هەر گەشتیارێک بچێتە ئێران 15 هەزار دیناری لێوەردەگیرێت

4 هەفتە لەمەوپێش
کۆمپانیایەک لە باشماخ و پەروێزخان دادەنرێت هەر گەشتیارێک بچێتە ئێران 15 هەزار دیناری لێوەردەگیرێت
بڕیارە کۆمپانیایەکی تایبەت لە هەر سێ دەروازەی سنووری باشماخ و پەروێزخان و کێلێ دابنرێت، کاری ئەو کۆمپانیایە وەرگرتنی بڕی 15 هەزار دینار دەبێت، لە هەر گەشتیارێک، کە سەردانی ئێران دەکات.
بەپێى بەدواداچوون و زانیاریەکان لە هەرسێ دەروازەکە دەرکەوت کۆمپانیاکە کابینەی کارکردنی داناوە، بەڵام جارێ دەستبەکار نەبووە و چاوەڕێیە وەرزی گەشتیاری دەستپێبکات، واتە پێش پشووەکانی جەژنی نەورۆز کۆمپانیا دەستبەکاردەکات، چونکە چاوەڕیدەکرێت بۆ پشووەکانی نەورۆز و جەژنی رەمەزان گەشتیارێکی زۆر سەردانی ئێران بکات.
دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران دەڵێن هیچ کۆمپانیایەک بۆ وەرگرتنی ئەوە پارەیە نەهاتووەتەوە دەروازەکەى ئێمە، تەنها لەو دەروازانە جێبەجێ دەکرێت، کە لەژێر دەسەڵاتى یەکێتیدان.
سەرچاوەیەکى ئاگادار ڕاگەیاند، هەوڵێک هەیە ئەم پرۆژەیە فڕۆکەخانەکانیش بگرێتەوە، پێدەچێ عێراقیش هەمان هەنگاو بگرێتەبەر، بەڵام لەناوچەى ژێر دەسەڵاتى پارتى پرۆژەکە رەتکراوەتەوە، چونکە بە پرۆژەى یەکێتى دەزانن و نایانەوێ بچنە ژێر بارى کارێک کە یەکێتى پێی هەستاوە، ئەو کۆمپانیایەش کە پرۆژەکەى وەرگرتووە حزبییە.
