ماڵئاوا لە چەکەکان: ئۆجەلان لە نامەکەیدا چی گوت
.jpg)
د. سەردار عەزیز
دوێنێ
د. سەردار عەزیز
ئێرنست هەمەنگوای لە جەنگی جیهانی دووەمدا ڕۆمانێکی بە ناوی ماڵئاوا لە چەکەکان نووسی، بە جۆرێک هەتا ئەزمونی جەنگ بگوێزێتەوە بۆ خوێنەر وەک خۆی. دەڵێن هەمەنگوای دوا لاپەڕەی ڕۆمانەکەی ٤٧جار نوسیوەتەوە.
دەکرێت نامەکەی ئۆجەلان وەک دوا نامەی جەنگ، لە هەمان ڕوانگەوە ببینرێت کە لایەنی زۆر و دیدی زۆر کاریگەربوون لە داڕشتنیدا و ئەگەری زۆرە کە چەندین جار نوسرابێتەوە. لە ڕاستیدا دواکەوتنی ڕاگەیاندنی لە پانزەی مانگدا ڕەنگە هۆکارەکەی ئەوەبێت، کە پێویستی بە نوسینەوە هەبێت.
لەم بەشەی نوسینەکەمدا باس لە میتا نامەکە دەکەم. بەو مانایە باس لەو دۆخە دەکەم کە نامەکەی تیادا هاتە ئاراوە نەک ناوەڕۆکی نامەکە خۆی، کە ناوەڕۆکێکی ئاڵۆز و پڕ لە تەلیسمە.
ڕێگەیەک و ڕێچکەیەک هەن کە لە پشت نامەکەوەن. ڕێگەکە لە کۆتایی نەوەدەکان دەست پێدەکات کاتێک لە نایرۆبی ئۆجەلان دەستگیر دەکرێت و بە بەندکراوی دەهێنرێت بۆ تورکیا. لەو ساتەوە حکومەتی تورکی کەوتە بەردەم ئەو واقیعەی کە چۆن مامەڵە بکات لە گەڵ گرنگترین و کاریگەرترین کەسایەتی ناو هێزێک کە گەورەترین ئالانگاری دەوڵەتی تورکی بووە لە مێژویدا؟
یەکێک لەو ڕێگایانەی مامەڵەکردن ئەوەیە کە چۆن لە ڕێگای ئۆجەلانەوە بتوانرێت ئاراستەی پەکەکە بگۆڕدرێت. پەکەکە پێش دەستگیرکردن مەترسی بوو لە سەر بونی تورکیا وەک دەوڵەت، بەڵام ووردە ووردە لە ڕێگای گۆڕینی ئایدۆلۆژیاوە، ئەو مەترسییە کۆتایی پێهێنرا. هەبونی توانای ئۆجەلان بۆ گۆڕینی بەهای کرۆکی core value ی پەکەکە کاریگەریی گەورەی هەبوو لە سەر ئاراستەی ئەو هێزە. ئەوەی لای تورک بەڵگەنەویست بوو ئەوەبوو کە بزوتنەوەی کوردی لە ناوناچێت، بۆیە دەبێت ئاراستەی بگۆڕێت. ئەمە بۆ هەردوولا بە سود بوو. مانەوەی ئۆجەلان وەک سەنتەری پەکەکە هاوکاری ئەوەبوو کە پارتەکە توشی ترازان نەبێت، بۆ تورکیش لەوەدا بە سودبوو کە پەکەکە بوو بە هێزێکی ناوخۆیی تورکی.
ئەم پاشخانە درێژەیە کە ئەمڕۆ ئۆجەلان دەتوانێت داوای دانانی چەک بکات. کەواتە ڕێگایەکی درێژ هەیە لە خواست بۆ دەوڵەتەوە، پاشان بۆ دیموکراسی ڕادیکاڵ، پاشان بۆ ناکۆماریی بونی کۆمار، پاشان بۆ ئەنارشیزم، پاشان بۆ کۆنفیدراڵیزمی دیموکراسی، لە دوا ئەنجامدا بۆ دیموکراسیی. جێگای باسە چەمکی دیموکراسی زۆرترین ئاماژەی پێدراوە لە نامەکەدا.
ئێستا با بێینە سەر ڕێچکەکە
ماوەیەکە بە دوو شێواز دونیا دەگۆڕێت، شێوازێکیان کە هێواشە، شێوازێکی تریان بریتیە لەو ڕوداوە سیاسیانە، کە تەکانی گەورە بە چەرخی گۆڕانکارییەکە دەدەن. دووەمیان لە ژینگەی فەلسەفیدا بە ڕوداوێتی ناسراوە.
بۆ نمونە حەوتی ئۆکتۆبەر یەکێکە لەو ڕوداوە سیاسیانە کە تەکانی گەورەی بە گۆڕانکاری ناوچەکە دا. دونیای پاش ٧ی ئۆکتۆبەر تورکیای خستوەتە بەردەم ئەگەری گەورەبون و هەروەها مەترسی بچوکبونەوەوە. چونکە زۆر بە سادەیی کاتێک هەوڵدەدەی کە گەورە یان فراوان بیت و شکست دەهێنیت ئەوا ئەگەری هەیە زۆر بچوک ببیتەوە.
نەمانی ئێران وەک هێزێکی ئیقلیمی و لاوازبونی ئەمریکا لە ناوچەکە لای تورکەکان وەک دەرفەت دەبینرێت بۆ بونیان بە هێزێکی ئیقلیمی. مامەڵە لەگەڵ کورددا لە هەناوی ئەم دیدەوەیە. کورد دەتوانرێت ببێت بە هاوکاری فراوانبونی تورکیا، لە هەمانکاتدا دەتوانێت ببێت بە مەترسی ئەو پرۆژەیە.
ئەم ڕێچکەیە لە پشت دەستپێکردنی ئەم پرۆسەی ئێستایە. دیارە لە هەمانکاتدا پرسەکانی مانەوەی ئەردۆگان بە سەرۆک و گۆڕینی دەستور و لاوازکردنی ئۆپۆزسیون لە تورکیا. بۆ نمونە نامەکە تەنها ئاماژە بە دوو کەس دەدات لە ناو کایەی سیاسی تورکیدا، کە ڕونە بە کورد دەڵێت دەبێت لە گەڵ ئەم دوو کەسەدا بن.
پاشتر دێینە سەر هەڵوەشانەوەی کۆدە زۆرەکانی ناو نامەکە.
ئێوارەی ڕۆژی پێنچشەممە، لە ئوتێلworld elite"وۆڕڵد ئیلیت" لە شەقامی تەقسیم لە ناوەڕاستی ئیستەنبول، ڕوداوێکی ناوازە ڕویدا. لە هۆڵێکی ئوتێلەکەدا وێنەیەک پێشاندرا کە پێشتر لە بەندیخانەی ئیمرالی گیرابوو. ئۆجەلان بۆخۆی لە ناوەندی وێنەکەدایە کە وەها دیارە کە لاپەڕەیەک دەخوێنێتەوە. ئەم دیمەنە ئاڵۆزییەکی دروستکرد کە بۆچی ئۆجەلان نامەکەی نەخوێندەوە؟
سێ لێکدانەوە هەیە، یەکەم، وەزارەتی ناوخۆی تورکی قبوڵی نەکرد، دووەم، پەکەکە قبوڵی نەبوو. سێیەم، ئەگەری زۆرە بەو هۆکارە بوبێت کە دۆخی پیریی و ئەگەری لاوازی ئۆجەلان زاڵبێت بە سەر ناوەڕۆکی نامەکەدا.
نامەکە بە چەندین فلتەردا ڕۆشت، لەوانە فلتەری دەوڵەتی تورک و میت و حیزب و دەوڵەتی قوڵ. پاشان نامەکە پێشانی قەندیل دراوە و ئەوانیش ڕایان هەبوە، هەروەها لە باشوریش فلتەر کراوە، بە ئەگەری زۆرەوە ڕۆژئاڤاش ڕایان هەبوە.
ئەم پاشخانە پێمان دەڵێت کە نەک هەموو ڕستەیەک، بەڵکو هەموو وشەیەک لە نامەکەدا، سازشی لە سەر کراوە و لە ئەنجامدا نامەکە دید و ڕوانگەی زۆر لایەن لە خۆی دەگرێت. چونکە ئامانجی نامەکە ئەوەبوو کە کورد و پەکەکە و تورک و هێزە ئیقلیمیەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش پێی ڕازی بن.
ئەم پاشخانە ناچارمان دەکات کە دەبێت یەک بە یەک وشەکانی ناو نامەکە وەک کۆد مامەڵە بکەین. خوێندوەی ئەم کۆدانە تەنها ئەو کاتە دەبێت کە بزانرێت لایەنەکان کێن و دید و خواستەکانیان چیە و لەم پرۆسەیە چییان دەوێت.
هەوڵ دەدەم لە نوسینی داهاتودا کۆدەکان بخوێنمەوە. بارش بارش

