پڕۆسەی ئاشتی لە باکوور لەنێوان تورکیا و ئیسرائیل

4 هەفتە لەمەوپێش



شێرکۆ کرمانج

چەند مانگێکە قسە لە پڕۆسەی ئاشتی لە باکوور و تورکیا دەکرێت. هۆکاری زۆر لە پشت دەستپێشخەریی ئەم گەڕەی پڕۆسەکەدایە، لەوانە: ماندووبوونی هەردوولا، گەیشتن بەو باوەڕەی کە لەڕێگەی خەباتی چەکداریی یان نکوڵیکردن هیچ لایەک بە ئامانجی خۆی ناگات، تا دەگاتە ئەو وەرچەرخانەی کە لە دید و تێگەیشتن و ئایدیۆلۆجیای ڕابەری تەڤگەری کورد لە باکوور، عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕوویانداوە. 

بەڵام هیچیان بە قەد ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە هاوسەنگی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتوونەتەپێش کاریگەریی نەبووە کە وەک ئاکامێکی شەڕ و پێکدادانەکانی دوای ٧ی ئۆکتۆبەر، کە وێرانبوونی غەززە و بەشێکی باشووری لوبنان و لاوازبوونی حەماس و حیزبوڵا و داتەپینی ڕژێمەکەی "حافیز ئەسەد" هاتوونەتە پێش. وەک ئاکامێکیش پەڕوباڵکردن و لە قاوغنانی ئێرانی بەرهەم هێنا. 

وەک بەرئەنجامێکیش هاوکێشەکانی هێز لە ناوچەکە گۆڕا؛ ئیسرائیلێکی ئێجگار بەهێز و تورکیایەکی سەرکێش و ئێرانێکی پەڕپووت و وڵاتانێکی عەرەبی بێدەنگی بەرهەم هێناوە.
لەم کورتە بابەتە هەوڵ دەدەم، گەنگەشەی پڕۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان بکەم لە پەیوەند بە ململانێی نێوان ئیسرائیل و تورکیا کە هەر یەکێکیان لە هەوڵی خۆبەهێزکردندایە. 

ئیسرائیل پێی وایە کە ڕووخانی ئەسەد و بێهێزکردنی ئێران زادەی لێدان و شەڕەکان و پلان و پیلانەکانی ئەوان بووە، بۆیە خۆیان بە شایستەی خەرمانەکە دەزانن. بەڵام ئەگەر تەماشای نەخشەکە بکەین، دەبینین کە یەکێک لە بەرئەنجامەکانی کار و کردەوەکانی ئیسرائیل، فراوانبوونی قەڵەمڕەویی تورکیایە، بەتایبەتی لە سووریا. بۆیە، ئیسرائیل دوای پچڕاندنی هیلالی شیعی و دوورخستنەوەی هەڕەشەکانی ئێران، دەیەوێت تورکیا نەبێت بە جێگرەوەی ئێران، واتە، بەو هێزەی کە بتوانێت لەڕێگەی سووریا و هاوپەیمانە ئیخوانییە-ئیسلامییەکانی لەوێ هەڕەشە لە ئیسرائیل بکات، وەک چۆن جاران ئێران دەی کرد. 

بۆ ئەم کردەیە، ئیسرئیل لەبەر ئەوەی دەسەڵاتدارە نوێکانی دیمەشق بە هیچ شێوەیەک وەک هاوپەیمان، یان نزیک لە خۆی، نە ئەمڕۆ نە سبەی، نابینێت. بۆیە، هەر زوو دوابەدوای گۆڕانکارییەکانی سووریا لە هەوڵی کەڵک وەرگرتنە لە دوو کارت، کورد و درووز.

ئیسرئیل دەزانێت کە درووزەکان هێزگەلێکن لەوانەیە نەتوانن ئەو ڕۆڵە ببینن کە ئیسرائیل دەیەوێت یان ئەو کردارە بکەن کە ئەو پێویستی پێیەتی بۆ گۆڕانکاریی لە هاوکێشە نێوخۆییەکانی سووریا.

بۆیە، خۆی لە هەوڵی خۆ نزیک کردنەوەیە لە کورد. ئەمەش لە قسەکانی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، گیدعۆن ساعر، بەدەرکەوت، کاتێک گوتی: "کوردەکان نەتەوەیەکی گەورەن... بێ دەوڵەتن... ئێمە دەبێ دەستی دۆستانە بۆ لای کوردەکانی ئێران و تورکیا ڕابکێشین و پێوەندیەکانمان بەهێز بکەین". دواتر، قسەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامێن نەتەنیاهۆ، هێندی دیکە ئەو خۆنزیکردنەوەیەی نیشاندا لەوەی کە گوتی: "ڕێگەنادەین دوژمنانمان لە لوبنان و سووریا بەهێزببنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەستمان درێژكردووە بۆ هاوپەیمانە درووزییەكانمان و دۆستە كوردەكانمان لە ناوچەكە". پێشووتر لە دیدارێک لە سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی کە بۆ مەزڵووم عەبدی ڕێکخرا بوو، عەبدی دانی بە بوونی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل نەنا، بەڵام نکوڵیشی لێ نەکرد و گوتی هەڵوێستی ئیسرائیل لە پشتیوانی کورد بەرز دەنرخێنین. 

لە هەموو ئەوانە، هەست بە نزیکبوونەوەیەک لەنێوان کوردانی ڕۆژاڤا و ئیسرائیل دەکرێت. هەردوولا پێویستیان بەیەکە. کورد پێویستیی بە هاوکاری ئیسرائیل‌ـە بۆ مانەوە و خۆپاراستن هەم لە هەڕەشە و هێرشەکانی تورکیا، هەم لە هەر پێکدادانێکی چاوەڕوانکراو لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیمەشق کە پێناچێت لەگەڵ ئیدارەی خۆسەری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بگەن بە هیچ لێکتێگەیشتنێک لە گفتوگۆکانیان. بەهەمان شێوە، ئیسرائیل‌ پێویستیی بە کوردە بۆ فشار خستنە سەر حکومەتەکەی دیمەشق و هاوکاریکردنی درووزەکان. ئیسرائیل نایەوێت حکومەتێکی مەرکەزی بەهێز لە دیمەشق دروست بێت، تەنیا کورد و هەسەدە دەتوانن ئەم کارە بکەن و ڕێگریی لە دروستبوونی حکومەتێکی بەهێز و سەرکێش بگرن.

لە هەمان کاتدا، تورکیا چاک دەزانێت کە لە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کورد ژمارەیەکە کە ناکرێت پشتگوێ بخرێت. هاوکات، ئەوەش دەزانێت کە ئیسرائیل بۆ دوورخستنەوەی سەرکێشییەکانی تورکیا و بۆ لاوازکردنی هاوپەیمانەکانی لە سووریا لەوانەیە کەڵک لە کورد وەربگرێت، بۆیە دەیەوێت ئەو چەکە، ئەو کارتە، لە دەست ئیسرائیلییەکان دەربێنێت و بیخانە ژێر دەستی خۆی. ئەمەش وای کردووە کە پشتیوانی لە پڕۆسەی ئاشتی بکات. 

لە پڕۆسەی ئاشتی، تورکیا دەیەوێت کۆمەڵێک ئامانج بپێکێت، لە پێش هەموویانەوە دوورخستنەوەی کورد لە بەرەی ئیسرائیل، کە لەم ئانوساتەدا، عەرەبەکانی کەنداو و ئەمریکا‌ـش لە هەمان بەرەن. بوون بە بەشێک لەم بەرە کاریگەرە زۆر گرنگە، بۆیە زۆر گرنگە کە کورد هەموو هەلێک بقۆزێتەوە بۆ نزیک بوونەوە لەم بەرە. 
بەکورتی، ململانێی ئیسرائیل و تورکیا لەسەر کوردە، هەرلایەکیان کورد بباتەوە هەنگاوێک لە زاڵبوون بەسەر ئەوی دیکەدا نزیک دەبێتەوە. پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئەدی کورد دەبێت چ بکات؟

من پێموایە کە کورد لە نێوان ئیسرائیل و تورکیا دەبێت هەوڵ بدات دوولایەنە، دووسەرە، واتە، بە دوو ستراتیجی جیاواز کار بکات، هەم لە تورکیا نزیک بێتەوە هەم لە ئیسرائیل. ڕوونتر بڵێم، دەکرێت پێشوازی لە دەستپێشخەری ئاشتی بکات لە تورکیا و هەندێک مەرجەکانی تورکیاش قەبوڵ بکات، لەوانە چەکدانانی پەکەکە بەڵام زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ تورکیا بکات چونکە من زۆر گومانم لە نیازەکانی تورکیا هەیە. 

لە ڕاستیدا، من پێموایە، وەک ئاماژەم پێ کرد، تورکیا تەنیا مەبەستی دوورخستنەوەی کوردە لە ئیسرائیل چونکە چاک دەزانێت ئەگەر ئیسرائیل پشتیوانی لە کورد بکات، ئەوا ئەمریکاش لە هاوکارییەکانی لە ڕۆژاڤا بەردەوام دەبێت، بەمەش هێزی کورد دەچێتە ئاستێکی بەرز. 

بە دەربڕینێکی دیکە، کورد لە باکوور دەکرێت بە پیر پڕۆسەی ئاشتییەوە بچن، لەبەر هیچ شتێک نەبێت بۆ دوورخستنەوەی هەڕەشەکانی تورکیا لەسەر ڕۆژاڤا. هاوکات، کوردانی ڕۆژاڤا و هەسەدە دەست درێژ بکەن بۆ ئەو ئاماژانەی کە لە ئیسرائیل‌ـەوە دێن و هەوڵی دروستکردنی پەیوەندییەکی ستراتیجی تۆکمە بدەن، هەم بۆ خۆپاراستن هەم بۆ پاراستنی درووزەکانی سووریا. کورد دەبێت ئەوە بزانێت ئەگەر ئیسرائیل نیازی پاکیش نەبێت ئەوە تورکیا نیازی گڵاوە، لەبەرئەوە نابێت بە بەڵێنەکانی تورکیا، هەڵبخەڵەتێ و هەڵەکانی حەسەن خەیرییەکان دووبارە بکاتەوە. 
ئەگەر کورد بتوانێت پاڵپشتی ئیسرائیل مسۆگەر بکات، ئەوە دەتوانێت وەک کارتێک لە دژی تورکیا لە پڕۆسەی ئاشتیش لە باکوور بەکاری بێنێت.

کورد ڕێزی سوارە، داخۆ دەتوانێت گەمەکە بباتەوە، ئەوە دواڕۆژ بۆمان دەردەخات. 
لە باکوری کوردستانیش دوای دەوڵەتی تورکیا و عەقڵیەتی فاشیزم لە دوای دەوڵەتی نوێی کەمالیزمەوە بۆ ماوەی زیاتر لە پەنجا ساڵ هەموو هەوڵ و کۆششیێکیان خستە گەڕ بۆ ئەوەی شتێک نەمێنێت بەناوی کوردەوە، زمان، جل و بەرگ، فەرهەنگ و کلتور، ناوی کوردی هەموو شت قەدەغە کرا، بەڵام لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی رابردوودا عەبدوڵا ئوج - ئالان و هاوڕێکانی توانیان رۆحی نیشتمانی و نەتەوەیی و بەرەنگاربوونەوە زیندوو بکەنەوە و پەکە - کەیان دامەزراند ، دوای ئەوە بەچەند ساڵێکی تر چەخماغەی شۆڕشیان لە شاخ و دەرەوەی وڵات هەڵگیرساند، چەندەها کەسی سەرکردەیان خرانە گونجی زیندانەوە، هەر ئەوان وردە وردە خەونی کەمالیزم و شۆفێنیزمیان کردە بڵقی سەرئاو .
رۆژگار هات و ئەو هێزە و سەرۆکەکەی بوونە ئەمری واقیع و توانییان تورکیا بهەژێنن، هێزی چەکدار لە هەموو شوێنێک دروست بکەن بوونە خاوەن ئابوری سەربەخۆی خۆیان، بەسەدان هەزار کەس لەناوەو دەرەوەی وڵات بکەنە لایەنگر و دۆست و هەواداری خۆیان، تەنانەت لەناو  هاوڵاتیانی تورک و نەتەوە جیاوازەکانی ئەوروپاش دۆست و لایەنگریان پەیدا کرد، لە ڕووی سیاسی و دیبلۆماسییەوە بوونە جێگای سەرنجی جیهان، توانیان بۆ یەکەمینجار ژنان بکەنە سەر مەشقی شۆڕش و خەبات و بوونە جێگای ئومێدی گەلی کورد لە باکور و پارچەکانی تریش .
هەرچەندە دەوڵەتی تورکیا و بە پیلانگێڕیەکی نێو دەوڵەتی لە ساڵی 199٩ دا توانیان ئۆج- الان بڕفێنن و دواتر دادگایی بکەن و سەرەتا حوکمی لە سێدارەدانی بۆ دەربکەن و دواتر حوکمەکە گۆڕدرا بۆ هەتا هەتایی ...
ئەو کات تورکیا و زۆرێک لە چاودێران پێیان وابوو کەئیتر ئۆج. الان و پەکە – کە و تەنانەت بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد لە باکور کۆتایی هات و ئیتر تورکیا وا بەئاسانی بۆی دەچێتە سەر و کوردیش خۆیان رادەستی تورکیا دەبنەوه... بێگومانیش بۆ هەموومان دیمەنەکە و شێوازی ڕفاندنەکەی زۆر ناخهەژێن بوو، ئاخر دەبێت لەوە ناخۆشتر چی بێت ببینیت بە بەرچاوی جیهان و لەبەردەم سستمی دیوکراسی جیهاندا بەپیلانگێڕیەکی نێو دەوڵەتی دور لە هەر بەهایەکی ئەخلاقی یەکێک لە هەرە سەرکردە دیارەکانی گەلەکەت بەو شێوازە بگیرێت و کەسیش خۆی نەکات بەخاوەنت!
بەڵام بە خۆڕاگریەکی بێوێنەوە، ئیرادەی ئاپۆ و گەلی کورد لە باکور و پەکە – کە، هەموو خەون و خەیاڵەکانی ئەوانی ئاوەژوو کرد و نەک کۆتایی بەو هێزە نەهات، بەڵکو بەتاکتیک و ستراتیژی نوێوە و بەگوڕتر کەوتنەوە تێکۆشان و ئەو هێزە نەک ملی نەدا بەڵکو زۆر لەجاران بەهێز تر بوو، ئۆج .الانیش نەک هەر نەبەزی بەڵکو وێڕای دابڕاندنی لە جیهانی دەرەوە و هاوڕێکانی، بەردەوام بوو لە نووسین و قوڵ بوونەوەی زیاتر، دەریشکەوت کە ئەو لە هەرکوێ بێت کاریگەری خۆی هەیەو ئەو هێزەش (پەکە - کە) بەبێ ئوج. الان پەنجە بەئاودا ناکەن و دووجەستەی لێک جیانەبووەوەن .
هەر بۆیەش بینیمان ساڵی 2013 قسەو باس سەبارەت بەپرسی ئاشتی هاتە کایەوە ، ئەوکاتیش ئوجەلان پەیامی ئاشتی بڵاو کردەوەو لەئامەدی باکوری کوردستان لەبەردەم نزیکەی ملیۆنێک هاوڵاتی کەلەزۆربەی هەرە زۆری شارەکانی  باکورو تورکیاوە و پارچەکانی تری کوردستان و ئەوروپاوە هاتبوون پەیامەکە بڵاو کرایەوە و هەر لەسەر داوای عەبدوڵا ئوج.الانی سەرۆکی زیندانیکراوە چەند مەفرەزەیەکی گەریلا چونەوە تورکیاو خۆیان رادەست کردەوە وەک پیشاندانی نیاز پاکی کوردان و پەکە - کە و سەرۆکی ئەو حیزبە و ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ بەرەو پێش بردنی پرۆسەکەو سەرکەوتنی دان و ستانەکان .
بەڵام چی رویدا دەوڵەتی تورکیا راستگۆ نەبوون و هەرزوو کەوتنە پیلان گێڕان و تێکدانی هەوڵەکان و هاوکات پێیان وابوو بەو فرت و فێڵە دەتوانن پەکە - کە هەڵبخەڵەتێنن و کۆتایی بەو هێزە بێنن .
بەڵام دیسان بەسەهودا چوون و نەیانتوانی بەخەونەکەیان بگەن، لەو کاتەشەوە تا ئەمڕۆ تورکیا شتێک نەماوە بەرانبەر بەگەلی کورد لەباکورو پەکە - کە ئەنجامی نەدەن، گرتن، ڕاوەدونان دانانی قەیوم، هێرش و لەشکرکێشی زەمینی و ئاسمانی، بەکار هێنانی چەکی قەدەغە کراو، هێرشی درۆنی و دەرونی و تا دوایی ..
هەموو ئەمانە نەک نەیانتوانی ئیرادەی گەلی کورد لە باکور لەناوبەرن، بەڵکو هێزی کوردان زیاتر بوو، کورد توانی بەربەستی لەسەدا %10 لەمپەری بەدەم چوونە پەرلەمان تێپەڕێنێت، کورد هیوای زیاتری بۆ دروست بوو، بارودۆخی رۆژئاوای کوردستانیش گۆڕانکاری بەسەردا هات و لەوێش کورد بووە ئەمری واقع و شەری تیرۆرو تاریکخوازانیان کرد وێنایەکی جیاوازیان نیشانی جیهان دا، هەموو ئەمانە تورکیاو ئەردۆغان شێتتر بوون و دەبینین لەهیچ ناگەڕێنەوە، لەشکرکێشی بۆسەر باشور و رۆژئاوا، گرتن و کوشتنی بەناحەقی خەڵکی سفیل و رۆژنامەنوس و زۆر کارو کردەوەی نامرۆڤانەی تر ... 
دوای هەموو ئەمانە و گۆرانکاریەکانی ناوچەکە و شەڕی غەزەو لوبنان و کوژرانی زۆرێک لەسەرکردەکانی حەما - س و حزبوڵای لوبنانی و لێدان لە هیلالی شیعی و راکردنی بەشار ئەسەد و روخانی رژێمەکەی و ڕەخساندنی هەلومەرجی باشتر بۆ کورد، داگیرکەرانی کوردستانی تۆقاندووە و بەتایبەتیش تورکیا کە لەوە دەترسن لەم گۆرانکاریەی ناوچەکە، گۆرانکاری بەسەر نەخشەی ناوچەکەدا روبدات و ئەوەی لێی تۆقیون بێتە دی و کورد ببێتە چوارچێوەی تایبەت بەخۆی ... لە هەڵپەی ئەم ڕوداوانەدا جارێکی تر بیرۆکەی ئاشتی لەلایەن دەوڵەت باخچەلیەوە هاتەوە کایە، حزبەکان و پەرلەمانی تورکیا هاتوونەتە پێش و ناو باسەکەوە، وەفدی ئاشتی و دەم پارتی چوونە ئیمراڵی و قەندیل و هەولێر و پەرلەمانی تورکیا و هەنگاوەکان بەرەو پێشەوە دەڕۆن پەکە – کە و ئوج.الانیش ئامادەییان بۆ ئاشتی دەربڕی، دەبوایە پەیامی ئوج.ەلان لەلایەن خۆیەوە بخوێندرایەتەوە، بەڵام دواتر گۆڕانکاری بەسەردا هات و لەلایەن وەفدی دانوسانکارەوە خوێندرایەوە، بینیشمان کاریگەری ئاپۆ لەسەر شەقامی کوردی لە باکور و ئەوروپا و پەکە -کە و دنیای دەرەوە چەندە! بینیمان چۆن پێشوازی لێکرا، پەیامەکەی ئوج.الان رون و ئاشکرابوو، هەر دەموو دەستیش پەکە - کە دیسان وەک نێتپاکی ئاگربەستی ڕاگەیاند .
راستە لەپەیامەکە هاتووە کە پێویستە پەکە - کە کۆنگرە ببەستێت خۆی هەڵبوەشێنێتەوە ، بەڵام ئەمە چ کاتێک ؟ ..
بێگومان ئەو کاتەی کە دەستوری تورکیا گۆڕانکاری بەسەردا بێت، جێگای مافی گەلی کوردی تیادا بکرێتەوە، دەرگای زیندانەکان بکرێتەوە و ئۆج.الان و ئەو هەزارەها کوردەی لە تورکیا گیراون ئازاد بکرێن، تورکیا بنەماکانی دیموکراسیەت و ئازادییە سیاسیەکان بەڕەسمی بسەلمێنێت، گرنتیەکی نێو دەوڵەتی و دەستوری هەبێت و ماف بگەڕێتەوە بۆ خاوەن ماف، لێبوردن بۆ گەریلا دەربچێت دوور لە فرتوفێڵ، ئەو کات دەکرێت باس لە هەموو شتێک بکرێت بەچەک دانانیشەوە، بەدەر لەوانە هەرگیز شتی لەو جۆرە نابینن تەنانەت بەخەونیش، لێرەو لەوێ دەبیستین کە خەڵکانێک دەڵێن ئەمە ئاش بەتاڵێکی ترە، کەبێگومان وانیە و نە ئاپۆ و نە پەکە - کەش ئەو هێزەن کە بەو ئاسانیە هەموو شتێک کۆتایی پێبێنن و هەرگیز لە قاموس و فەرهەنگی ئەواندا بیرۆکەی لەو جۆرە نیە و جێگای نابێتەوە. 
ئەوەی ئێستا هەیە ئەوەیە کە ئاپۆ لەلایەک  تۆپەکەی هەڵداوەتە گۆڕەپانی تورکیاوە و سەیر دەکات راستگۆیی و نیەت پاکی ئەوان چۆنە و چی دەبێت، لەلایەکی ترەوە سەلماندی کە ئەو نەک لەزیندانی ئیمرالی بەڵکو لە گوانتانامۆش بێت و تەنانەت لەژیانیشدا نەمێنێت رۆح و عەقڵ و بیری ئەو لە قەندلە و هەر لەوێش دەمێنێتەوە ... 
ئێستا دەرکەوت کە نە زیندان، نەکوشت و بڕ و هەموو ئەوانەی باسمان کردن ناتوانن بەر بە ئیرادەی گەلی کورد بگرن، ئوج .الان ئێستا لە زیندان نیە لە ئامەدە، لە وانە، لە قەندیلەوە قسە دەکات بەقەدەر قەندیلیش باڵا بەرزە ... 
لەکۆتایشدا دەڵێم ئەوە خودی پەکە - کە و ئوج .الانە بڕیار دەدەن چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە و پرسەکەدا دەکەن و مافی خەڵکانی تر نیە ببنە دەم ڕاستی ئەوان و بەکەیفی خۆیان لێدوان بدەن و ڕێ و شوێنیان بۆ دابنێن .
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار