەن تا بڕیار لە چارەنووسی بدەن. ئەو شەوەی سەلوان کوژرا، بۆ بەیانییەکەی وادەی لە دادگا هەبوو، کە دوا بڕیار لەبارەی چارەنووسیەوە بدرێت.

دواجار سەلوان لە پەخشی راستەوخۆی تیک تۆکدا کوژرا، بەڵام ئەو کووشتنە کۆتایی فیلمێک نییە، کە ئێمە بینەرین و تیاشیدا دەژین، بەڵکو لە دوای ئەو کووشتنەوە کێشەکە بەردەوام و قورستر دەبێت، چونکە کۆمەڵگا رۆژئاواییەکان، هەست بە مەترسییەک دەکەن، کە پێشتر بەو جۆرە سەیریان نەکردووە.

ئەو رووداوە بووە هۆی درووستبوونی ترس لە کۆمەڵگادا. ئەم ترسەش لەلایەک ترسە لە گیانی مرۆڤەکان و زیادبوونی ژمارەی کوژراوەکان، لەلایەکی دیکەوە ترسە لە بنەما دیموکراتییەکان، کە کەسێک لەسەر ئازادیی بیروڕا بکوژرێت. بۆ تێگەیشتن لەم خاڵە، دەبێت بەچاوی ئیسلامییەک سەیری رووداوەکە نەکەیت، چونکە ترسەکە لەوەیە کە ئەگەر بۆ هەر رەخنە و رادەربڕینێک ئاسایی بێت کەسەکە بکوژرێت، ئەوکاتە ئەو کۆمەڵگایە چی بەسەر دێت؟

سەلوان و هەر کەسێکیتر کە قورئان دەسووتێنێت، یاخود رەخنە لە ئاینەکان دەگرێت، ئازاری جەستەیی کەسی نەداوە و سوکایەتی بە کەسێکی دیاریی کراو ناکات، بەڵکو ئەو لە بەرامبەر باوەڕێکدا قسە دەکات، کە تۆ پێتوایە هەستی تۆی پێ بریندار دەبێت. ئەگەر هەستی تۆ بکرێت بە بنەما، ئەوا ئەوکاتە دەبێت بپرسین: ئەی کاتێک تۆ لە رێورەسمی ئاینییتدا مانگا دەکەیت بە قوربانیی، کە لای خەڵکێکی زۆر پیرۆزە، تۆ حساب بۆ هەستیان دەکەیت؟ کاتێک رۆژانە لە وتارەکانتدا مەسیحی و جولەکە، کە دەکرێت هاوسێت بن، بە لەعنەت دەکەیت و بە گڵاو، نەوەی مەیمون و بەرازیان دادەنێیت، حساب بۆ هەستیان دەکەیت؟ کاتێک داوای کووشتنی کافر و مورتەد دەکەیت، یاخود کاتێک کچی منداڵ بە زۆر بەشوو دەدەیت، حساب بۆ بریندارکردنی هەستی کەس دەکەیت؟

خاڵێکی گرنگ ئەوەیە کە لە بەرامبەر هەڵکشانی تاوان و هەژموونی ئیسلامییەکان لە وڵاتانی خۆرئاوا، رەگەزپەرستان و دژە پەنابەرانیش لە هەڵکشاندان و کورسیی پەرلەمانەکان دەگرن، کە لەوێوە دەتوانن یاساکان دژ بە بێگانە و پەنابەران بگۆڕن. زەرەرمەندی یەکەمیش ئیسلام و ئیسلامییەکانن، کە بە کردەوەکانیان: بە چەقۆ هێرشکردنە سەر ژن و منداڵ لە پارک و شوێنە گشتییەکان، تەقینەوە و بڵاوکردنەوەی کلتوری رق لەوانی کافر، زەوتکردنی ئازادیی منداڵ و ژن... وایان کردووە رۆح بکەنەوە بە بەری رەگەزپەرستەکاندا و ئەوانیش لە کۆمەڵگاکانیاندا ترس لە پەنابەر و بێگانە بڵاوبکەنەوە. ئەم هەڵکشانەش مەترسییەکەی لەوەدایە، کە ئەگەر پێشتر مرۆڤ وەک تاک بە تاوانبار یاخود تیرۆرست و مەترسیدار سەیرکرابێت، ئەوا لەم دۆخە نوێیەدا وەک کلتور رەت دەکرێیتەوە. تۆ وەک مسوڵمانێک دەبینرێیت، کە ناتوانێت کلتوری رۆژئاوا قبوڵ بکات و دژ بە ئازادیت.

دوای کووژرانی سەلوان، راپۆرتێک باسی لەو کۆمێنتی خۆشحاڵیانە دەکرد، کە لەلایەن مسوڵمانانەوە بۆ کوشتنەکەی نووسراون و نموونەی کۆمێنتەکانی پیشان دەدا. دیارە ئەم دیاردەیە لای ئیسلامییەکانی کوردستان و شوێنەکانیتریش هەیە و هەرگیز جنێو و خۆشحاڵیی خۆیان بۆ شتی وا نەشاردۆتەوە. لە راپۆرتەکەدا پرسیار لەسەر ئەوە بوو، کە چۆن دەکرێت بۆ کووشتنی مرۆڤێک، کە ڕای جیاواز بووە، خەڵک ئاوا خۆشحاڵیی دەرببڕێت؟ دیارە ئەمەش ئەو ترسە درووست دەکات، کە هاوڵاتیانی ئەم وڵاتانە لەگەڵ کەسانی وادا دەژین، کە بە کووشتنی مرۆڤەکان خۆشحاڵ دەبن و داوای کووشتنیان دەکەن. ئیماندار و ئیسلامییەکانیش نازانن کە ئەمە دەرگای دۆزەخە بۆ خۆیان کردۆتەوە.

 

 

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار