چۆن لە بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجالان تێبگەین؟
.jpeg)
ئەبوبەکر کاروانی
4 هەفتە لەمەوپێش
ئەبوبەکر کاروانی
بانگەوازەکەی ئۆجالان بۆ چەکدانان و خۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە کاردانەوەی نێوخۆیی کوردیی و هەرێمایەتی و جیهانی بە دوای خۆیدا هێنا.
لە باشووری کوردستانیش جگە لە هەڵوێستە سیاسییە فەرمیی و حیزبییەکان، کە بە گشتی پشتیوانی کردنبوون لە ناوەندە فیکریەکەدا، بۆچوونی جیاواز دەبینران، هەموو بانگەوازەکەی لەگەڵ رووخانی کۆماری مهاباد و نسکۆی شۆرشی ئەیلولدا بەراورد کردبوو! بەشێ لەوانەی گوومانیان لە بانگەوازەکەش بوو، داوای درێژەدان بە شەڕیان دەکرد، پاساوی بۆچوونەکەشیان بەوە دەدایەوە کە ئەوەی دەگوزەرێت فێڵی دەوڵەتی تورکە بۆ رێگریکردن لە گەورەبوونی دەستکەوتەکانی کورد لە میانەی ئەو گۆرانکارییە جیۆسیاسییە گەورانەی ناوچەکە چاوەروانییەتی؟
رووماڵی بەشێ لە شاشە پلە یەکەکانیش لەژێر ئەو ناونیشانە بوو، کە داخۆ ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا؟
بەگشتیش زمانی قسەکردنی باشوور ئەگەر نەڵێم لە کاتی قسەکردن لەسەر بابەتەکە سیخناخە بە ناسیۆنالیزم، ئەوا بە قورسی بارگاوییە بە زمانەکەی. چونکە لە زەین و پاشخانی خەڵکەکەدا پەکەکە باڵێکی ناسیۆنالیزمی کوردییە و بەهەمان لۆژیکی پارتەکانی باشوور و رۆژهەڵات پێوەر و چارەسەرە ناسیۆنالیستیەکان، لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی کورددایە، لە کاتێکدا پەکەکە دەمێکە خۆی بەم جۆرە پێناسە ناکات، بە تایبەتیش دوای دامەزراندنی کەجەکە لە (٢٠٠٣)دا و ئەو ئاڵوگۆرە فیکرییەی بەسەر بیرکردنەوەی ئۆجالاندا هاتووە کە پێوەر و گوتەزا ناسیۆنالیستییە تەقلیدییەکانی تێپەراندووە. هەربۆیە پەکەکە بایەخ بە کێشەی کورد دەدات بەڵام لە خانەی پارتە نەتەوەییە کوردییە نەریتیەکاندا ڕیزبەند ناکرێت. تێگەیشتنیشی بۆ چارەسەرکرن هەروەك دواتر ئاماژەی پێ دەکەین لە زۆر ڕووەوە لەوان جیاوازە.
لە کێشەی کوردییەوە بۆ کێشەی کورد
لە ڕوانگەی ئەوەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێکرد، بانگەوازەکە لە دوور و نزیکەوە ئاماژە بەشتێك ناکات بەناوی کێشەی کوردییەوە، بەڵکو قسە لەسەر کێشەی کووردبوون لە سایەی کۆماری تورکیا و کەمالیزمدا دەکات. بانگەوازەکە و پێشتریش نووسینەکانی ئۆجالان لە زینداندا کێشەکە لە داننەنان بە کێشەی کورد و ناسیۆنالیزمی کوردی و ناوی کوردستان و دیاریکردنی سنوور و جوگرافیا و پیادەکردنی مافی چارەنووسدا نابینێتەوە، با لە فۆرمی فیدراڵییشدا بێت، چونکە هەموو ئەو شتانە وەك چەمك و پێوەر و داواکاری و دەستەبەری و چارەسەر دەمانبەنەوە بۆ ناو چوارچێوە و خەیاڵدان و قاڵبە زهنییەکانی ناسیۆنالیزم، بەلای ئۆجالانیشەوە ناسیۆنالیزم نەك هەر چارەسەر نییە، بەڵکو لە خودی خۆیدا کێشە خوڵقێنە؟ چارەسەری جێگرەوەی ئۆجالان بۆ چارەسەرە ناسیۆنالیستییەکان، نەتەوە و کۆمەڵگەی دیموکراتە، کە دیدێکی چەپانەی پاش چەپی تەقلیدییە، چارەسەرییش لەم چوارچێوەدا زۆر بە کورتی یەکسانە بە دەستوورێکی دیموکراتی، هاوبەشی لە دەسەڵات و هاوڵاتێتی یەکسان و کۆتایی هێنان بە سەرکوت و جیاکاری. لەو ڕوانگەشەوە کاتی خۆی پەکەکە ناچاربووە چەك هەڵبگرێت، چونکە نکوڵی لە کورد دەکرا، زمانی کوردی ڕەتدەکرایەوە و ئازادی کاری سیاسی و ڕا دەربرینیش نەبوو.
دیوی دووەمی ئەم قسەش ئەوەیە لە کاتێکدا لە ئێستادا نکوڵی لە کورد ناکرێت (ڕاگەیاندنی ئەم ڕاستییەش لەسەر زاری باخچەلییەوە بۆ ئەوە بوو، کە ئەمە وەك جاران تەنها بۆچوونی تەوژمی لیبراڵ مەشرەبئیسلامیی بەرجەستە لە ئەکەپەدا نییە، بەڵکو بۆتە قەناعەتی دەوڵەت و کەمالیزم لە هەڵقە هەرە توندڕەوەکەیدا کە مەهەپە نوێنەرایەتی دەکات).
زمانی کوردیش گەرچی بەفەرمی نەبووە، قەدەغەی لەسەر هەڵگیراوە و بۆتە زمانی وەشاندن، کورد خاوەنی حیزب و رێکخستنی سیاسی خۆیەتی( دیارە لەگەڵ هاوبیرە تورکەکانی)و دەتوانێ سیاسەت بکات و وەکو جاران حیزبەکان لە بەردەم هەرەشەی هەڵوەشاندنەوەدا نین، سوپاش ڕۆڵی جارانی لە ژیانی سیاسییدا نەماوە و ملکەچی دەسەڵاتی مەدەنی کراوە.
ئەوەی ماوە و دەبێت لەم چوارچێوەدا ئەنجام بدرێت، تەواوکردنی ناتەواوییەکانی ئەم واقیعە نوێیەی تورکیایە کە ئاماژەیە بۆ دووبارە بیناکردنەوەی کۆمار لە ڕێی هەموارکردنەوەی چەند ماددەیەکی دەستوور و داننان بە تورکیای فرەکەلتوور و گۆرینی بناغەی هاوڵاتێتی لە تورکەوە بۆ تورکیا، یاخود هەر لە بنەرەتەوە گۆرینی ناوی وڵاتەکە، بۆئەوەی کورد بەناوی خۆیەوە لەخۆبگرێت، بە رەزامەندی خۆی ببێت بە هاوبەشی دەسەڵات و دەوڵەت بە هی خۆی بزانێت، بەوەش مێژووی پێکەوە ژیان و هاوبەشی هەزار ساڵەی تورك و کورد لە جەنگ و بەرگری و دەسەڵات و پێکەوە ژیان و هاوپەیمانێتی دەستپێبکاتەوە، کە کۆمار و نکوڵیکردن لە کورد و ناسنامەکەی، پچرانێکی یەک سەدەیی ڕەبەقی تێدا دروستکرد.
بەم جۆرە چەپی کوردیی بەرجەستە لە پەکەکە و تەوژمی لیبراڵ مەشرەبئیسلامی و ناسیۆنالیزمی تورکی دەگەن بە سازشێکی مێژوویی، کەئەویش پارێزگاریکردنە لە پرۆژەی دەوڵەتی نوێی تورکیا بە هەندێ ڕیفۆرمکردن تیایدا و کاڵکرنەوەی ناسنامە ناسیۆنالیستە تورکییە توندرەوەکە و جێکردنەوە و داننان بە کورد وەك ئەتنیکێکی جیاواز نەك نەتەوەیەکی خاوەن ناسیۆنالیزم، کە لە جەوهەردا خواستێکی پاشخان ئیسلامییەکانیشە، چونکە ئەگەر بەشێوەیەکی تەکتیکییش سوود لە گوتارێکی لەو جۆرە بەرن، لە جەوهەردا بە دژی بەرژەوەندییەکانی خۆیانی دەزانن.
لێرەشەوە پەکەکە دەتوانێت بڵێت ئێمە سەرکەوتوو بووین نەمانهێشت کورد بتوێتەوە و سیاسەتی کۆمار و کەمالیزممان شکست پێهێنا، پاشماوەی کەمالییەکانیش دەتوانن خۆیان بە سەرکەوتوو بزانن کە تورکیایان لە پارچەپارچەبوون پاراست، پارێزگاریان لە پرۆژەی دەوڵەت کرد و دانیان بە کێشە و ناسیۆنالیزمی کوردیدا نەنا، ئەکەپەش جەوهەری سەرکەوتنەکە بۆخۆی بگێڕێتەوە، کە جگە لەوەی لە سایەی دەسەڵاتی ئەودا ڕوودەدات، ڕیفۆرمەکانی ئەو نەبوونایە، هەرگیز زەمینەی هەنگاوێکی لەم جۆرە نەدەهاتە کایەوە، ئەوە ئەوان بوون لە پێگەی دەوڵەتەوە دیدی سێهەمیان تەرحکرد و بوونە نێوبژیوانی کەمالییەکان و چەپە کوردەکان، هەڵبەت دوای ئەوەی کوردەکان شکستیان خوارد لەوەی لە (٢٠١٥) دا ببن بە هاوپەیمان دژ بە کەمالییەکان.
لێرەوە دەتوانین هۆکارەکانی پشت بانگەوازەکە و هەوڵە نوێکانی ئاشتی بەم جۆرەی خوارەوە دیاری بکەین:
*ئاڵ و گۆڕی فیکریی ئۆجالان.
*ئاڵوگۆرەکانی خۆرهەڵاتی ناوەراست لە دوای ٧ ی ئۆکتۆبەرەوە.
*بەبنبەست گەیشتنی پرۆژەی چەکداریی پەکەکە.
*ئاڵوگۆرەکانی ناوخۆی تورکیا لە قۆناغی رابردوودا و دەرهاویشتەکانی و کاریگەرییان لەسەر دوارۆژی بەرەبەندی و هێزەکان.
هەنگاوەکانیش لە مانگی (۲)ی پارەوە بە نهێنی دەستیان پێکراوە و بناغەی بۆ شێلراوە.
دەستپێکردن لە چەکدانانی پەکەکەشەوە، بۆ دووبارە نەکردنەوەی هەڵەی پێواژۆی ئاشتی ساڵانی رابردوو، دەرهێنانی کارتە لە دەست هەموو ئەو هێز و دەوڵەتانەی ناوچەکە، کە دەخوازن لە ڕێی فشارکردنەوە چەکی پەکەکە بکەن بە ئامرازی دووبارە شکست پێهێنانەوەی هەوڵەکان، هەروەها دڵنیابوونی ئۆجالان و هاوکارانی کەجەکە، کە لە ئەرکە مێژووییەکانی دابراوە و بۆتە بەربەست لە بەردەم دەستپێکردنی قۆناغێکی مێژوویی نوێ و خۆ نوێکردنەوەدا، بەو واتایەی دانانی چەک پێش ئەوەی مەرجێکی دەوڵەت بێت پێویستیەکی خوودی پەکەکە و بزاڤە چەپە کوردییەکەیە.
بانگەوازەکە لە شوێنی خۆیدایە و پشتیوانی لێدەکەین
هەندێ دەنگ لێرە و لەوێ دژ بە بانگەوازەکەی ئۆجالان بوون. هەنگاوەکە بە هەڵە دەزانن، هەشبوو بەراوردی کردبوو بە رووخانی کۆماری مهاباد و نسکۆی شۆڕشی ئەیلول، هەروەك ئاماژەمان پێکرد کە زیاد لە روویەکەوە ئەو جۆرە بەراوردکردنە هەڵەن. پشتیوانیشمان لە بانگەوازەکە لە سۆنگەی ئەم خاڵانەی خوارەوەیە:
*بوونی دەرفەتی کار و خەباتی سیاسی لە تورکیا.
*چڕکردنەوەی تواناکان لە خەباتە سیاسیە یاساییەکەدا، کردنەوەی ئاسۆ لە بەردەمیدا و رۆیشتن لەگەڵ لۆژیکەکەیدا تا ئەوسەر، کۆتایی هێنان بە بیانووی دەوڵەت کە چەکی پەکەکەی کردۆتە کۆتووبەند بەسەر خەبات و کارە سیاسییەکەدا و خستوویەتیە بازنەیەکی نیمچە داخراوەوە و سەرەنجام رزگاربوون لە دۆخی نیمچە شۆرشی چەکداری و نیمچە کاری سیاسی، بە حوکمی ئەوەی نە چەکەکە ئەوەندە بەهێزە مەرج بسەپێنێت و نە دەشهێڵێت کارە سیاسییەکە سەربەخۆیی خۆی وەربگرێت و ئازاد بێت و لەژێر هەژموون و کار و کاردانەوەکەی ئەو بێتە دەرەوە.
ئەو ئامانجانەی بەرێز ئۆجالان و پەکەکە لە دوای قۆناغی کەجەکە و تێزی نەتەوەیی دیموکراتەوە بەدواوەین، پێویستی بەخوێن و فرمێسکی زیاتر نییە و دەتوانرێت بە رێگەی خەباتی سیاسی هەوڵی دەستەبەری و فراوانکردنیان بدرێت.
*مانەوەی پەکەکە لە لیستی تیرۆری نێودەوڵەتیدا، ترسی ئەوەی گۆرانە جیۆسیاسییە چاوەروانکراوەکان مەترسی بخەنە سەر مانەوەی لە ئایندەدا، وەك هێزێك و چارەنووسی نەبەسترێتەوە بە هەندێ بەرەبەندیی ناوچەکەوە، تا ئەوەی بەسەر پڵنگەکانی تامیلدا هات بەسەر ئەمانیشدا نەیەت.
*هەنگاوەکە دەتوانێت سەبارەت بە پارچەکانی تر یارمەتیدەر بێت، گرنگ دەبێت دەوڵەتێکی گەورەی وەك تورکیا ئەو هەستەی لا دروست ببێت چەکی کوردی بەرامبەری بەکار ناهێنرێت، بەمەش هەستیاری بەرامبەر پارچەکانی تر بە تایبەتیش باشوور و رۆژهەڵات کەمتر بێتەوە.
