دەرچوون لە ژیانی باو ( چۆن بتوانین زۆرباکەی ناخمان بخەینە جووڵە؟)

ئازاد شکور
یەک مانگ لەمەوپێش
ئازاد شکور
ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە لێی وردبینەوە و شرۆڤەی بکەین، هەوڵدان و چەند لڤینێکە بۆ دەرکردن و دەربازکردنی مرۆڤ لەو ژیانە ئاسایی و نەریتییەی کە ڕێچکەی پێوە گرتووە، بێ شک ئارمانج لەم بازدانەش، خۆشویستنی ئێستا و دۆزینەوەی خود و بەسەنتەربینینی هەنوکەیە، قاودان و دوورخستنەوەی فاکتەرە نەریتی و ژینگە کۆمەڵایەتیەکانە، سەرکەوتنیشی حەتمەن بەستراوەتەوە بەهێزێکی گەورەی وەک ئیرادە و مکوڕ بوون و باوەڕبەخۆبوونەوە، ئەوەش ئەگەرێکی حەتمییە کە بەدیهاتنی ئەمە مەترسی و باجی گەورەشی دەوێت.
دەکرێت گریمانەی ئەوە بکەین و بڵێین کاریگەریەکان لەسەر مرۆڤ تەنها لەوەدا کورت ناکرێتەوە کە چەند کتێبی خوێندووەتەوە یان تا چەند ئاشنایەتی لەگەڵ میتۆد و زانستەکاندا هەیە، بەڵکو ئەوەیە کە چەند لە گەڵ ئاوەز و زەینیدا هەستەکانیشی لەکاردایە، تاکو بتوانێت لە دیاردە و ڕووداو و پرسەکان ڕابمێنێت و لێکیان بداتەوە و بەهاو ناوەڕۆک بە بەرگیاندا بکات. شتگەلێک کە ڕۆژانە بەریان دەکەوین یان سەرنجیان دەدەین واتا و مانای جیاوازیان بۆ بدۆزێنەوە، ئەگەر نا تێور و زیهنی وشک، بەتەنها ناتوانن هیچ مەفا و سەمەرێک بە ژیان ببەخش، ژبەرکو تەواوی مەعریفە و زانست و زانینەکان لە پێناوی مرۆڤدان و دەبێت بخرێنە خزمەتی مرۆڤەوە، تاوەکو ژیان لەبەردەم مرۆڤەکاندا خۆشتر و چێژبەخشتر بکەن، بە پێچەوانەوە خۆبەندکردن بە ژیانی تێز و تێوریاکانەوە هەوڵدان بۆ گونجاندنی ژیان لەگەڵ دونیای کتێبی پەتی و ئایدیا جێگیرەکان وەک جەستەیەکی بێ ڕۆح وایە، لەکاتێکدا هەمووان کۆک و تەباین لەسەر ئەوەی کە فەنابوونی ژیان ئەگەرێکی حەتمییە و ڕۆژێک دەبێت ببڕێتەوە، ئیدی کەوایە دەبێت هەمووان بێ وچان هەوڵەکانمان بەگەڕ بخەین تاوەکو زیاتر و چاکتر بۆ ئێستا بژین و لە پێناو ئەمڕۆدا بجەنگین و چێژ لە ئێستا وەربگرین و بیکەینە خزمەتی خۆمانەوە، ئەوە ڕەت بکەینەوە کە ڕابردوو زیهن و خەیاڵمان داگیر بکات و یان بیرکردنەوە لە داهاتوو ئێستامان کلۆر بکات لە کاتێکا هێشتا داهاتوو نەهاتووە، ناشزانین کەی دێت، کەوایە سەنتەر و چەق بۆ چێژبینین لە ژیان تەنها ئێستایە و ئەوکاتەیە کە تێیدا دەژین، ئەمە نابێت وا لێکبدرێتەوە کە بیرکردنەوە لە داهاتوو یان ڕابردوو بخەینە دەرەوەی بوونمان، بەڵام ناشبێت ئێستا لەیاد بکەین و بیکەین بە قوربانی بیرکردنەوە لە نەهاتووەکان و جێ هێڵراوەکان.
بۆ زیاتر تێگەیشتن لەم پرسە ڕەنگە بیرهێنانەوەی ڕۆمانی "زۆربای یۆنانی" زۆر گونجاو بێت، کە یەکێکە لە کاریگەرترین ڕۆمانەکانی سەدەی بیستەم و زۆر ئاسانتر واتای چێژبینین لە ئێستا و بۆ ئێستا دەردەخات. نووسەری ئەم ڕۆمانە نیکۆس کازانتزاکیس (١٨٨٣-١٩٥٧) لە دۆخی بەریەککەوتنی جیهان لەگەڵ شەڕ و کاولکاری و تواندنەوەی تاک لە نێو پرسە گشتییەکاندا ژیاوە، بۆیە ویستویەتی لە ڕێی ئەم ڕۆمانەوە ئەوە بیری مرۆڤ بهێنێتەوە کە بۆ خۆی بژی و چێژ لە چرکە بە چرکەی ژیانی خۆی ببینێت، ئەمە چونکە پرسێکی مرڤانەبوو، هەر زۆر بە زوویی ڕۆمانەکە و کاراکتەری زۆربای یۆنانی سنوور و جوگرافیای وڵاتەکەی تێپەڕاند و بوو بە شاکارێکی جیهانی، لە ڕۆمانێکی ناوچەییەوە گوزەری کرد و بوو بە ڕۆمانێکی جیهانی.
لەم ڕۆمانەدا کەسایەتی زۆربا کە چەق و شاکەسی ڕۆمانەکەیە، بەتەواوی دەرگا بە ڕووی خودەکان واڵا دەکات کە خۆمان بین و خۆمان خاوەندارێتی خۆمان بکەین و بەتەواوەتی ئازاد و سەربەخۆ بین و هەموو کاریگەری و فاکتەرە دەرەکیەکان لە ژێر هەر ناونیشانێکدا بێت ڕەتبکەینەوە و سنوور و تەلبەندەکان بپچڕێنین. کەسایەتی زۆربا و ئەزموونەکانی خۆی و ئەو ناڕەحەتیی و ئازار و چەرمەسەرییەی لە ژیاندا تووشی بووە، هەمووی دەکات بە کەرەستە و مامەڵەی پێوە دەکات لەگەڵ ژیاندا، چێژی لێدەبینێت و هەر کردەیەک کە ئەنجامی دەدات ڕۆح بە بەرگیدا دەکات، کەسایەتیەکەی تەواو ڕاستەقینەیە و بە دوورە لە هەر ماسک و دوو فاقییەک، کاتێک کاردەکات ڕۆحی ئاوێتەی کارەکەی دەکات، کاتێک سەنتور دەژەنێت بە ڕۆح دەیژەنێت، کاتێک دەخواتەوە ئاوێتەی ئەو جیهانە دەبێت کە لەو کاتەدا لەگەڵیدا ڕۆچووە و ئاوێتەبوونە عاریفانەکەی خۆی دەبێت، لەنێو کردەکاندا تواوەتەوە و لە ئێستادا دەژی و بۆ ئەمڕۆ کات تەرخان دەکات، پێیوایە مرۆڤ دەبێت واقیعبین بێت و ژیان وەک خۆی ببینێت و چێژی لێببینێت و وەک خۆی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، ئەوەی گرنگە زۆربا لە ئێستادا دەژییەت و ڕابردوو و داهاتوو هیچ بەها و گرنگیەکیان بۆ سەر ژیانی ئەو نییە.
لەم دەلاقەیەوە دەتوانین پەی بەوە ببەین چۆن لە باردۆخێکی وەهادا، خۆمان ڕزگار بکەین، دەتوانین ئەوەش پشتڕاست بکەینەوە کە لەناخی هەریەکەماندا زۆربایەک هەیە، زۆرمان خۆش دەوێت و حەز بەو گیانە پڕ جوڵەیەیەی دەکەین، هەمیشەش پێمان خۆشە زۆربایانە مامەڵە بکەین، بەڵام ناتوانین ببین بە ئەو چونکە شەرم دەکەین، بەهۆی بوونی کۆمەڵێک ڕێگریەوە بەردەوام ئەو حەز و زۆربایەی ناخمان خەفە دەکەین و حەز و ویستەکانمان دەشارینەوە، بێگومان نەریتە کۆمەڵایەتی و ژینگەییەکان بە هاوبەشی لەگەڵ بڕوا ئاینییەکان ناهێڵن ئەو زۆربایەی ناخمان گەشە بکات و چرۆ دەربکات و شین ببێت، هەمیشە نیوە درۆزنەکەی ناخمان وەک کۆرپەلە دەگێڕین چونکە ئازاد و سەربەست نین و کۆیلەی باوەڕەئاینی و نەریتەکانین و ترسمان لە تیرۆری کەسایەتی و جەستەییمان هەیە، دەترسین پێگە کۆمەڵایەتیەکانمان لە کیس بچێت، بۆیە زیاتر لە جۆرێک کەسایەتیمان هەیە و مرۆگەلێکی دووجەمسەرین و گوفتار و دەربڕینەکانمان پێچەوانەی ناواخن و ناوەڕۆکمانە، زۆر پاڵپشتی لە ئاکت و تێزێک دەکەین کەچی لە بناغەدا بڕوامان پێی نییە، هەموو ئەو چەمکانەی کە وشەگەلێکی پیرۆز و پڕ بایەخن لای هەمووان هەمیشە قسەی جوان لەبارەیانەوە دەڵێین کەچی لە بنەچەدا لە بەرانبەری بێ بڕواین، بۆ وێنە نازانین نیشتیمان چییە و کەچی خەڵکی لە سەر تیرۆر دەکەین، باسی ئاین دەکەین کە چی لێی حاڵی نەبووین و لێی ڕانەماوین، هەمیشە ڕیکلام و بانگەشەی بنەما مرۆیەکان دەکەین کە چی لەمرۆڤایەتی تێناگەین، نەخوێندەوارین بەڵام بە زمانی کتێب دەئاخڤین، بەهۆی بوونی ئەو هەموو ناخۆشی و نادادی و بێ ویژدانیەی لە لە هەموو پنتێکی ئەم جیهانەدا هەیە وای کردووە هەموو کردەکان بە ناتەواوی و نیوە ناچڵی ئەنجام بدەین، نیوە ڕاست و نیوە ساختەبین و نیوە تاکڕەو و نیوە ئازادیخواز بین، بۆ نموونە مامۆستایەک ئەوەی لە قوتابخانە بە فێرخوازەکانی دەڵێت پێچەوانەی ئەوە مامەڵە لەگەڵ خێزانەکەیدا دەکات، بە گشتی کەسایەتی دووفاقی بەشێکی گەورە لە ژیانی ئێمە پێک دەهێنێت. دوای ئاوڕدانەوە لە ڕۆمانەکە؛ ئەوەی گرنگە ئەوەیە وەک چۆن بارینی چەند دڵۆپە بارینێک کاریگەری شینبوونی گژوگیان هەیە ئەوا بە دڵنیاییەوە، تێگەیشتن لە کەسایەتی زۆربا دەبێت زەنگێکی ئاگادارکردنەوە بێت، دەنگێکی بەهێز و جوڵانەوەیەکی کاریگەر بێت بۆ جیهانە ساختەییەکەی نێو ناخمان و ڕاستگۆیانە مامەڵە بکەین، کاتێک دەگرین دەبێت ڕاستگۆیانە بگرین گەرچی دەوروبەریش لە پێکەنیندا بن، کاتێکیش پێدەکەنین بە ڕووح پێبکەنین و تەواوی شانە و گەردیلەکانمان بەدەربکەون، چونکە ئەم ژیانە تەنها تایبەتە بەخۆمان و تەنها خۆمان بەرپرسین لێی، خۆمان بەها بەخۆمان دەدەین کەس مافی ئەوەی نییە شوناس و بەها بە مرۆڤ بدات جگە لە خودی کەسەکە خۆی نەبێت، درککردن بەم شێوازی ژیانە لەگەڵ خۆیدا پەیامێکی گشتی و هیومانستیانەی هەڵگرتووە، ئەویش قبووڵکردنی تەواوی مرۆڤایەتی و ڕەتنەکردنەوەیەتی بەتەواوی ئاکت و میتۆدەکانیەوە، پەیامێکی ئاشتیخوازانەی پێیە بۆ تەواوی مرۆڤایەتی، لێرەوە بنەماکانی ئەویدی دۆستی و ئەرکگەرایی بە تەواوی جێگیر دەبێت، ئیدی فکری ناتوندوتیژی و ئازادی دەبنە ڕەگەزگەلێکی سەرەکی هەمووان، یەکتر قبوڵ دەکەین بە بێ ڕەچاوکردنی بۆچون و میتۆد و جیاوازییەکان.
هەموومان پێوستمان بەچەکەرەی ئەو تۆوەی ناخی خۆمان هەیە بۆ ئەوەی ڕاستگۆبین و شەرم نەکەین، ئێمە دەتوانین واقیعبینانە لە ڕێگەی ئەزموون و تاقیکردنەوەکانەوە حیکمەت و واتاکانی ژیان زیاتر درک پێبکەین، دەتوانین هەموو پارادۆکسەکانی ژیان هەزم بکەین، چونکە ژیان دەفرێکی زێڕ نیە پێشکەشی ئێمە کرابێت، دەبێت هەموو هەوڵ و کۆششەکانی خۆمان بە گەڕ بخەین و بۆ خۆمانی خۆشبکەین و خۆمانی لەگەڵ بگونجێنین و ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببینەوە لە پێناو ژیانێکی خۆشتر و چێژبەخشتڕ، چونکە مرۆڤ نە فریشتەیە و نە ئەهریمەن، کەوایە ئەوەش زۆر ئاساییە لە کاتێکدا هەم ئارام بێت و هەمیش نا ئارام، هەم کەیف خۆش بێت و دڵتەنگ، زۆریش ئاساییە ناسۆر و ناڕەحەتی و بێ ئوقرەیی ڕوومان تێبکات، چونکە ئێمە مرۆڤین، بەڵام ئەوەی لە هەمووی گرنگترە ئەوەیە شکست و ناڕەحەتیەکان نابێت کاریگەرییان هەبێت بۆ ئەوەی ساردمان بکەنەوە و دەستبەرداری ژیان ببین، ژیان بە هەموو جۆرەکانییەوە تایبەتمەندێتی و چێژی خۆی هەیە، هەمیشە دەڵێین بەڵێ بۆ ژیان، بەڵێیەکی گەورە و کاریگەر بەڕووی کۆی ژیاندا، دەبێت بەو پەڕی وزە و ئینێرژیەوە خۆشەویستی لەگەڵ ژیان بکەین و عاریفانە لەنێو یەکدا بتوێینەوە، دەکرێت لە ڕێگەی هەموو ئامراز و ڕەگەزەکانی خۆشەویستیەوە ڕووبەڕووی نا ئومێدی و ناڕەحەتیەکان ببینەوە، ئیدی ئەو کات نائومێدی و ناڕەحەتییەکان هیچ گرنگیەکیان نابێت و ناتوانن بمانوەستێنن و کاریگەری بخەنە سەرمان، ئێمە نابێت چەق بەستووبین بەڵکو دەبێت ئایدیاکانمان تێکەڵ بەو لایەنانە بکەین کە یارمەتیمان دەدات بۆ ژیانێکی باشتر و ساڕێژکردنی برینەکانمان، ڕوونە هێندێک بۆنە هەیە پێویستی بە دانایی هەیە، هەندێک کاتیش واز لە بەڕەنگاری و ململانێ دێنین و بە دۆخەکە ڕازی دەبین، ئەم ڕەتکردنەوەی پەشیمانییە تەنها بۆ ئەوەیە کە ژیانێکی شایستە بژیین و ڕابردوو زیهن و بیرکردنەوەمان سەرقاڵ نەکات و ئێستامان لە بیر نەباتەوە. ئەمەش گەورەترین چاکەکارییە کە مرۆڤ لەگەڵ خۆیدا دەیکات، وەک مەعشوقێک سەیری ڕابردوو دەکەین؛ خەم ناخۆین و کەس تاوانبار ناکەین تەنها لە پێناو ئێستایەکی گەشتر و جوانتردا دەژین. ئەمە گەورەترین خۆشەویستیە کە عاشق لە پێناو مەعشوقەکەیدا دەیکات، چونکی ژیان بێ خۆشەویستی وەکو گیانێکی بێ ڕۆحە ئێمە کاتێک کارێک دەکەین سەرکەوتن و کەوتنی پەیوەستە بەئەندازەی ئەو خۆشەویستیەوە کە بۆ کارەکەمان هەمانە، مرۆڤ کاتێک خۆشەویستی دەخاته بەرکارەکەی ئەوا ئەرکی ئەخلاقی خۆی تەواوکردووە و گەشتووەتە قۆناغی کەماڵێتی، وەک چۆن شێرکۆ بێکەس لە دەقێکدا بە چەند دێڕێک مرۆڤ و ژیان لە ڕێگەی خۆشەویستییەوە ئاوێتەی یەکتر دەکات و دەڵێت:
من هێندە نابێ زانیومە
وەختێ کە خۆشەویستی هات
وەختێ کە ئاوێتە ئەبێ
لەخۆتەوە نازانی چۆن!
زمانی دار، زمانی بەرد، زمانی ئاو
زمانی زەریاش فێر ئەبی، لە دوایشدا
باڵداریت و بۆ خۆت ئەفڕی.
