لە مەجلیسەکانی نەوشیروان مستەفاوە "١٨"

عەبدولڕەزاق شەریف

15 كاتژمێر لەمەوپێش



عەبدولڕەزاق شەریف

  هێشتا چلەی دەستبەکاربونم لە "میدیای گۆڕان نەچوبو،  عەلی حەمە ساڵح لەکێشەیەکی ناو پەرلەمانی کوردستاندا لەگەڵ ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی پێك هەڵپژان و لێدانی خوارد!  لەسەر ئەم ڕوداوە، کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا هەڵایەکی گەورەیان دروستکرد، لەهەمان ئانوسات تەلەفۆنێکی "مەحمود ڕەزا" ئامۆزای نەوشیروان مستەفام وەڵامدایەوە.

  ئەو چۆن ماوەیەک لەناو "ڕاگەیاندنی ی ن ک" مەسولمان بو، لەگردی زەرگەتەش وەک دەمسپی رەفتاری لەگەڵ زۆر لەمیدیاکارانی پێشودا دەکرد بۆیە راستەخۆ وتی :

+ کەمێک پێش ئێستا لەگەڵ کاک نەوشیروان سەبارەت بەو روداوەی پەرلەمان قسەمانکردوە رایسپاردوم بێمە لای ئێوە، کۆبونەوە بکەین، بەرنامەیەک بۆ شەڕی راگەیاندنی پارتی دەستپێبکەین و واو وایان لێبکەین!

 هیچ بڕوام بەقسەکەی نەهێنا، باشتر بڵێم تێگەیشتم رێکخەری گشتی یان گاڵتەی لەگەڵ کردوە یان دەیەوێت ئاستی بەرپرسیارێتی من تاقیبکاتەوە چونکە بەڵێنی پێدابوم کەرێگە نەدەم هیچ کەس دەست لەکاروباری میدیا وەربدات، گەر رێنمایی یانەخۆ پەیامێکیشی هەبێت راستەوخۆ بەخۆم بڵێت.

 مەحمود ڕەزا، گەیشتە باڵەخانەی تەلەفزیۆنەکە و بەڕێنمایی و ناوی رێکخەری گشتییەوە، بەرپرسی بەشەکانی لەژوری بەڕێوەبەر کۆکردەوە، جارێکیتر زەنگی بۆ من لێدا و وتی:

- من لەوێم و چاوەڕێی تۆم دەستپێبکەین!

 من پێم ناخۆش بو کەسێک هیچ پەیوەندی ئۆرگانی بەمیدیاکەوە نەبێت، راستەوخۆ بێت و کۆبونەوەمان بۆ رێکبخات تەنانەت ئەگەر بەراستی رێکخەریش رایسپاردبێت، نەمدەزانی چۆن چارەسەری هەلومەرجەکە بکەم. باشترین ئەوەبو پێی بڵێم:

 + من هەندێک سەرقاڵی کاری کارگێڕیم، ئێوە کۆبونەوەی خۆتان بکەن، گەر فریا کەوتم منیش دێم.

 کۆبونەوەیان تەواو کردو جارێکیتر "مەحمود رەزا" تەلەفۆنی بۆکردمەوە و وتی :

- کاکە تۆ نەهاتی، ئێمە کۆبونەوەی خۆمانکرد و راسپارەکانی کاک نەوشیروانم بەهەمویان گەیاندوە.

 هەستمکرد دڵگرانبوە، جگە لەسوپاس هیچیترم بۆ نەوترا!

 نیوەڕۆی ئەو رۆژە ستافی کاروبارەکانی تەلەفزیۆن بەحەماسەوە هاتنە لام و رێنمایی و راسپاردەکانی نەوشیروان مستەفایان لەزاری "مەحمود رەزا" وە پێ وتم، شادمانیش بون بەوەی خۆیان بۆ شەڕی راگەیاندنی پ د ک ئامادە کردوە!

 بەدێڕێک کەچاوەڕواننەکراو بو، کۆتایم بەو حەماس و شادمانیەی ئەوان هێنا کەپێم وتن:

+ دوێنێ بەرنامەکانمان چۆن بوە، ئەمڕۆش وەک دوێنێیە و هیچ گۆڕانکاری تێدا، رونادات.

 ئێوارە، بۆ زانیاری و رونکردنەوەی زیاتری ئەوەی پێشنیوەڕۆ رویدابو، سەردانی نەوشیروان مستەفام لەماڵەکەی خۆیکرد. وەک خوڵکی هەمیشەیی پرسیاری دەنگوباسی تازەیکرد و لەوەڵامدا وتم:

+ هیچی تازە نیە! تەنیا ئەو شەڕ و لێدانەی عەلی حەمە ساڵح هەبو، عەلی چۆتە بەرامبەر کامێرای هۆڵەکە و شەڕدەفرۆشێت بۆئەوەی لێیبدەن و رەسمەکان بڵاوبکاتەوە، جاران کەسێ لێدانی بخواردایە هەفتەیەک خۆی ئەشاردەوە روی ناو خەڵکی نەبو! نازانم بۆچی ئەم برادەرانەی ئێمە حەزەکەن تێهەڵدانەکانیان بڵاوبکەنەوە! ئەمڕۆ "مەحمود رەزا"ش هاتبو ئەیوت، ئەبێ قەبوڵی نەکەین و هەڵوێستی توندمان هەبێ، پێم وت قبوڵی ناکەیت چی دەکەیت؟ دەبڕۆ سێ چوار تۆپ بەسەری رەشەوە بنێ...

 لەباسی عەلی حەمە ساڵحا، بەفرسەتم زانی پێی بڵێم :

 + ئەو وێڕای ئەوەی بۆتە ئەندامی پەرلەمان داواشیکردوە بەرنامەی "زمانی ژمارەکان"  دوبارە لەتەلەفزیۆن پێشکەشبکاتەوە، من رامگرتوە ...  ڕای تۆ چیە ؟

 وتی: پاشایەک لەمەملەکەتەکەیدا، وەجاغکوێر دەبێت، بانگەواز دەکات و دەڵێت هەرکەس بێتە لام و وەڵامی دوو پرسیارم بداتەوە ئەیکەمە جێنشینی خۆم بەڵام گەر نەیزانی لەملی ئەدەم.

 پیاوێکی داماوی بێزار لەژیان بەخۆی و گوێدرێژێکەوە رویدەکەوێتە مەملەکەت و لەبێزاری ژیانی خۆیدا، بەدەم بانگەوازەکەی پاشاوە دەچێت، دەڵێت خۆ مردنیشم بەنسیب بێت لەم ژیانەم خۆشترە.

 پاشا دوای ئەوەی دڵنیای دەکاتەوە لەمەرجەکەی پرسیارەکانی ئاراستە ئەکات، یەکەم پرسیار پێی دەڵێ (ژمارەی ئەستێرەکانی ئاسمان چەندە؟) کابرا راستەوخۆ دەڵێ بەقەدەر ژمارەی موی کەرەکەی منە، پاشا فەرمو بیانژمێرە!

دوەم پرسار پێی دەڵێ (چەق و ناوەڕاستی زەوی لەکوێدایە؟) بەخێرایی دەڵێ ئەو شوێنەیە کە سمی کەرەکەم تێدا بەستۆتەوە، فەرمو پاشا بیپێوە!

 ئەو ژمارانەی عەلی وەک ژمارەکانی خاوەن گوێدرێژەکەیە نەکەس دەتوانێ بیژمێرێت و نەکەسیش بۆی دەپێورێت .

   ئەو حیکایەت و قسەکانی بەرویەکی خۆش و خەندەوە ئەکرد، منیش بەشادمانیەوە دودڵیەکانم دەڕەویەوە، پێم وت :

+ ئێمە وەک دوێنێ کاری خۆمانکردوە، هەواڵ و باسی ئەو شەڕەی پەرلەمانیشمان بڵاونەکردەوە.

  هیچیترم باسنەکرد و جێم هێشت.

ساڵی دواتر لەماڵەکەی خۆی سەرگەرمی ئاشتبونەوە و رێکەوتنی (  ی ن ك) و (ب گ ) بوو. بۆ نیەت پاکی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکان، هاوڕێ کۆنەکانی لەناو یەکێتیدا، بەسەردەکردەوە، زیاتر ئەوان سەردانیاندەکرد.

ئێوارەیەک لەماڵەکەی خۆی میوانداری "حاکم قادر و شێخ جەعفەر" دەکات. دەمودەست مەحمود رەزا وتارێک دەنوسێت و تیایدا، میوانەکانی نەوشیروان مستەفا بەگەندەڵ و تاوانبار وەسفدەکات و دەشنوسێت کەبۆ خۆپاکردنەوە و وسڵ دەرکردن دەچنە گردی زەرگەتە!

 نیوەڕۆی رۆژی دواتر، بانگیکردم و چومەلای، لاپەڕەیەکی بەدەستەوە بو، بۆی راگرتم و وتی :

- ئەم نوسینەی مەحموت خوێندۆتەوە؟

  ئەو خوڵکێکی هەبو، کە توڕە دەبو هەڵدەسا و بەپێوە قسەیدەکرد، بەتۆنی دەنگ و جوڵەی دەستیدا، زانیم چیدەڵێت، قسەی ساڵی پار و تۆپەکانی سەری رەشم بیرخستەوە، وتم:

- رەنگە وەک تۆپەکانی سەری رەش، بۆتاقیکردنەوە پێتوتبێ چەند تۆپێکیش بەیەکێتیەوە بنێت!

 وتی: نەخێر وانیە، ئێستا دەچیت رونکردنەوەیەک ئەنوسیت و بڵاوی دەکەیتەوە، بنوسە ئەم مەحموە نەگۆڕانە و نەپەیوەندی بەگۆڕانەوە هەیە و نەئامۆزای نەوشیروان مستەفایە!

 بەتوڕەبون و قسەکانیا بۆم دەرکەوت حاکم قادر دوای بڵاوبونەوەی وتارەکە بەتەلەفۆن گلەیی وگازەندەیەکی زۆری کردوە بەهۆی گۆڕان بون و ئامۆزایەتی بونیانەوە.

  لەتوڕەبونیدا، هەمیشە زوو جێمدەهێشت. ئەوجارەش وامکرد و لەناو دەرگاکەیا بوم دوبارە وتی:

 - بیرت نەچێت بنوسیت ئامۆزای نەوشیروان مستەفا نیە.

 هەر ئەو ئێوارەیە پەیامەکەی رێکخەری گشتیم بە هاوڕێکانم لە میدیا گەیاند، رونکردنەوەیەکمان بڵاوکردەوە و تیایدا نوسیمان (رەئی مەحمود رەزا هیچ گوزارشتێک لەڕای بزوتنەوەی گۆڕان ناکات).  ئەوە جاری دوهەم بو لەژیانمدا، کە بێگوێیی نەوشیروان مستەفام کرد و بەقسەم نەکرد!

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار