گۆشەیەکی دیکە لە پەیامەکەی ئۆجالان!

ڕزگار شەوکەت

14 كاتژمێر لەمەوپێش



ڕزگار شەوکەت

ئۆجالان قەقنەسی ناو ئاگر و چڕەدوکەڵی جەنگە و دەزانێت کاتێک گۆمەڵگا سەرپێ دەخرێت، ڕێک دەخرێت و ئامادە دەکرێت بۆ جەنگ، هەموو وزە و توانای کۆمەڵگا لە یەک خاڵدا کۆ دەبێتەوە، کە ئامادەییە بۆ جەنگ، کۆمەڵگای ڕۆژئاوا و باکوری کوردستان بەهۆکاری لە لایەک دڕەندەیی دەوڵەتی تورک و لە لاکەی دیکەشەوە، کار و هەوڵی بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی کورد لەو دوو بەشە، لە مێژە لە دۆخی جەنگدان و بەشی هەرە زۆری تونا و هێزی کۆمەڵگاش لەو پێناوەدا خەرج دەکرێت.

لە ئێستادا خەریکە دەرفەتێک دەڕەخسێت بۆ ئەوەی ئەو جۆشدانەی ئەو دوو کۆمەڵگایە کە بۆ جەنگ کراوە ڕووگەکەی بگۆڕدرێت، ئەو وزە زەبەلاحەی کە بۆ دۆخی جەنگ تەیار کراوە، بخرێتە خزمەت بوونیادنانی کۆمەڵگا، ئاپۆ بە بلیمەتی خۆی دەزانێت ئێستا کاتی ئەوەیە، وزەی جۆشخواردووی کۆمەڵگا چیتر لە جەنگدا خەرج نەکرێت، بگۆڕدرێت بۆ ئاوەدانکردنەوە و خولقاندنی ژیانی ئازاد.

لەم ڕوانگەیەوە دەبێت بزانین، پەکەکە کۆمەڵگا نییە، بەڵکو ماشێنی جەنگیی کۆمەڵگای کوردییە دژ بە فاشیزم، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە پەکەکە وەک کونە ڕەشەکان تەواوی وزەی کۆمەڵگای کوردی مژیوە و لە شەڕدا بەکاری دەهێنت، پەکەکە هەڵوەشێتەوە تەواوی ئەو وزەیە دەڕژێتەوە ناو کۆمەڵگای کوردی، ئەمەیە نیازی پیری کوردان.

بە مەبەستی ڕێگا خۆشکردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و چیتر بەفیڕۆنەچوونی وزەی کۆمەڵگا لە شەڕدا، لە بەشێک لە پەیامەکەیدا ئاپۆ ئاماژەی بۆ پێکەوەیی و هاریکاری هەزار ساڵەی کورد و تورک کردووە، ئەمە یانی چی؟ یانی ئەوەی ئەم دوو گەلە بوون و مێژووییان بە شێوەیەک تێک ئاڵاوە جیاکردنەوەیان نەکردەنییە.

بەڵام ئۆجالان دەزانێت ئێستا کۆمەڵگای تورکی نەخۆشە بە دەردی ڕەگەز پەرستی، هەر بۆیە وەک نەخۆش مامەڵە لەگەڵ تورک دەکات، ئەم نەخۆشە بیانو دەگرێت، وڕک دەگرێت، ترساوە، تۆقیوە و بەلەسە بووە، بۆیە دەبێت ئارام بکرێتەوە.

پرسیارەکە ئەوەیە بەچی ئارام بکرێتەوە؟ بەوەی لە ترسێکی وجودی ڕزگار بکرێت کە ترسە لە کورد! بەو شێویەش ئۆجالان نایەوێت تەنها کورد ڕزگار بکات، دەیەوێت تورکیش ڕزگار بکات!

دەشزانێت کۆمەڵگای کوردی چیتر لەوە دەرچووە قابیلی سڕینەوە بێت، سەرپێ خراوە و بونیاد نراوە، یانی ئیتر ئەمە سەرەتای دامەزرانی کۆماری تورکیا نییە کە کۆمەڵگای کوردی هەمووی چەند سەرۆک خێڵ و کۆمەڵێک چەکداری خێڵەکی بێت و کەمال ئەتاتورک فریویان بدات، شەڕی داگیرکەریان پێ بکات و دوای دەرکردنی داگیرکەر پەراوێزیان بخات و بەدەستی بەتاڵ لە گۆڕەپانی سیاسی تورکیا توڕیانداتە دەرەوە. ئێستا کۆمەڵگای کوردی لە باکور لە کۆمەڵگای تورکی سیاسی تر و ڕێکخراو ترە.

ئەگەر تورک لەو ترسە وجودییە ڕزگار بکرێت، میزانی ڕەگەز پەرستی دێتە خوار، ئەم جارە ئۆجالان دەزانێت تورک پێویستی بە کوردە بە هانایەوە بچێت و لەم گێژاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە ڕزگاری بکات، ئۆجالان بەم کارە دەیەوێت تورک ئارام بکاتەوە کە کورد مەترسی وجودی نییە بۆ تورک، بەڵکو فریادڕەسە، ئەوەش دەزانێت دوای نەجاتی تورک، جارێکی دیکە تورک ناتوانێت کورد بسڕێتەوە، چوون کورد لە چەرخەی سڕینەوە دەرچووە، ئێستا کورد تەنها شتێک کە پێویستییەتی دەرهێنانی شێرپەنجەی ڕەگەز پەرستی تورکە.

ئەوەش بە ئۆجالان دەکرێت و بەو شێوەیەش ئاپۆ نایەوێت شانی خۆی و کوردیش لە بەرپرسیارەتی ڕەها کات و بڵێ ڕەگەزپەرستی تورک پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، چون ئەو دەزانێت هیچ دوانەیەک نییە لە دونیادا پەیوەندی هەمەلایەنیان بەیەکەوە نەبێت، هەر وەک هیچ دوانەیەکیش نییە کە بە دەستکاری یەکێکیان ئەوی تریان وەک خۆی بمێنێتەوە! لێرەشدا دوانەی تورک و کورد، یان دوانەی کورد و تورکی ڕەگەز پەرست کاریگەریان لەسەر یەکتر هەیە، لە سەد ساڵی ڕابردوودا تورک کە کوردی کرد بە کۆیلە دۆخی باش نەبوو، بەڵکو دەردی گرانتر بوو، ڕەگەز پەرستتر بوو، ئێستا کە کورد هەستاوەتەوە، لە کۆیلەیی خۆی ڕزگار کردووە، ئەم هەستانەوە و گۆڕانەی کورد دەکرێت کار بکاتە سەر لایەنەکەی دیکەی دوانەکە کە تورکی ڕەگەز پەرستە.

ئۆجالان بە پەیامەکەی کە زیاتر ڕوو لە تورکە دەیەوێت بڵێ ئێستا ئیتر کورد کۆیلە نەماوە و مەترسیش نییە، ئەی تورک وەرە با پێکەوە لەو چەرخە مەلعونە بچینە دەرەوە! دەیەوێت بڵێت کورد کە ملکەچ و کۆیلە بوو، تۆ پێت لە ناو نەبرا و شیفای نەخۆشی ڕەگەز پەرستیشی نەدایت، بەڵکو زیاتر پێی نەخۆش کەوتیت، بەو شێوەیەش پەیامەکەی ئۆجالان هەر تەنها کێشانی چەکوشێک نییە بەسەری کورد و پەکەکەدا، بەڵکو زللەیەکە لە بناگوێی تورکیش.

هەر وەک ئەوە ڕوونە کە لە دوانەی ژن و پیاودا، ژن بوونێکی ستەملێکراوە، بۆ چارەسەری ئەو پرسە، هەر ئەوە بەس نییە سەرنج لەسەر مافەکانی ژن چڕ بکرێتەوە، بەڵکو دەبێت دەستکاری سەرەکەی دیکەی دوانەکەش بکرێت، بۆ ڕزگارکردنی ژن دەبێت پیاو بگۆڕێت، کووشتنی پیاوێتی!

لە دوانەی تورک و کوردیشدا، هەرکات تورک ڕزگار کرا لە نەخۆشی ڕەگەز پەرستی ئیتر ئەمە نەخشە ڕێگای چارەسەری پرسی کورد و تورکە بەیەکەوە.

هەر سەبارەت بە هەڵوێستی ئۆجالان لەسەر دەوڵەت بەگشتی و دەوڵەتی تورکیش بە تایبەتی، بە ڕووکەش وا دەردەکەوێت ئۆجالانی دوای قۆناغی ئیمرالی زیاتر ئانارشیستە! واتا دژە دەوڵەتە و دەیەوێت کۆتایی بە دەوڵەت بهێنێت، بەڵام لە ڕاستیدا پێچەوانەی ئەمە ڕاستە! ئۆجالانی پێش ئەو قۆناغە دەیویست دەستوبرد کۆتایی بە دەوڵەتی تورک بهێنێت، بەڵام دوای قۆناغی ئیمرالی و ناسینی قووڵتری دەوڵەت دەستبەرداری ئەو خەونە بوو، با بە نموونەیەک ڕوونی بکەینەوە.

ئاڵتۆسێر کاتێک باسی جیاوازی نێوان ئانارشیستەکان و مارکسیستەکان دەکات لە هەڵوێستیاندا سەبارەت بە دەوڵەت، نموونەی گرێی گۆردیۆن دەهێنێتەوە، گرێی گۆردیون ئەو گرێ کوێرە ئەفسانەییە بوو لە ئەفسانەی یونانیدا بە شێوەیەک ڕەمزی ئاڵۆزی و سەختییە، بە پێی ئەفسانەکە هەرکەس توانیبای گرێ کوێرەکە بکاتەوە دەیتوانی جیهان داگیر بکات! ئەسکەندەری مەقدۆنی وەختێک بەم مەسەلە دەزانێت بەختی خۆی تاقی دەکاتەوە، بەڵام کاتێک بۆی دەردەکەوێت گرێکە لەوە پێچدار تر و ئاڵۆزترە بکرێتەوە، هەر بۆیە شمشێرێکی لێدەدات و گرێکە دەبڕێت.

بەو پێیەش بە پێی ئاڵتۆسێر چەپ دەیەوێت گرێ کوێرەی دەوڵەت بکاتەوە، واتا لە پرۆسەیەکی درێژی خەبات و ڕێکخستنی کۆمەڵگا و دیالێکتیکی مێژوویی و کۆمەڵایەتیدا، هەروەها چەسپاندنی دادپەروەری و داڕێژانەوەی بونیادی ئابووری و یاسیایی بۆ کۆمەڵگا بکات، بەشێوەیەک سەرچاوە ئابووری و چێنایەتییەکانی دەوڵەت وشک بکات، ئەمەش واتا کردنەوەی گرێ کوێرەی دەوڵەت.

بەڵام ئانارشیزم دەیەوێت دەوڵەت بڕوخێنێت، لە بری ئەوەی گرێکە بکاتەوە دەیقرتێنێت، کۆمۆنیزم گرێکە دەکاتەوە، ئانارشیزم دەیبڕێت، کۆمۆنیزم پرۆسەیەکی مێژوویی پلەپلەیە، ئانارشیزم جۆرێک سەرکێشی و کۆتایی پێهێنانی کتوپڕە. جیاوازییەکە جیاوازی هەڵوەشندنەوە و ڕووخاندنە، کۆمۆنیزم دەوڵەت هەڵدەوشێنێت، ئانارشیزم دەیڕووخێنێت.

ئۆجالانیش قۆناغی دامەزرانی پەکەکە دەیویست دەوڵەتی تورکیا بڕووخێنێت، ئەمەش بە پێچەوانەی ڕووکەشەکەیەوە کە چەپانە و مارکسیانە دەردەکەوت ئانارشیستیانە بوو، بەڵام ئۆجالانی دوای ئیمرالی نایەوێت دەوڵەت بڕوخێنێت، دەیەوێت هەڵیوەشێنێت، ئەویش پرۆسەیەکی دوور و درێژ و پلەپلەیە، یەکەمجار دەیەوێت کۆمەڵگا بە ئاستێک لە خۆ ڕێکخستن بگەیەنێت کە کەمترین پێویستی بە دەوڵەت هەبێت، دواتریش لە پرۆسەیەکی مێژووییدا دەوڵەتی تورکیا لە دەوڵەت نەتەوەوە بگۆڕێت بە کۆمار! کۆمار مەرج نییە هی تاکە نەتەوەیەک بێت، بەڵکو دەکرێت هی هەموان بێت.

دواتریش وەک لە کتێبی نەخشە ڕێگادا باسی کردووە بونیاد و پایە سیاسی و یاسایییەکانی دەوڵەت هەرچی زیاتر دیموکراتیزە بکات، بۆ ئەوەی دووری بخاتەوە لە دەوڵەت نەتەوە و مەیل و کەڵکەڵەی وەک یەک لێکردنی کۆمەڵگا و تواندنەوەی نەتەوەکان لە نەتەوەی سەردەستدا کە توورکە، ئیتر ئەمە ڕووخاندن نییە، بەڵکو وەک خۆرکە و ڤایرۆس دەداتە جەستەی دەوڵەت، لە ناوەوە کرمێ و لاوازی دەکات، یان بڵێین ژێرپێ چۆڵ دەکات و ئەو مافانەی کۆمەڵگای لێوەردەگرێتەوە کە داگیری کردووە.

بەم شێوەیە لە بیری ئاپۆدا دەوڵەت ڕەد ناکرێتەوە، بۆ ئەوەی نەکەویتە سەنگەرەوە لە گەڵیدا، چون بەوە دەوڵەت بەهێز دەبێت، بەڵکو هەوڵ دەدات ڕۆڵی دەوڵەت کەم کاتەوە، ئەویش بە بەهێزکردنی کۆمەڵگا و دامەزرانی دام و دەزگای کۆمەڵایەتی فرەچەشن و هەمەلایەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار