کێشەی کورد و ئاییندەی کوردستان بەرەو کوێ دەڕوا؟!

د. حوسێن موحەممەد عەزیز
4 هەفتە لەمەوپێش
د. حوسێن موحەممەد عەزیز
بەشی دووەم
نەتەوەی کورد وەک هەموو نەتەوەکانی جیهان، مافێکی ڕەوای خۆیەتی، داوای سەربەخۆی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی بکا. لەبەرئەوەی (کوردستان) بەسەر چوار دەوڵەتی نێوچەکەدا دابەشکراوە. پێم وایە، باشترین چارەسەر ئەوەیە، دەوڵەوتێکی کۆنفیدراڵی، لە نێوان هەر چوار بەشەکەی (کوردستان)دا دابمەزرێنرێ.
بەڵام دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردستانی، لە هەر بەشێکی (کوردستان) بێ، کێشەی سەرەکی کورد چارەسەر ناکا، گەر ڕیزەکانی نەتەوەی کورد، لەنێوخۆدا یەکگرتوو نەبێت.
ئاخر ئەوا ماوەی (34) ساڵ دەبێ، باشووری (کوردستان) سیستەمێکی فیدراڵی هەیە، بەڵام چونکە ڕیزەکانی کورد یەکگرتوو نییە، دەسەڵاتە فیدراڵییەکەش، بەسەر دوو نێوچەی جیاوازی سەرەکیدا، لە نێوان (پارتی) و (یەکێتی)دا دابەشەکراوە، ماوەی چوار ساڵی ڕێکیش (1994-1998)، جەنگێکی چەپەڵی نێوخۆ، لە نێوانیاندا بەرپابوو، جگە لە سەرشۆڕیی و مایەپووچی نەبێ، هیچی دیکەیان بۆ نەماوەتەوە. ڕۆژبەڕۆژیش دەسەڵاتە فیدراڵییەکە، بەرەو لاوازبوون و لەنێوچوون دەڕوا.
ئەز پێم وایە، هیچ بەشێکی (کوردستان)، ڕزگاری نابێ و کوردیش لە هیچ بەشێکی نیشتمانەکەمان، بە هیچ مافێکی ڕەوای نەتەوەیی خۆی ناگا، گەر فشەمافێکی وەک ناناوەندێتی، ئۆتۆنۆمی و فیدراڵیش وەرگرێت، کاتبەفیڕۆدان و هەڵخەڵەتاندنی کورد نەبێ، هیچی دیکەی لێ شین نابێ. چونکە سەرکردایەتی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی (کوردستان)، چەن گرفتێکی نەتەوەیی، ڕامیاری، ئابووریی و دەسەڵاتداری جیاوازیان هەیە، بۆئەوەی ڕەوشەکە قوورستر و خراپتر نەبێ، کورد بە فشەمافێکی ئاسایی هەڵدەخەڵەتێنن و دەمکوتی دەکەن، تا گرفتەکانیان بە تەواوی چارەسەربکەن. پاشان ڕۆژێ دێ، لە هەموو ئەو مافانە پەشیمانبنەوە. نموونەی ڕژێمە داگیرکەرەکەی (بەعس) و (سەددام حوسێن) لە باشووری (کوردستان)، هەروەها دەسەڵاتدارانی شیعەکانی ئەوڕۆ، فێڵبازی و بەڵێنە درۆکانی سەرانی تورک لە باکووری (کوردستان)، گوایە دان بە مافە ڕەواکانی گەلی کورددا دەنێن، چەن بەڵێن و چارەسەرێکی کاتی نەبێ، هیچی دیکە نین و مانگەشەویش سەر لە ئێوارە دیارە!
ئاخر ئەم ڕژێمە ئیسلامییەی، ئێستا لە (عێراق) هەیە، بە هەموو شێوەیەک، بەرنامە شۆڤێنی و ڕەگەزپەرستانەکەی (سەددام حوسێن)، دژی گەلی کورد پەیڕەودەکا. جا گەر وا نییە، بۆچی تا ئێستا، خاڵەکانی مادەی (140) جێبەجێ ناکا و ئەو بەشەی (51٪)، کە لە سەردەمی (بەعس)ەوە لە (کوردستان) دابڕاوە و داگیرکراوە، بەبێ ئەوەی دان بە کوردستانییەتی ئەو بەشانەدا بنێت؟! ئەمە جگە لەوەی پڕۆسەی بەعەرەبکردنی (کوردستان) هەر بەردەوامە و ڕۆژبەڕۆژیش خراپتر دەبێت.
