نانمان ناوێ ئازادی و کەرامەتمان دەوێ
جووتیار ڕەشید
4 هەفتە لەمەوپێش
جووتیار ڕەشید
هەتا ماوم بیرم ناچێ لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابوردوو، ماڵمان لە گوندی مەرگە بوو، ڕۆژێکی هاوین بەیانی زوو کە لە ماڵ دەرچوم بۆ توتنئاودان، پێش ئەوەی لە ماڵ دەرچم لە دایکمم پرسی، دایکە بۆ نیوەڕۆ چیمان هەیە؟
گوتی کوڕم باوکت دوو مریشکی هێناوە بۆ نیوەڕۆ مریشک و برنجمان هەیە، ئەوسا تازە ئەم مریشکی دەواجنە هاتبووە لادێکان، زۆر بەلامانەوە ناسک و خۆش بوو.
هەر کە ماندوو دەبووم لە توتنئاودان خەیاڵی ڕانە مریشک هێزی پێدەدامەوە.
کارەکەم درێژەی کێشا، کەمێک دواکەوتم لە کاتی نان خواردن.
کاتێ دایکم سینی نان خواردنی خستە بەردەمم برنج و شلەی تەماتەی سادە بوو؟!
تومەز پۆلێ پێشمەرگە نیوەڕۆ هەموو گۆشتەکەیان خواردبوو؟!
جەنابی بارزانی؛
کاتێ ئێوە بێ ماڵ و بێ نان بون، ئێمە خاوەن هەموو شتێک بوین، ماڵ و بەتانی و مزگەوت و قوتی خۆمان لەگەڵ بەشکردن.
ئەوە هەر باسی ماڵکاولی، زیندانی، ڕاوەدونان، ڕاگواستن، ژیانی ئۆردوگا زۆرەملێکان، کەمئەندامبوون و خوێن و ڕۆحی کوڕ و کچە شەهید و کەمئەندامەکان ناکەم، لەبەر ئەوەی بابەت بابەتی نانە؟!
لەسەردەمی دیکتاتۆری گۆڕبەگۆڕدا لە هیچمان کەم نەبوو جگە لە ئازادی و کەرامەت.
باشترین خوێندن
باشترین مارکە جیهانییەکانی پێداویستی ڕۆژانە.
پێداویستی کشتوکاڵی لە باشترین مارکەکانی جیهان
خوێندن بەخۆڕایی
تەندروستی بەخۆڕایی
وەرزش و مۆسیقا و پێداویستیەکانی بەخۆڕایی
نەوت و سوتەمەنی بە نرخی نزیک خۆڕایی؟!
چی ترت بۆ بژمێرم؟
ئەوێ ڕۆژێ نەتانهێشت بەشە مریشکەکەم بخۆم، ئێستاش لە دوای زیاتر لە پەنجا ساڵ دوای ئەوەی لەسەرەتای نەوەدەکان بە ڕەنجی باوکێکی زەحمەتکێشی لادێی بوومە ئەندازیار. لە هیچ فەرمانگەیەکی دەسەڵاتەکەی ئێوە موچەخۆر نیم، نەک هەر ئەوەندە پێش هاتنی داعش دەیان هەلی کارم بۆ خەڵک ڕەخساندبوو لە پڕۆژەکانم.
بەڵام
زیاتر لە 11ساڵە لە بانکەکەی دەسەڵاتەکەی ئێوە لە دەرەوەی یاسا دەستتان بەسەر پارەکانماندا گرتووە و ناماندەنەوە، هەر ئەوەندەش نا، بێ کار و پڕۆژەتان کردوین لەپای سیاسەتی ئابوری نا لۆژیکیی دەسەڵاتەکەتانەوە.
ئێمە نانمان ناوێ
ئازادی و کەرامەتمان دەوێ
نانمان بۆ فڕێمەدەن
تەنها یەک جار لێگەڕێن هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد ئەنجامبدرێ لەم هەرێمە، بۆ ئەوەی ئێمەش هاوشێوەی گەلانی دونیا هەست بە کەرامەت و نرخی دەنگەکانمان بکەین.
