ڕاپەڕین گەورەترین شکۆمەندیە و گەندەڵیش بەرهەمی ڕاپەڕین نییە

4 هەفتە لەمەوپێش



 

نوسینى: ئارام ڕەفعەت

ئەمڕۆ ساڵڕۆژی ڕاپەڕینە شکۆمەند و مێژوویەکەی باشور بوو و بەو بۆنەیەوە ئەم چەند سەرنجە دەخەمە روو.

یەکەم: لانیکەم لە مێژووی دوو هەزار ساڵەیدا، راپەڕین تاکە بڕیار و کرداری کۆدەنگانەی ئەرێنی و شۆڕشگێڕانەی کوردە وەک نەتەوە.  
دووەم: راپەڕین تاکە رێگای مانەوەی کورد و بەدیلی راپەڕین مەرگی حەتمی نەتەوەیەک بوو. 

ئەوسا هەموو کوردستان لە ٨٠ بۆ ١٠٠ ئۆردووگا و شار و شارۆچکەدا کۆکرابوونەوە کە وەک کەمپی دەستبەسەرکراو یان زیندانی جەماعی وابوون. هەموو باشور لە چاوەڕوانی ڕاگواستندا بوون بۆ بیابانەکانی باشوری عێڕاق. 
لەو بڕگە  مێژووییەدا، کورد لە نێوان ژیان و مەرگدا بوو، بە راپەڕین کورد ژیانی هەڵبژارد و مەرگی ڕەت کردەوە.

سێیەم: راپەڕین وەرچەرخان و بڕگەیەکی زەمەنییە و حوکمڕانی ڕەشید و دادپەروەریش پڕۆسەیەکی درێژ خایەنن. بە واتایەکی تر، ڕزگاری و ژیانێکی ئازاد کایە و پانتاییەکی جیاوازە لەگەڵ بونیادنان و بەرقەراریی دادپەروەری. بۆیە هەرگیز ناکرێت ڕاپەڕین وەک حەدەس یان پارادایمێک بۆ پێوانەی بونیادنان و دادپەروەری دوای ڕاپەڕین حوکمی لەسەر بدرێت.

چوارەم: نەبوونی پەیوەندی لە نێوان ڕزگاری/سەربەخۆیی و دادپەروەری/ حوکمڕانی رەشیددا، دیاردەیەکی جیهانییە. ئەمەش لەوەدا بەرجەستە دەبێت کە هیچ وڵات و کۆمەڵگایەک ڕاستەوخۆ دوای سەربەخۆیی دادپەروەری و حوکمڕانی ڕەشیدی بەدەست نەهێناوە. با بەراوردێکی دادپەروەری وڵاتان و مێژووی بەدەستهێنانی سەربەخۆییان بکەین.

تەنها ئەو وڵاتانە لە ڕیزبەندی پەنجا وڵاتە هەرە ناگەندەڵەکەی جیهانن کە پێش جەنگی جیهانی یەکەم سەربەخۆییان هەبووە. لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە تا ئێستا زیاتر لە سەد وڵات و هەرێم سەربەخۆییان بەدەستهێناوە، لەوانەش:
 ١٧ وڵات لە نێوان هەردوو جەنگی جیهانی، زیاتر لە ٧٠ وڵات و هەرێم لەسەردەمی جەنگی ساردا، ١٧ وڵاتیش دوای هەرەسی سۆڤییەت و کۆتایی جەنگی سارد. لە کۆی ئەو سەد وڵاتە، تاک و تەرا وڵاتی وەک ئیسرائیل و کۆریای باشور و سعودیە و ئیمارات و عومانی لێ دەرچێت، باقی وڵاتەکانی تر و لە کۆی ١٨٠ وڵات و هەرێمی سەربەخۆ، لە ڕیزبەندیی ١٠٠ وڵاتە هەرە گەندەڵەکەی جیهاندان. 

ئەم ئەزموون و دیاردە جیهانییە پێمان دەڵێت، گەییشتن بە حوکمڕانی ڕەشید و دادپەروەی پرۆسەیەکی سەدان ساڵەیە و پەیوەستە بە کۆمەڵێک فاکتەری وەک: دامەزراوە، تەکنۆکراتی و داینامیکی دەیان ساڵەی ناو کۆمەڵگا و پرۆسەی دوورودرێژی نیشتیمانسازی و نەتەوەسازی.

پێنجەم: ئەم نەمەتەی نەبوونی پەیوەندی نێوان سەربەخۆیی وەک ڕووداو و دادپەروەری و حوکمڕانیی ڕەشید وەک پرۆسە لە چوار وڵاتە داگیرکەرەکەی کوردستان ڕوونتر بەرجەستە دەبێت.
هەر چوار وڵاتەکە لە یەکەمینی ئەو وڵاتانە هەژمار دەکرێن کە لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم سەربەخۆییان بەدەستهێناوە. ئێران و عێڕاق و تورکیا راستەوخۆ دوای جەنگی یەکەمی جیهانی و سوریاش لە کاتی جەنگی دووەمی جیهانییدا سەربەخۆییان بەدەستهێنا. 
بەڵام لە ڕووی دادپەروەری و ناگەندەڵییەوە، هیچ کامیان تەنانەت لە ڕیزبەندی ١٠٠ وڵاتەکەی جیهانیشدا نین. بەپێچەوانەوە، چوار داگیرکەرەکە لە ڕیزبەندی سەد وڵاتە هەرە گەندەڵەکانی دونیان. 

تورکیا لە ڕیزبەندیی ١٠٧، عێڕاق ١٣٨ و ئێران ١٤٠  و سوریا ١٧٨ دایە. بەواتایەکی تت، ئێمە لە جوگرافیایەکدا دەژین کە گەندەڵی و حوکمڕانی ناڕەشید جۆرێکە لە کەلتوور. ئەگەر چوار وڵاتەکە دوای سەدەیەک سەربەخۆیی نەیانتوانیبێت بەربەستی ١٠٠ وڵات لە ڕووی ناگەندەڵی و حوکمڕانی ڕەشیدەوە تێپەڕێنن، هەڵبەت ئەم چاوەڕوانییە لە کوردستانیش ناکرێت.

شەشەم: هۆکار و فاکتەرگەلی جۆراوجۆر بەربەستن لەبەردەم دابینکردنی حوکمڕانی ڕەشید و دادپەروەی و بنبڕکردنی گەندەڵی لە باشور، کە هیچیان پەیوەندییان بە ڕاپەڕینەوە نییە. لەو فاکتەرانەش:
‌أـ نەبوونی سەربەخۆیی: کە ئەمەش بەربەستی سەرەکییە لەبەردەم پرۆسەی نیشتیمانسازی و نەتەوەسازیدا، کە دوو فاکتەری سەرەکین بۆ دابینکردنی دادپەروەری و حوکمڕانی ڕەشید.

ب ــ ئابوری رەیعی (بەرخۆری): هەموو ئەو کۆمەڵگایانەی بەرخۆرن، لەگەندەڵترینی وڵاتەکانی جیهانن.
ج ــ لاوازی موئەسەسات و تەکنۆکرات و نوخبە.
دــ هەژموونی هەرسێ وڵاتی عێڕاق و تورکیا و ئێران بەسەر سیستەمی حوکمڕانی و هاوسەنگی هێزەکان و بە پاشکۆکردنی ئابوری.
هـ ــ کەلتووری ناسیۆنالیزمی خێڵ و زاڵبوونی ئەقڵی میلیتانتی شاخ و لێکەوتەکانی، لەوانەش شەری ناوخۆیی و دوو زۆنیی.
وــ نەبوونی هێزی نیشتیمانی و ئۆپۆزسیۆنی نیشتیمانی.

حەوتەم: دوا سەرنج و دوا بەرگری لە راپەڕین ئەوەیە؛ وەک ئاماژەم پێدا زۆربەی ئەو سەد وڵاتانەی کە لە سەد ساڵی رابردوودا سەربەخۆییان بەدەستهێناوە گرفتاری هەژاری و نادادپەروەرین و زۆربەشیان لە ڕیزی هەرە گەندەڵەکانن. هەر سەد وڵاتەکەش ڕۆژێکیان هەیە بۆ سەربەخۆیی، کە هەم شکۆی ئەو نەتەوانە و هەم ڕۆژی نیشتیمانییانە.

هیچ کام لەم سەد نەتەوە و وڵاتە بە هۆی هەژاری و نادادپەروەی و گەندەڵییەوە نەفرەت لە سەربەخۆیی ناکەن. تاکە هەڵاوێردێک کوردی ئەم هەرێمەیە. ئەم هەڵاوێردییە نیشانە و ئاماژەی وشیاری نییە، رێک بەپێچەوانەوە، ئاماژەیە بۆ داگیرکراوی و رزگارنەبوونی ئەقڵی تاکی باشورە. بنبڕکردنی گەندەڵی و نادادپەروەری بە خودنەفرەتی و لێدانی شکۆ و پیرۆزییەکانی نەتەوەیەک دابین ناکرێت، بەڵکو بە موجادەلە و شەڕی بەردەوام لە دژی خودی گەندەڵی ئەنجام دەدرێت. 
پیرۆزە راپەڕین، شکۆی هەموو شکۆکانی نەتەوەیەک.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار