دوو حکومەت لەژێر یەک سەقفدا

چیا عەباس
2 ڕۆژ لەمەوپێش
چیا عەباس
ناو بەناو لێرە و لەوێ پارتی و یەکێتی باس لە هەوڵەکانیان بۆ دروستکردنی کابینەی نوێ دەکەن، ئەوەی شایستەی تێرامانە بە دەستەواژە گشتیەکان لێدوانەکانیان دەرازێننەوە، قەوانانەکانی زیاتر لە ٣٠ ساڵە دەچرنەوە. خۆشبەختانە هاوڵاتیان لە هەرێم فێربون کاغەزی سپی بخوێننەوە و دەرک بە نیەتە راستەقینەکانی پشت پەردەکان بکەن.
لە دوا لێدوانی سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی. مرۆڤی بەئاگا گەلێک وردەکاریەکان پشت پەردە دەخوێنێتەوە. لە زۆربەی قۆناغەکانی هەڵکشان و داشکانی کاری سیاسیدا سەعدی پیرە بەهۆکاری تێگەیشتنی لە ئەقڵیەتی سیاسی دەسەڵاتداران و ئەو ئەزمونە زۆرانەی تێیانی پەراندوە فێربوە هەوڵ بدات هاوسەنگی دۆست و نەیار رابگرێت، لەم دوا لێدوانەیدا تا رادەیەک بازی بەسەر ئەو نەریتەیدا داوە کاتێک دەڵێت: چەند بڕگەیەکی کەم بۆ رێککەوتنی پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەت ماون، بەڵام یەکێتی "گەرەنتی دەوێت".
لەبارەی چۆنیەتیی پێکهێنانی حکومەت، سەعدی پیرە ئاماژەی بەوەدا، سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی بەیەکەوە رادەسپێردرێن، "راسپاردنی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی نایاسایی نییە." هەروەها وتیشی"سەرۆکی حکومەت یان جێگری سەرۆکی حکومەت دەست لەکار بکێشێتەوە، حکومەت بە هەڵوەشاوە دادەندرێت."
سەعدی پیرە ئاماژەی بەوەشدا، لە رابردودا سەرۆکی حکومەت راوێژکاری داناوە بۆ راپەڕاندنی کاروباری وەزارەتەکان و بەبێ گەڕانەوە بۆ وەزیر. وتیشی، ئەگەر پارتی پۆستەکانی خۆی لە حکومەتی داهاتو دیاریکردبێت، ئێمە بۆ دانوستاندن بکەین. جەختیشی كردەوە، نابێت پارتی قەییوم لە پۆستی بەتاڵی یەکێتی دابنێت و وتومانە نابێت حکومەتی سێبەر هەبێت. هێمای بۆ ئەوەش كرد، سەرۆکی پەرلەمان کراوەتە دیلی دەستی جێگر و سکرتێری پەرلەمان
وتەبێژی یەکێتی بە کوردی و کورت دەڵێت: دو حکومەت لە ژێر یەک سەقفدا، ئەو باش دەزانێت پارتی پۆستی سەرۆکوەزیران وەردەگرێت و یەکێتیش جێگری، هەرکاتێک یەکێتی لە ئەدای پارتی دڵگران بێت جێگر دەست لەکار دەکێشێتەوە و کابینەی حکومەتیش هەڵدەوەشیتەوە، ئەمە ئەو گەرەنتیە بنەرەتیەیە کە یەکێتی پێداگری لێدەکات لە گەڵ هۆشداری دان بە پارتی کە ئەزمونەکانی رابورد و لە کابینەی نوێدا دوبارە نەکاتەوە.

