بەرێز سالح موسلیم جوانی ئێوە لەوەدایە کە لە ئێمە ناچن

2 ڕۆژ لەمەوپێش
نوسینى: کامەران مستەفا
تکایە گوێ لەخەڵکی باشور مەگرن، نە لەباشی؛ نە لە جاشی.
جوانی ئێوە لەوەدایە کە لە ئێمە ناچن... دوو ساڵ لەمەوبەر لە ئەوروپا کورد وەک میللەتە ژنکوژەکە دەناسرا، ئێستا لەسای ئێوەوە کورد وەک میلەتە ژن ئازادەکە ناسراوە.. تکایە گوێ لە ئێمە مەگرن: نە لەباشمان نە لەجاشمان.
جوانی ئێوە لەوەدایە کە لە ئێمە ناچن.. مەلاکانی ئێوە شیعرەکانی خانی و جەزیری و تەیرانیان ئەزبەرکردووە... مەلاکانی ئێمەش رق و قینەی سەید قوتب و شمشێرەکەی بن لادنیان هەڵگرتووە.. تکایە گوێ لە ئێمە مەگرن: نە لەباشمان نە لەجاشمان
جوانی ئێوە لەوەدایە کە لە ئێمە ناچن.. رۆشنبیرەکانی ئێوە لەخەمی نیشتیمان-سازی دان و رۆشنبیرەکانی ئێمەش لە خەمی گیرفان-سازیدان... تکایە گوێ لە ئێمە مەگرن؛ نە لەباشمان، نە لەجاشمان
جوانی ئێوە لەوەدایە کە لە ئێمە ناچن.. سەرکردەکانی ئێوە پێشبڕكێیانە لە گیان بازی لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا.. سەرکردەکانی ئێمەش پێشبركێیانە لە دۆلاربازی لەگەڵ داعشدا... تکایە گوێ لە ئێمە مەگرن؛ نە لەباشمان، نە لە جاشمان.
جوانی ئێوە لەوەدایە کە لە ئێمە ناچن.. ئێوە ئەگەر گەڵای داریش خواردنتان بێت (*) هەردەتوانن سەرفرازانە بەرگری لە رۆژئاوا بکەن. ئێمەش گەڵای دۆلارمان لێ ببڕێت ئاشبەتاڵ دەکەین.. تکایە گوێ لە ئێمە مەگرن؛ نە لەباشمان نە لەجاشمان..
...
تکایە گوێ لە ئێمە مەگرن... با ئێوەش وەک ئێمە دزێو و ناشیرین نەبن.. چونکە جوانی ئێوە لەوەدایە کە لە ئێمە ناچن.
...
(*) ساڵێک لەمەوبەر کاتێک دەسەڵاتدارانی پارتی خەندەقییان لە نێوان باشور و رۆژئاوا لێدەدا بۆ ئەوەی هاوکاری و خواردن لەباشورەوە نەگاتە رۆژئاوا، ساڵح موسلیم گوتی ئێمە چٶکتان بۆدانادەین ئەگەر ناچار بین گەڵای دارانیش بخۆین

