یان ئاشتی یان ئاشتی: لە ستایشی ئەو منداڵەی لە هیچ سەردەمێکدا ڕۆحی خۆی ڕادەستی سیستەم ناکات

بیار ڕەشید

15 كاتژمێر لەمەوپێش



بیار ڕەشید

ئەم ڕۆژانە، پەیامە چەند دێڕییەکەی ئۆجالان لە زیندانەوە، یەکێکە لەو بابەتانەی زۆرترین قسەی لەبارەوە دەکرێت. بۆ من کە بەشێک لە تێڕوانین و بیرکردنەوەی ئۆجآلان دەربارەی ژیان و خەبات دەناسم، خاڵی سەرەکیی پەیامەکەی، زامنکردنی ئاشتییە بۆ کورد و هەموو مرۆڤایەتی.

خەونی ئاشتی، یەکێکە لە خەونەکانی منداڵیی ئۆجالان، سەرەتا لە گوندەکەی خۆیەوە سەر هەڵدەدات، پاشان وەک خەمێکی گەورە بۆ پرسی کورد، لە کۆڵی دەنێت. تا ئەو کاتەشی زیندانی دەکرێت، چەندین جار وەک داوایەک ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی تورکیا و جیهانی دەکات. بەڵام نە گوێیەک هەیە بۆ بیستنی و نە ئیرادەیەک هەیە بۆ جێبەجێکردنی.

گەورەکان ناهێڵن ئێمە بۆ هەمیشە بە منداڵی و لەناو پرسیارەکانی منداڵیماندا بمێنینەوە. ئەوان هەوڵ دەدەن خێرا گەورە بین. گەورە بین واتە لە سوچێکدا دەسەڵات بگرینە دەست و دریژە بە سیستمی باوی پڕ لە شەڕ و ململانێ بدەین. لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا، هەموو پێناسەکانمان بەسەردا دەسەپێنن. گەورەمان دەکەن بەو جۆرەی خۆیان و سیستەم دەیەوێت. ئۆجالان لە تەمەنێکی کەمەوە دەرک بەمە دەکات و نایەوێت بەو جۆرە گەورە بێت. لە کۆتایشدا، زیندانی کردنەکەی، زیندانیکردنی منداڵێک بوو، کە نەیویست بە دڵی سیستەم گەورە بێت.

 ئەوانەی ئۆجالانیان خوێندووەتەوە، دەزانن کە لە زۆر شوێندا باسی منداڵیی و گوندەکەی دەکات و دەیبەستێتەوە بە پەكـ ـەکە و تێڕوانینەکانییەوە دەربارەی کۆمەڵێک پرس. یەکێک لەو پرسانە، پرسی ئاشتی کۆمەڵایەتییە. لێرەدا بە کورتی نموونەیەکی منداڵیی ئۆجآلان دەنووسمەوە "کاتێک ئۆجالان منداڵ دەبێت، لەگەڵ کوڕێکی هاوڕێی گەمە دەکات. بێئاگا لەوەی خێزانی ئەو کوڕەهاوڕێیەی لەگەڵ خێزانەکەی ئەمان، دوژمنایەتییان هەیە. وەختێک نەنکی بەمە دەزانێت، زۆر لە ئۆجالان توڕە دەبێت و تەنانەت بە بێشەرەف ناوی دەهێنێت." لێرەدا ئۆجالان دەزانێت هاوڕێیەتییەکەی هەڵە نییە. بەڵام لە خۆی دەپرسێت ئێمە بۆچی دوژمنی یەکترین؟ بۆچی ناتوانین پێکەوە یاری بکەین؟ هەموو ئەو پرسیارانەی کە بە منداڵیی لەسەر دوژمنایەتی و شەڕ هەیەتی، دوایان دەکەوێت. ئەو دەزانێت جیهانی منداڵیی، جیهانێکی پاک، سروشتی، ئاشتییانە و بێ فرتوفێڵە. بەڵام چۆن دەکرێت ئەم جیهانە بگوازێتەوە بۆ گەورەکانی خێزان، گوند، شار و دەوڵەتی دەسەڵاتدار؟

ئێمە دەبێت بپرسین؛ بۆچی ئۆجالان هەموو کات دەیەوێت منداڵیمان بیر بخاتەوە؟ ئایا منداڵی ئەوەندە بەهای هەیە، تاکو بەو جۆرە باسکردنی گرنگ بێت؟ ئۆجآلان بۆچی لە زۆر شوێندا گەورەبوونی فیزیکی خۆی ڕەت دەکاتەوە؟ ئایا دەکرێت جیهانێک لەسەر خەونی منداڵییمان بنیات بنێین؟ ئایا دەکرێت مرۆڤێک بۆ هێنانە دی خەونەکانی بەرامبەر خێزانەکەی، گوندەکەی، شارەکەی، وڵاتەکەی و لە کۆتایشدا بەرامبەر کۆی جیهان بوەستێتەوە؟ ئۆجالان بە خەبات و تێکۆشانەکەی بۆ ئازادی، ئاشتی، کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراتیک، پێی گووتین: بەڵێ دەکرێت. ئۆجالان وەک هەریەک لە ئێمە، لە منداڵییەوە، دەرک بە کۆمەڵێک کێشە دەکات. بەڵام ڕەنگە تاکە خەسڵەتی دیاری ئەو لەگەڵ ئێمە، ئەوەبێت ناهێڵێت پرسیارەکان تێیدا بمرن، کێشەکان وەلا نانێت و بە هەموو وەڵامێکیش قایل نابێت. دەتوانین بڵێین ئۆجالان ئینکارترین و یاخیترین منداڵە بەرامبەر سیستەمی شەڕخواز و دەسەڵاتداری جیهان کە زیندانیش ناتوانێت یاخیبوونەکەی ڕام بکات.

ئۆجالان دەزانێت جیهانی گەورەکان، جیهانێکە کێشەی هەیە و ژیان تێیدا شێواوە. لەخۆی دەپرسێت؛ بۆچی کاتێک مرۆڤ گەورە دەبێت، ژیان و جیهان دەشێوێنێت؟ لێرەوە دەکەوێتە کێشمەکێش لەگەڵ جیهانی گەورەکان. ئۆجالان منداڵێکە، لە هیچ سەردەم و بارودۆخێکدا واز لە خەون و پرسیارەکانی منداڵیی خۆی ناهێنێت؛ خۆراکیان دەداتێ، هێزیان بۆ کۆ دەکاتەوە، لەگەڵیان دەژی گفتووگۆیان لەسەر دەکات، لە کۆتایشدا بەشێکیان دەکاتە پرەنسیپ و بنەما بۆ دروستکردنی پەکـ ـەکـە. بۆ نموونە پرەنسیپی هەڤاڵێتی لەناو پەکـ ـەکەدا، پەیوەندی تەواوی بە هاوڕێیەتی پاکی سەردەمی منداڵییەوە هەیە کە ئۆجالان پێی وایە ئێمە کاتێک گەورە دەبین، بە چەندین هۆکار ئەو هاوڕێیەتیە ون دەکەین. لەبەرئەوە، ساڵانێک پاش دروستکردنی پەکـ ـەکەش، لە چاوپێکەوتنێکدا دەبێژێت: " من ئێستا لە تەمەنی چلوچوار ساڵیدام، بەڵام هێشتاكە بە سەرگەرمی منداڵێكی تەمەن حەوت یان دە ساڵانەوە دەژیم. ئەگەر منداڵ ناپاکی لە خەیاڵەکانی خۆی نەکات، لە گەورەییدا خراپ نابێت." ئۆجآلان لە منداڵییەوە تا ئێشتاش کە لە زینداندایە، هیچ هێز و سیستەمێک نەیتوانی خراپی بکات. چونکە بەڵێنی بەخۆی و هەڤاڵانی دا کە بۆ هەمیشە دەبێت چاک بێت و وزەی چاکبوون ببەخشێتەوە. هەر ئەوەشە وا دەکات سەدان مرۆڤی کورد و جیهان، وەک چرایەک ڕووی لێبکەن و ڕووناکی لێوەربگرن. ئەو بۆ هەمیشە وەک هەقیقەتی چاکەخوازی و ئاشتی، پرسیارێکی گەورەیە بە نێوچەوانی دەسەڵاتی سەرمایەدار و شەڕانگێزی جیهانەوە. ڕەنگە ئێستاش لە زینداندا دەربارەی منداڵی لێی بپرسن، دیسان بڵێ منداڵێکی حەفتاوشەش ساڵم و دژی شەڕ و شێواندنی ژیانم!

ئۆجالان مرۆڤێکە، منداڵیی خۆی ڕادەستی سیستمی دەسەڵاتدار و شەڕخوازانی جیهان نەکرد و نایکات. ئەو زۆر باش لەوە تێگەیشتبوو ئەو سیستمە چۆن مرۆڤ کرمۆڵ و بۆگەن دەکات. ئۆجالان پەکـ ـەکەی وەک جیهانێکی منداڵانە خولقاند. جیهانێک نە گەورەکان و نە دەسەڵاتدارەکان لێی تێنەگەیشتن. چونکە ئەوان ئیدی گەورە بووبوون و منداڵییان دۆڕاندبوو. ئۆجآلان بە دامەزراندنی پەکـ ـەکە، هەموو ئەو منداڵانەی لە خۆی کۆکردەوە کە نایانویست منداڵییان لەدەست بدەن. کۆمەڵگایەکی بێ سەرۆک و بێدەسەڵاتی ئافراند. ئەو پێی گوتین هاوڕێیەتی منداڵان، ئەگەر گەورەکان نەیشێوێنن، بەرژەوەندی، پاوانخوازی و دەسەڵاتداری تێدا نییە. پەکـ ـەکەشی کرد بە شوێنی کۆبوونەوەی ئەو منداڵانەی لە گەورەبوون و سیستەمی هەرەمی دەسەڵاتداری هەڵهاتن، تاکو لە ناو سیستەمی ئاسۆیی هەڤاڵێتیدا بۆ هەمیشە بە منداڵی بمێننەوە.

ئۆجالان منداڵێک بوو، هەر لە منداڵییەوە باوەڕی وا بووە، ئەوەی هەیە دەکرێت بەسەر هەموواندا دابەش بکرێت. لەبەرئەوە هەرچییەک بەدەستی هێناوە، بەسەر منداڵانی هاوڕێیدا بەشی کردووە. جگە لەوە منداڵێکی شەڕانی نەبووە و لایەنگری شەڕیش نەبووە. تەنانەت لە چەند شوێنێکدا دایکی هانی دەدات تۆڵەی خۆی لە منداڵان بکاتەوە! کاتێکیش گەورە دەبێت، تۆڵەسێنێکی بەهێزی لێ دەردەچێت، بەڵام بەو جۆرە نا کە دایکی دەیویست، بەڵکو تۆڵە لەو سسیستەمە دەکاتەوە کە هەمیشە شەڕی دەوێت و دایکیشی لەسەر پەروەردە کراوە. ئەو دەزانێت بەردەوام شەڕەکان دەسەپێنرێن، شەڕە سەپێنراوەکانیش بەردەوام ژیان و ئاشتی لەناو دەبەن. لەبەرئەوە دەبێتە بەرگریکاری سەرسەختی ئاشتی بۆ گەلی کورد و جیهان. لەگەڵ ئەوەشدا بە هەزاران دێڕ، کۆی ڕیشەکانی شەڕ و دەسەڵاتداریی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا شی دەکاتەوە. ئۆجالان دەزانێت دۆخی ئاشتی تەنیا دۆخێکە هەمووان تێیدا بە ئارامی دەژین. ئەو هۆشیارە بەوەی بۆچی داوای برایەتی گەلان دەکات و باوەڕیشی بەوە هەیە ئەو برایەتییە مەحاڵ نییە. کەم کەس هەیە ئەوەندەی ئۆجآلان ئازاری بۆ لە دەستدانی هاوڕێکانی چەشتبێت. دەگمەنن ئەوانەی وەک ئەو هەڵگری ئەو هەموو ئازارە بن، بەڵام هەرگیز کۆڵ نەدەن. دەگمەنیشن ئەوانەی وەک ئەو ناپاکی لە بەڵێنەکانی هاوڕێیەتی ناکەن. جگە لە مێژووی تیکۆشەرانی ئازادی و ئاشتی، لە ئەفسانەکانیشدا چەند کەس دەدۆزنەوە ئەوەندەی ئۆجآلان بەهێز بووبێت بۆ ئەو دڕندەی و بێڕەوشتییەی بەرامبەری کراوە. کێ هەیە ئەوەندە ستەمی لێکرابێت و هێشتا بەو ڕادەیە ئاشتیخواز بێت!

سیستمی دەسەڵاتداری جیهان، کە پەروەردە و بیرکردنەوەی جیهان بەڕێوە دەبات، بە هەزاران ڕێگا، سەدان ساڵە نایەوێت ئاشتی بەرقەرار بێت. لە تێڕوانینی باوی ئەواندا، ئاشتی و پێکەوەژیانی مرۆڤایەتی دۆخێکی مەحاڵە، چونکە پێیان وایە مرۆڤەکان سەر بە نەتەوە، ڕەنگ و ئایینی جیاوازن و ئەم جیاوازییەش بەردەوام شەڕی لێدەکەوێتەوە. بەڵام ئۆجآلان بەرامبەر ئەم سیستمە وەستا و بە دەنگی بەرز پێی گووتن ئێوە ڕێگا نادەن، ئەگەرنا ئاشتی مەحاڵ نییە. ئەو باوەڕی تەواوی بەوە هەبووە و هەیە کە هیچکام لە جیاوازییەکانی مرۆڤ هۆکاری شەڕ و ململانێ نین، وەک چۆن لەگەڵ منداڵی دوژمنەکەیاندا بوو بە هاوڕێیەکی گیانی بەگیانی، دەکرێت مرۆڤایەتیش لەسەر بنەمای هاوڕێیەتی بە جیاوازییەکانییەوە بژی. پەکـ ـکەکەی وەک نموونە نیشانی جیهان دا. وەلێ پیاوانی سیستەم، وەک گەلەکۆمەی منداڵیی لێی کۆبوونەوە و زیندانییان کرد. بیستوشەش ساڵ بە دڕندانەترین شێوە بەرەوڕووی بوونەوە. ئەو هەر بەپێوە بوو، کۆڵی نەدا، منداڵیی و تووڕەیی خۆی لەبیر نەکرد، لە کۆتا وێنەشیدا بە ڕوانینێکی تیژەوە، دووبارە و سەد بارەی کردەوە: یان ئاشتی یان ئاشتی.

دەتوانین بڵێین لە سەرەتاوە تا ئێستا، خەبات و چەک و شەڕی پەکـ ـەکە لە پێناو ئاشتیدا بووە بۆ کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت، پاشان بۆ جیهان بە گشتی. پەکـ ـەکە وەک تاکە هێزێکی ڕاستەقینە کە خاوەنی پارادایمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکە، چەندین ساڵە دژی شەڕە و بۆ بەدیهێنانی ئاشتی، جەنگاوە! واتە چەکی شانی گەریلاکان لەپێناو ئاشتیدایە. ڕەنگە ئەمە سەیر بێت کە دەڵێین شەڕکردن لە پێناو ئاشتیدا. ئێ کاتێکیش بە ڕاستی ئاشتی بەرقەرار بێت و مەرجەکانی ئۆجالانیش بۆ ئەو پرسە جێبەجێ بکرێن، ئەرکی چەک چییە جگە لە دانان و بێدەنگکردنی؟ ئەو ترسەشی بۆ هەڵوەشاندنەوە دروست بووە، لە نەناسینی ئۆجآلان و پەکـ ـەکەوە سەرچاوە دەگرێت. چونکە هەم ئۆجالان و هەم پەکــەکە زیاتر لە چل ساڵە لەناو خۆهەڵوەشاندنەوەی بەردەوامدان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار