پەکەکە بەس باڵی سەربازیی نییە؟

شێرکۆ کرمانج
4 هەفتە لەمەوپێش
شێرکۆ کرمانج
پە≈کە≈کە، ماوەیەکە ئەرکی مێژوویی خۆی جێبەجێ کردووە، لەوەی:
یەکەم: لە باکوور کوردی لە لێواری قەبر گێڕایەوە، ڕۆحی کوردبوون و کوردستانیبوونی لای ملیۆنان کەس زیندوو کردەوە، یان دروست کرد. ئەوە نییە ھەدەپە لە ئیستەنبۆڵ زیاتر لە ملیۆنێک دەنگی لەنێو کوردە بەتورککراوەکان ھێنا، تەنیا وەک یەک نموونە.
دووەم: ڕۆحی بەرخودان و بەرگریی لەنێو کورددا نەک ھەر لە باکوور بەڵکوو لە بەشەکانی دیکەی کوردستان و تاراوگەش برەو پێدا، ھەزاران کوردی بە تورکبووی لە کونوقوژبنەکانی ئەم دنیایە ھێنایەوە سەر سەکۆی خەبات و تێکۆشان، وەک نموونە.
سێیەم: سەدان، ئەگەر نەڵێم ھەزاران، ڕێکخراوی مەدەنی لە باکوور و تورکیا و تاراوگە بۆ زیندووکردنەوەی کولتوور و مۆسیقا و ھونەری کوردی دروست کردووە، ماڵی کورد لە زۆر شار و وڵاتی دنیا وەک نموونە.
چوارەم: دەیان حیزب و ڕێکخراوی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی لە کوردستان و دەرەوە دروست کردووە، ھەدەپە (ئەوانی پێش ھەدەپەش)، دەمپارتی، کەنەکە، پژاک، پەیەدە، ھتد، لیستەکە تەواو نابێت.
پێنجەم: دەیان دامەزراوەی ئەکادیمی و فەرھەنگی و چاپ و پەخش، کە ملیۆنان کتێب و کاسێت و بڵاوکراوەی سیاسی و فەرھەنگیان بڵاوکردۆتەوە.
ئەمانە و دەیان دەستپێشخەریی دیکە، کە ھەموویان بەسەر یەکەوە، بەتایبەتی بوونی دەمپارتی، ژینگەیەک و کەشوھەواو و دۆخێکی دروست کردووە کە بوونی باڵی عەسکەریی پە≈کە≈کە لە قەندیل لە تونێلەکاندا نەک ھەر ناپێویست دەکەن، بەڵکوو من پێموایە کە باڵە عەسکەرییەکە بیست ساڵێک دەبێت بارێکی قوورسە بەسەر بزووتنەی ڕزگاریخوازی کوردستانەوە لە تەواوی کوردستان.
ھەڵوەشاندنەوەی پە≈کە≈کە دوای دروستکردنی ئەو ھەموو ڕێکخراو و حیزب و دامەزراوە و ئەو ڕۆحییەتە لە بەرخودان و خەبات و ناسنامەگەرییە کاریگەرییەکی ئەرێنیی نەک نەرێنیی دەبێت لەسەر تەڤگەری باکوور.
