پەکەکە گیانەوەرە ئەفسانەییەکەی چینیەکانە و تا لێی بدرێت بەهێزتر دەبێت

دوێنێ نوسیم گرنگ نییە ئۆجەلان چی گۆت، گرنگە قەندیل چی دەڵێت.

4 هەفتە لەمەوپێش



ئارام ڕەفعەت

دوێنێ نوسیم گرنگ نییە ئۆجەلان چی گۆت، گرنگە قەندیل چی دەڵێت.

ئەمڕۆ قەندیل قسەی خۆی کرد. وەک هەمیشە یارەکانی دۆزی کوردی بە ئومێد کرد و نەیارەکانیشی بێ ئومێد.

ئەگەر پرۆسە یان پرۆژەکەی ئۆجەلان سەربگرێت، پەکەکە بەهێزتر و گەورەتر دەبێت. ئەو پرۆسەیەی نەیارەکانی ئەو تەڤگەرە بە ئاشبەتاڵ و قەندیلیش بە تازەبوونەوە وەسفی کرد.

تازەبوونەوە یەکێکە لەخەسڵەتەکانی ئەو تەڤگەرە. مانەوە و فراوانبوونی ئەوان پەیوەندی بەتوانای تازەبوونەوەیانەوە هەیە.

لەم رووەوە، پەکەکە رێک لە “ژانگ”، گیانەوەرە ئەفسانەییەکەی چینییەکان، دەچێت.

 لەئەفسانە چینییەکەدا، ژانگی ئەفسانەیی لەهیچ گیانەوەرێک ناچێت. لە جیهانی گیانەوەرەکاندا، بەمرۆڤیشەوە، ئەگەر گورزێکی لێبدرێت گیانەوەرەکە لاواز دەبێت، بەڵام ژانگ تا زیاتر لێی بدرێت و زەبری زیاتری بەربکەوێت بەهێزتر و گەورەتر دەبێت. رێک پەکەکەش ئاوایە، وەک ژانگی ئەفسانەییە.

نموونە زۆرن

 نموونەی یەکەم:

روخان و هەرەسهێنانی یەکێتی سۆڤییەت و بلۆکی سۆشیالیستی، لە کۆتایی هەشتاکان و سەرەتای نەوەتەکان، گەورەترین گورز بوو بەر سەرجەم رێکخراوە مارکسییەکان کەوت، بە چەپ و سۆشیالیست و کۆمۆنیستەکانەوە. پەکەکەش یەکێک لەو رێکخراوانە بوو.

بەهۆی ئەم گورزەوە، سەرجەم گروپ و رێکخراوە مارکسییەکانی دونیا، هەر لە وانەی سۆڤیەت و ئەوروپای رۆژهەڵاتەوە تا ئەفریقا و ئەمریکای لاتینی وەک گەڵای داران هەڵوەرین و زۆربەشیان لەسەر نەخشەی سیاسی سڕانەوە و نە ناویان ما و نە ناوەرۆک.

ئەی پەکەکە؟

رێک بەپێچەوانەوە، لە کۆتایی هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکان  پەکەکە بەڕادەیەک بەهێز بوو، ئۆزاڵی  سەرۆک کۆماری ئەوسای تورکەکانی ناچار بە دانوسان کرد و دواجار سەری خۆیشی لەسەر دانا.

 نموونەی دووەم:

لە ١٩٩٢ تا ١٩٩٥، تورکەکان دەستی ژیتەم و دەوڵەتی قوڵ و ژاندرمە و تیرۆریستەکانی حیزبوڵا (هوداپار)یان ئاوەڵەکرد بۆ کوشتنی سەرجەم کادیر و لایەنگرە مەدەنییەکانی پەکەکە.

لەو سێ ساڵەدا، ئەم هێزە تاریکانە پێشبڕکێیان بوو لەسەر کوشتنی کادیر و لایەنگرانی پەکەکە.

لە ماوەی  کەمتر لە سێ ساڵ زیاتر لە ١٧ هەزار کادیر و ئەندام و لایەنگری پەکەکە تیرۆرکران.

واتە بە تێکڕایی لە هەر رۆژێکدا زیاتر لە ١٧ مەدەنی پەکەکە شەهید دەکران. ئەم شەهیدانە لە ئەدەبیاتی باکور پێیان دەڵێن “فایلی مەجهول”.

تورکەکان پێیان وابوو بە قەلاچۆ و زیندانیکردنی نزیک بە سەرجەم کادیر و ئەندام و لایەنگرەکانی، پێگەی جەماوەری پەکەکەیان بەتەوای لە باکور سڕیوەتەوە و ئەم حیزبەیان ریشەکێش کردووە.

ئەی پەکەکە چۆن بەرگەی ئەم گورزەی گرت؟

ئەم جارەش پەکەکە بەهێزتر و گەورەتر بوو دوای ئەم گورزە، پەکەکە چیتر وەک رێکخراوێکی چەکداری دابڕاوی خاوەن هەژموون لە چیا و گوندەکان نەمایەوە و بووە رێکخراوێکی جەماوەری و   هەژموونی خۆی بەسەر شارەوانی و زۆرینەی رێکخراوە مەدەنیەکانی باکور سەپاند و دەرگا داخراوەکەی پەرلەمانی تورکەکانیشی بەرووی کوردا کردەوە.

نموونەی سێیەم:

گرتن و رفاندن و زیندانی کردنی ئۆجەلانە، کە گەورەترین گورز بوو لەمێژووی ئەو حیزبەدا، رۆڵی ئۆجەلان بۆ ئەندامان و لایەنگرانی حیزبەکەی لە رۆڵی سەرکردەی هیچ حیزبێکی ئەم سەردەمە ناچێت.

ئۆجەلان بۆ لایەنگرانی لەیەک کاتدا دامەزرێنەر و مونەزیر و رابەری رۆحی و سەرۆک و بڕیاردەری ئەوەڵ و ئاخیری ناو حیزبەکەی بوو، تا رادەیەک دوای گیرانی شیعاری “بێ سەرۆک ژیان نابێت”، ببووە یەکێک لە شیعارە سەرەکی و فراوانەکانی ئەو تەڤگەرە.

 بەگیرانی ئۆجەلان دۆست و دوژمن گرەویان لەسەر نەمان و کۆتایی نەک هەر پەکەکە، بەڵکو تەواوی تەڤگەری باکور دەکرد.

بەڵام پەکەکە کۆتایی هات؟

نەخێر رێک بە پێچەوانەوە، لە ماوەی ١٠ بۆ ١٥ ساڵ لە دوای ئەم گورزە ئازاربەخشە، پەکەکە هەم لەسەر ئاستی باکور و هەم چوار پارچەکە، بووە یاریزانێکی سەرەکی و تا رادەیەک بێ رکابەر.

لەسەر ئاستی باکوردا توانی بەربەستی ١٠٪ی پەرلەمان بشکێنێت و زۆربەی شارەوانییەکان کۆنترۆڵ بکات.

هەژموونی تەڤگەر لە باکور بەڕادەیەک بوو زۆر جار دەسەڵاتی تەڤگەر لە دیاربەکر و وان و باتمان و ماردین وەک دەوڵەتێک لەناو دەوڵەتدا  وێنا دەکرا و تا تورکەکانی ناچا بە خواردنەوەی ژەهری قەیوم کرد.

لەسەر ئاستی چوارپارچەکەدا، ئەزموونی رۆژاڤا خالس ئەزموونی پەکەکە و شەهیدانی ئەو حیزبەیە.

لە رۆژهەڵاتیش ئەوە پەکەکە بوو کە رۆڵی سەرەکی هەبوو لە گێڕانەوەی ناسنامەی کوردبوون بۆ کرماشانی و ئیلامی و لەک و کەلهوڕ و بەشێک لە لوڕەکان.

هەر لە رۆژهەڵات و ئێران، ئەوە شیعاری ژن ژیان ئازادی ئەو تەڤگەرە بوو کە بووە هەوێنی گەورەترین جوڵانەوەی نارەزایەتی لە تەواوی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا.

بەکورتی

لەو مێژووە بڕوانن و تێدەگەن کە چۆن پەکەکە سروشتی ژانگی ئەفسانەیی چینیەکانی هەیە و تا  زەبر و گورزی گەورەتری لێبدرێت ئەو بەهێزتر و گەورەتر دەبێت.

ئەم جارە، ئەگەر چەکدانان و خۆ هەڵوەشاندنەوە، ئەگەر رووبدات، بە گورزیش هەژمار بکرێت، ئەوا لەهەموو جارەکانی تر پەکەکە بەهێزتر دەکات.

ئەمەش لەبەر هۆکارێکی سادە. لە گورز و قۆناغەکانی رابردوو، کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدان، پەکەکە خۆی ئامادە نەکردبوو، ئێستا  بە ئامادەییەکی گەورەوە دەچێتە ناو ئەو ئەزموونەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار