ڕۆڵ و هۆکاری بەشداربوونی ئیسرائیل لە گرتنی ئۆجەلاندا

ئارام ڕەفعەت

4 هەفتە لەمەوپێش



ئارام ڕەفعەت

زۆرجار و بەمەبەستی جۆراوجۆر، رۆڵی ئیسڕائیل لە گەلەکۆمەکێی نێودەوڵەتی دژ بە بەڕێز ئۆجەلان و تەسلیمکردنەوەی بە تورکەکان  دەوروژێنرێت. بەڵام، ئایا موساد هیچ رۆڵیکی هەبووە لە گرتنی ئۆجەلاندا؟

بەگوێرەی بەرپرسە باڵاکانی پەکەکە بەڵی ئیسرائیل رۆڵی هەبووە، بەڵام تاکە بکەر نەبووە. بۆ نموونە، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا، کە لەساڵی ٢٠١٧ ئەنجام دراوە، مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی رێبەری ئەو حیزبە، تەئکید لە بەشداری موساد لەو پیلانە نێودەوڵەتییە دەکات، کە بەگرتنی ئۆجەلان کۆتایی هات.

بۆچی ئیسرائیل لەو پیلانە نێودەوڵەتییە تێوە گلاوە؟

بەشێک لە وەڵامی ئەو پرسیارە لەهەمان دیداری بەڕێز قەرەسوو دەردەکەوێت کە لەگەڵ یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا ئەنجامی داوە. قەرەسوو دەڵێت هەر لە سەرەتای دامەزراندییەوە، پەکەکە دژایەتی ئیسرائیلی کردووە و شان بەشانی فەلەستینییەکان دژی ئیسرائیل جەنگاوە. یەکەم جەنگی مەیدانی پەکەکە دژی ئیسرائیل بوو نەک تورکە داگیرکەرەکان. لە ئەدەبیاتی تەڤگەری باکوردا، یەکەم فیشەکی پەکەکە لەسەر خاکی کوردستان لە ١٥ی تەباخ (ئاب)ی ١٩٨٤ لەلایەن مەعسوم گۆرکماز ناسراو بە فەرماندە عەگیدەوە تەقێنرا. ئەمەش وەک “فیشەکی یەکەم” و دەسپێکی خەباتی چەکداری ئەو تەڤگەرە ناسێنراوە. بەڵام ئەمە یەکەم فیشەکی ئەو تەڤگەرە نییە. لە راستیدا یەکەم فیشەک و یەکەم جەنگ و یەکەم پۆلی شەهیدی ئەم حیزبە لە شەڕێکدا بوو دژی سوپای ئیسرائیل. ئەم شەڕە لە لوبنان و بەدیاریکراویش لە قەڵای شەقیف ئارنوونی بیقاع و لە حوزەیرانی ١٩٨٢ دا روویداوە. بەگوێرەی دیدارەکەی قەرەسوو لەم شەڕەدا ١٣ گەریلای پەکەکە شەهید بوون. هەر ئەم شەڕەش بووە هۆکاری سەرەکی بەشداریکردنی ئیسرائیل لە گرتنی بەرێز ئۆجەلاندا. بەواتایەکی تر، پەکەکە و رێبەرەکەی باجی ئەم شەڕەیاندا کە لەبری فەلەستینییەکان کردیان. شەڕێک کە بەرێکەوتنی ستراتیژی نێوان ئیسرائیل و تورکەکان و سەرەنجامیش بەگرتنی ئۆجەلان لەسەر کورد کەوت .

 بۆچی ئۆجەلان بووە قوربانی ئەو شەڕە؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستە تیشک بخەینە سەر سێ تەوەری جیاواز:

تەوەری یەکەم: رۆڵی فیعلی پەکەکە و زیانەکانی ئیسرائیل لەو شەڕەدا. بەگوێرەی سەرچاوەکان، لەکاتی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ دەشتی بیقاع سێ هێزی سەرەکی لەو ناوچەیەدا هەبوون، سوپای سووری و لوبنانی و رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین. لەبەردەم هێرشەکەدا هەر سێ هێز کشانەوە و شەڕیان نەکرد. بەڵام لەسەر خواستی فەلەستینییەکان دەیان گەریلای پەکەکە و لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر کەمی فیدایی فەلەستینی لە  قەڵای شەقیف ئارنووندا دەمێننەوە. ئەو داوا گوماناوییەی فەلەستینییەکان بە بیانووی پارێزگاریکردن لە کشانەوەی هێزە سوری و لوبنانی و فەلەستینییەکان بووە. سەرەنجام گەریلاکان تووشی شەڕیکی خوێناوی و نابەرابەر دەبن و زۆربەشیان دەبنە قوربانی، هەندێکیان شەهید و ئەوانی تریش بەدیل دەگیرێن. ئایا ئەم خواستەی فەلەستینیەکان چەندێک تەڵە بووە بۆ گەریلاکانی پەکەکە، تا ئێستا رۆشن نییە و هیچ لیکۆڵینەوە و توێژینەوەیەک لەو بارەیەوە نەکراوە.

گەریلا چۆن خرانە ناو تەڵەوە؟

رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکە، ئیسرائیل بۆردوومانێکی خەستی ئەو قەڵایە دەکات و رۆژی دووەمیش هێرشی مەیدانی دەکاتە سەر قەڵاکە. لێرەدا گەریلاکانی پەکەکە بەرخۆدان دەکەن و ١٣ گەریلا لەم دوو رۆژەدا شەهید دەبن و باقییەکەیش بەدیل دەگیرێن. ئیسرائیلییەکانیش ژمارەیەکی زۆری سەربازانییان لەو قەڵایەدا دەکوژرێن. زیانەکانی ئیسڕائیل لەسەر دەستی گەڕیلا هێندە کاریگەربووە، سەرۆکی ئەوسای ئیسرائیل سەردانی شوێنی شەڕەکە و بەدیاریکراویش قەڵاکەی کردووە. بەکورتی، ئیسرائیل گەریلاکانی پەکەکە بە بکوژی ئەو سەربازانە دەزانێت.

ئەی پەکەکە چۆن لەو شەڕە دەڕوانێت؟

توێژەری میسری ئەمیرە ئەلتەحاوی، لە توێژینەوەیەکیدا، کە لە ١٩٩٨دا بەناوی ئاراستە دەرەکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، بڵاوی کردۆتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئۆجەلان جارەهای جار لە وتار و چاوپێکەوتنەکانیدا شانازی بە بەرخۆدانی گەریلاییەوە لە  قەڵای شەقیف ئارنوون کردووە. هەر بەهۆی زیانەکانی لەم شەڕەدا، ئیسرائیل پەکەکەی کردە ئامانجی تۆڵەسەندنەوە و تەڤگەری خستە ناو لیستی دووژمنەکانییەوە. بەهۆی ئەم شەڕەوە بوو کە لە ٤٠ ساڵی رابردوودا ئیسرائیل لەزۆر بواردا و لەدژی تەڤگەری باکور هاوکاری سەربازی و موخابەراتی و لۆجیستی تورکەکانی کردووە. ئەم شەڕەش هۆکاری سەرەکی بووە، ئەگەر تاکە هۆکار نەبووبێت، بۆ بەشداریکردنی ئیسرائیل لە پیلانی گرتنی ئۆجەلان و رادەستکردنەوەی بە تورکەکان.

تەوەری دووەم: کەلتوری خاوەندارێتی کردن و پیرۆزکردنی تاکی جوولەکە. رۆژی ٣ی نیسانی ٢٠١٩، لەمەراسیمێکی شکۆمەندانەدا، روفاتی سەربازێکی ئیسرائیلی کە لەهەمان جەنگی لوبنانی ساڵی ١٩٨٢دا کوژرابوو، گەڕێنرایەوە ئیسرائیل. بۆ گەڕاندنەوەی روفاتی ونبووی ئەو سەربازە، ئیسڕائیل ٣٥ ساڵ هەوڵ و کۆشش و سامانێکی زۆری خەرج کرد و رێگای جۆاوجۆری موخابەراتی و دیپلۆماتی و دانووسانی گرتەبەر. ئەم نموونەیە یەکێکە لە دەیان و بگرە سەدان نموونەی لەو جۆرە کە ئاماژەیە بۆ خاوەندارێتی کردن و بەرزراگرتنی ژیان و شکۆ و بوونی تاکی جوولەکە لەلایەن دەوڵەتی ئیسڕائیلەوە. لەم روانگەیەوە، ئیسڕائیل لە پێشەوەی زۆربەی وڵاتەکانی جیهانە و کە هەموو ئیمکاناتی دەوڵەتی خستۆتە خزمەت پاراستنی ژیان و شکۆ و کەرامەتی هاوڵاتییانی.

تۆڵە بۆ گێڕانەوەی شکۆی تاکی جوو

شێوازێکی بەرجەستەکردنی ئەم خاوەندارێتی و شکۆمەندییەی هاوڵاتییەکانی کەلتوری تۆڵەیە. هەر کاتێک ئیسرائیل هاوڵاتییەکی یان سەربازێکی دەکوژرێت، هەوڵدەدات چەند قات زیاتر تۆڵەی کوژراوەکەی بکاتەوە و بۆ ئەوەی بەلایەنی بەرامبەر بڵێت ژیانی تاکێکی ئیسرائیلی چەند قاتی ژیانی ئێوە بەنرختر و مانادار ترە. بۆ تێگەییشتنی زیاتری  ئەم کەلتوورە، پپێویستیمان بە تێگەییشتنە لە کەلتووری قیساس یان تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیل.

تەوەری سێیەم: کەلتووری قیساس

 ڕیشەی کەلتووری قیساس و تۆڵە سەندنەوە لە سیاسەتی دەوڵەتی ئیسرائیلیدا دەگەڕێتەوە بۆ تەعالیماتەکانی کتێبی پیرۆزییان، واتە تەورات و کتێبە پیرۆزەکانی ترییان. لە ئایینی جووەکاندا تۆڵەی خوێن وەک فەرمان یان رێگە پێدراوێکی ئایینی دەبینرێت و لەسەر بنەما و رێسای ددان بە ددان و چاو بە چاو،  بەشێکە لە رێنمایی و فەرمانەکانی تەورات. لەگەڵ سەرهەڵدانی جوڵانەوەی زایۆنیزمدا، بەدیاریکراویش لە ١٩١١دا، جووەکان دوو ئاڵوگۆڕی گرنگ لە یاسای قیساسدا دەکەن:

یەکەم: دامەزراوەی شۆرمە

قیساس فۆرمێکی مۆدێرنەی دەکرێتەبەر و دەخرێتە ناو سیستەمی سیاسییەوە و چیتر خانەوادە بەرپرس نییە لە تۆڵەی خوێن (قیساس)، ئەم ئەرکە بە شۆرمە دەسپێردرێت. شۆرمە، ئەو موئەسەسەیە کە دەسەڵاتی چاودێری و ئەرکی پاراستنی جوولەکەکان و مومتەلەکاتییانی هەیە. شۆرمە بەرپرسە لە کوشتنەوە یان تۆڵە سەندنەوەی هەر کوژراوێکی جوولەکە.

دووەم: هەموارکردنێکی تری زایۆنییەکان بۆ یاسای قیساس، ئەوەیە کە لایەنی بکوژ  درەنگ یا زوو دەبێت قیساسی بەسەردا بسەپێت. لەم رووەوە، فاکتەری کات هیچ لە پرسی یاسای قیساسی جووەکان کەم ناکاتەوە. ئەمەش لە کۆمەڵیک جووڵە و کردەی ئیسرائیل لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا بەرجەستە دەبێت. لەوانەش، بەدواداچوون و شوێنپێهەڵگرتن و راوەدوونانی ئەو سەرباز و ئەفسەرە ئەڵمانییانەی کە بەشداری هۆلۆکۆست بوون و تا ئێستاش بەردەوامە. ئەمە سەرەڕای تێپەڕ بوونی زیاتر لە ٧٠ ساڵ بەسەر رووداوەکەدا. دەوڵەتی ئیسرائیلی، هەمان رێسای قیساس، پەیڕەو دەکات. بەڵام بەهەموار و ئەپدەیتی زیاترەوە و هەنگاوێک لە قیساسی تەوراتی و سیستەمی شۆرمە واوەتر دەچێت، ئەویش زێدەڕۆییە لە تۆڵەسەندنەوەدا. ئەم زێدەڕۆییە لە بەرزراگرتنی شکۆ و هەیبەتی تاکی جوو هەم لە پەرچەکرداری ئیسرائیل بەرامبەر هێرشە خوێناوییەکەی ٧ی ئۆکتۆبەردا، وە هەم لە گۆڕینەوەی دیل و بارمتە ئیسڕائیلییەکان بەرامبەر زیندانییە فەلەستینییەکاندا بە ئاشکرا دەبینرێت.

بەکورتی، پرسی بەشداری موساد لە گرتنی عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا، رەوا بێت یان ناڕەوا (لەروانگەی منەوە ئەوپەڕی ناڕەوایی و زاڵمانەیە)، دەکرێت لە چوارچێوەی ئەم سێ تەوەرەی سەرەوە و وەک تۆڵەیەک لەو شەڕەی گەریلا کە لە ١٩٨٢ لەبری فەلەستینیەکان و لەسەر خواستی ئەوان لە لوبنان کردیان، تێبگەین.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار