مەسیح و ئاپۆ و تورکیای ئاشتیخواز!

ڕزگار حەمە ڕەشید

4 هەفتە لەمەوپێش



ڕزگار حەمە ڕەشید

ئەم نوسینە کورتە، هەوڵێکی سادەیە بۆ خوێندنەوەیەکی بەراوردکاری نێوان وێنەی فۆتۆگرافی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و وەفدەکەی دەم پارتی کە لە زیندانی ئیمراڵی گیراوە، لەگەڵ تابلۆی “دوا ئێوارەخوان" ی هونەرمەندی ئیتاڵی لیۆناردۆ داڤینشی کە لە ساڵی ١٤٩٠ دا کێشاویەتی.

 

١

ڕوداوەکان پەیوەندییان بە ژیانی مرۆڤەکانەوە هەیە، بۆیە ناچارن هەوڵی شیکار و خوێندنەوەی کۆدەکانی ناو ڕوداوەکان بدەن، هەر کەس بەپێی دۆخەکانی ژیانی تایبەتی خۆی.

هەموو کەس ئازادە ڕا و بۆچوونەکانی خۆی لەبارەی ڕوداوەکانەوە دەرببڕێت، گوێی لێدەگرین یان نا، ڕاستن یان نا، ئەوەیان دەرەنجامەکان بەپێی خوێندنەوە جیاوازەکان دەریدەخەن. لەم ڕووەوە، سۆشیال میدیاش ڕووبەرێکی بەرفراوان و ئازادە، هەرکەس بە ویستی خۆی بەکاری دەهێنێت. دەشێت بۆ یەکێکمان تەنیا پیشاندانی وێنە تایبەتییەکانمان و ژیانی ڕۆژانەمان بێت، بۆ هەندێکیترمان بانگەشە بۆ شتومەک یان بەرهەمەکان بێت، بۆ هەندێکیش قسەی دڵی خۆی بێت بەرامبەر دیاردە و ڕوداوەکانی ڕۆژ.

بەهەرحاڵ، لە زۆربەی وڵاتانی دونیادا، سیاسییەکان هەوڵدەدەن بە زمانێکی دیبلۆماسی هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بە ڕووداو و پێشهاتەکان دەرببڕن، بەڵام نوسەران و ڕۆژنامەنوسان و خەڵکی سیڤیل هەڵوێستی خۆیان بە ڕوونی و ڕاستەوخۆ دەردەبڕن، ئەو هەڵوێستەشیان هەڵهێنجراوی بیرکردنەوەی تایبەتیی خۆیانەوە و بە هیچ بەرژەوەندی و ستراتیژێکەوە پەیوەست نییە. منیش بەوەدا کە هیچ پابەندبوونێکی حیزبیم نییە و زۆرتر وەک کەسێک کە سەروکارم لەگەڵ هونەر هەیە قسە دەکەم، پێمخۆشە هەندێک بۆچوونی خۆم یان بەریەککەوتنی خۆم لەگەڵ وێنەکەدا، وەک یەکەیەکی سیمۆلۆژیی بخەمە ڕوو.

 

٢

 لە کاتی بڵاوبوونەوەی وێنەکەی سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و وەفدەکەی دەم پارتییەوە، زۆر کەس گومانیان لە ڕاستەقینەیی وێنەکە بۆ دروست بوو. لێرەدا من هەوڵدەدەم خوێندنەوە بۆ ئەو وێنەیە بکەم کە لە زیندانی ئیمراڵییەوە پیشانی ئێمە و جیهان درا. تا لە بینینی وێنەکەوە بتوانین چەند ئاراستەیەکیتر بۆ قسەکردن بهێنینە پێشەوە.

یەکەم بینینی وێنەکە ڕاستەوخۆ تابلۆی "دوا ئێوارەخوان"ی داڤینشی هێنایەوە بەرچاوم. لە شێوەی دانیشتنەکەدا، مەسیح لە ناوەڕاستدایە و هاوڕێکانی بەشێوەیەکی هاوسەنگ بەسەر ئەملاولایدا دابەش بوون. لەم وێنەیەشدا ئاپۆ لەناوەڕاستدایە و ئەوانیتر بەشێوەیەکی هاوسەنگ دابەشبوون بەسەر ئەملاولایدا. لە پشتەوە پایەیەک دەبینین، ئەو پایەیە تەنیا لەپشتی ئاپۆوە دەبینرێت، زیاتر وێنای داری خاچەکەی بەرجەستە کردووە. لە هەردوو وێنەکەشدا مێزێک لەمسەر بۆ ئەوسەر درێژبۆتەوە و بە پەردەیەکی سپی داپۆشراوە.

 لە چیرۆکەکەی عیسای مەسیحدا، عیسا بە هاوڕێکانی دەڵێت کە دەزانێت لە لایەن یەکێکیانەوە ناپاکی لێکراوە و سبەینێ پەترۆس سێجار نکوڵی لە ناسینی ئەم دەکات. بەم پێیە تابلۆ بەناوبانگەکەی داڤینشی ئەو شڵەژان و جووڵەیەی تێدایە، هەموویان لە جووڵەدان و تەماشای جێگای جیا جیا دەکەن و ئەو قسەیەی مەسیح خرۆشاندوونی، مەسیحیش لە ناوەڕاستیاندایە و ڕووی لە مێزەکەی بەردەمیەتی.

 

بەڵام لە وێنەکەی ئاپۆ دا هەر هەموویان ڕاستەوخۆ تەماشای ئێمە دەکەن، وەک ئەوەی هەریەکەیان و شتێکی جیاوازیان هەبێت بۆ گوتن. هەندێکیان بە گومانەوە، هەندێکیان بە ترسەوە، هەندێک بێباک، هەندێک دوودڵ، هەندێک خۆشحاڵ، نیگەران... ئاپۆش بە دەیان پرسیارەوە تەماشامان دەکات و هەستدەکەین دەیان شتی هەیە بۆ گوتن و نەیتوانیوە لە پەیامەکەدا جێیان بکاتەوە.

مێژووی ڕقی تورکیا لە مەسیحییەکان دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی سەرهەڵدانی ئیمبراتۆریەتی عوسمانی. ئەوان ڕێگەیان دابوو نا موسڵمانەکان لە سایەی ئیمبراتۆرێتیەکەیاندا، وەک قەبیلەی جیاواز بمێننەوە، بە مەرجێک سەرانە بدەن. بەڵام وردە وردە لەناویان دەبردن یان ناچاریان دەکردن ببن بە موسڵمان.

تەنیا لە سەرەتای سەدەی بیست دا لەنێوان ساڵانی ١٩١٥ – ١٩١٧ زیاد لە یەک ملیۆن ئەرمەنی کە هەموویان مەسیحی بوون کۆمەڵکوژ کران.

ئیمبراتۆرێتی عوسمانی و دواتریش کۆماری تورکیای ئەتاتورک، بە هەمان ڕێچکەدا، ئامانجیان پاککردنەوەی شارەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان بوو لە هەموو کەسێکی نا تورک و نا موسڵمان.

 بۆ نموونە، هەموو جارێک کە بۆردومانی باشووری کوردستان و ڕۆژاڤای کردبێت، یەکێک لە ئامانجەکانی گوندە مەسیحینشینەکان بووە. بۆ نموونە بۆردومانی گوندی بەرواری باڵا و چلکێی مەسیحینشینی نزیک کانی ماسی، گوندە مەسیحینشینەکانی سەر بە پارێزگای دهۆک، بۆردومانی مەسیحییەکانی تەلتەمر لە ڕۆژاڤا و چەندین شوێنیتر.

ئەم ڕقە لە ئایین و نەتەوەکانیتر، بە قووڵی لەناو دەمارەکانی حیزبەکەی دەوڵەت باخچەلی (مەهەپە)دا جماوە.

ئەو حیزبەی بەتەواوی نوێنەرایەتی گورگە بۆرەکان دەکات، ئەوانەی سەر بە ڕێبازەکەی کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستن، تا ئەم دەقەیەش کار دەکەن بۆ تورکیایەکی پاراو و داماڵراو لە هەر نەتەوە و ئایینێکیتر. ئەوانەی تەنانەت کەنیسەکەی ئایاسۆفیا (یەکێک لە کەنیسە کۆنەکانی ئەستەنبوول)یان گۆڕی بە مزگەوت و دواتر بە مۆزەخانە و لە ٢٠٢٠یشدا بە بڕیاری ئەردۆغان جارێکیتر کردیان بە مزگەوت.

باخچەلی داوای کرد پرۆسەی ئاشتی لە تورکیادا دەستپێبکات و بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکە بدات. ئەم بانگەشەیەی باخچەلی دوای پرۆژە یاسای "مافی هیوا" هاتە پێشەوە کە یەکێتی ئەوروپا بڕیاری لەسەر داوە. ئەو پرۆژەیە هەموو ئەوانە دەگرێتەوە کە بە زیندانی هەتاهەتایی سزا دراون، تا بتوانرێت بە شێوەی مەرجدار ئازاد بکرێن. لە بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپادا سودمەندنەبوونی ئۆجەلان لە "مافی هیوا" وەک کارێکی دژەمرۆڤایەتی باسکراوە. هەروەها دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بڕیاری داوە کە تورکیا دەبێت پابەند بێت بەو بڕیارانەوە.

 لەم ڕووەوە باخچەلی و ئەردۆغان مەرجی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەیان داناوە. کەچی هەمیشە تورکیا دەست بە پەکەکەوە دەگرێت و ناهێڵێت لەناو بچێت.

تورکیا بەبێ پەکەکە ناژی!

بەدرێژایی چەندین ساڵی ڕابردوو، هەزاران مەلەفی گەندەڵی و ناپاکی و ئابڕووچوونی سەرانی تورکیا ئاشکرا بوون و لە میدیاکانەوە بوونە بابەتی گەرم. بەڵام هەمیشە بوونی دوژمنێکی ترسناک، وێنەی تیرۆریستێک (پەکەکە)یان تۆخ کردۆتەوە، کە ئەگەر دەوڵەت نەبێت دێن هەموومان سەردەبڕن. بەمەش ئەولەویەتی لەو فایلانە سەندۆتەوە و هەمووان یەکیانگرتۆتەوە بۆ شەڕ دژی تیرۆر و وێرانکردنی خاک و ماڵی کوردان و کۆمەڵکوژی و زیندان.

بوونی پەکەکە گەورەترین پاساوە بۆ دواخستن و داپۆشینی گەندەڵییەکان و قەیرانە زۆروزەوەندەکانی تورکیا.

بۆیە هەمیشە و لە ڕێککەوتن و ئاگربەستەکانی ساڵانی ڕابردوودا، پەکەکە تا دوا سات پابەند بووە بە ڕێککەوتنەکانەوە، بەڵام تورکیا خۆی ئاژاوەیەک، تەقینەوەیەک، کارەساتێکی ناوەتەوە و ڕایگەیاندووە پەکەکە ئاگربەستەکەی شکاندووە. جار بە جاریش دڕندانەتر بەربۆتە گیانی هاوڵاتیان و وێرانکردنی گوند و شارەکانیان.

لە چیرۆکەکەی مەسیح دا “دوا ئێوارەخوان” مەسیح لە خاچ دەدرێت، لە چیرۆکەکەی تورکیادا خوازیارن کۆتایی بە پەکەکە بهێنن، ئەو پەکەکەیەی خۆیان تا ئەمڕۆش لە هەموو میدیاکانیانەوە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستیی ناوی دەبەن و ئاپۆش بە سەرکردەی تیرۆریستان ناوزەد دەکەن. هیوادارم ئەم گەمەیە بە دەرمانخواردکردن کۆتایی نەیەت.

لە چیرۆکەکەی مەسیح دا جولەکەکان هاوار دەکەن لەخاچی بدەن، لەخاچی بدەن.

لە چیرۆکەکەی ئێمەش دا ئەردۆغان لەگەڵ خانەوادەی سەربازانی کوژراوی شەڕی پەکەکەدا کۆ دەبێتەوە و دەڵێت:"ئەگەر بیانەوێت هەڵمانخەڵەتێنن بەردیان بەسەر بەردەوە ناهێڵین". ئەو بەردانە مەبەستی خانوو و شوێنی کار و ژیانی کوردەکانە نەک تەنیا لەناو تورکیادا، بەڵکو لە عێراق و سوریاش.

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار