ژنان ئەبێ داوای دادپەرورەی بکەن نەک یەکسانی! بۆ 8ی مارس

نما ناوپردانی

دوێنێ



نما ناوپردانی

ژنی ئازا و ئازاد پێویستی بەوە نیە جیھانی سەرمایەداری ڕۆژێکی بۆداتاشێت و چیرۆکێکیش بۆ یادەکە بکاتە پاڵپشت، ژنی وشیار ھەرگیز خۆی وەکو ژن نابینێت و لە ڕوانگەی جیاوازی ڕەگەزییەوە داوای مافەکانی ناکات، ئەوەی پێویستە دەبێ وەکو مرۆڤ خۆی ببینێت و ھەر لە ڕوانگەی مرۆییشەوە داوای ماف و دادپەروەری بۆ مرۆڤایەتی بکات.

چەمکی دادپەروەری بەندە بە کۆمەڵێ بنەما و ڕوانینی جیاواز، ڕەوشتبەرزی، ژیرێتی، یاسا و ئاین.

دادپەروەری هەوێنە بۆ یەکسانی و بەرجەستەکردن و هاوتاکردنی ئەرک و مافە، لابردنی بەربەست و جیاوازییە لەبەردەم  هەردوو ڕەگەزدا.

ژن یان پیاو خاڵە ھاوبەشەکەیان مرۆڤبوونە، نەک نێرینە یان مێیینە، ژنبوون یان پیاوبوون، ھەرکاتێکیش لە ڕوانگەی ڕەگەزی جیاوازەوە بەدوای ماف و ئازادیدا بگەڕێین تووشی بەریەککەوتن و کۆسپ دەبین، بەڵام لە ڕوانگەی مرۆڤبوونەوە داواکاری یان ھەوڵدان بۆ ماف و ئازادییەکان فۆرمێکی ڕوونتر وەردەگرێت و گومانە ڕەگەزیەکانیش دەڕەوێنێتەوە.

ئەگەر کات و ساتەکانی ژیانی ڕۆژانە ھەڵسەنگێنین، لە ھەموو ڕوویەکەوە ژنان زیاتر کارلێکیان لەگەڵ سات و ڕووداوەکانی ژیانی ڕۆژانە ھەیە، ئەوەش واتا ئەرکی زیاتریان لەسەرشانە، تاوەکو ئەرکیش زیاتربێت دەبێت لەبەرامبەردا مافیش زیاتربێت.

کەچی تا ئێستاش ھەڵسوڕاوەکانی بواری ژنان و ڕێکخراوە کارتۆنییەکانی کوردستان ھەر داوای یەکسانی دەکەن! کاتێ دەتەوێ داکۆکی بکەیت لە یەکسانی و داواکاریت ئەم چەمەکەیە، کەواتا  تۆی ژن دەیسەلمێنیت هەتا ئێستا هاوتای پیاو نیت. بۆیە پێویستە دروشم و ئامانجەکە دادپەروەری بێت.

هەر  ئەو نایەکسانییە وایکرد لە ساڵی ١٩٠٨ لە کارگەیەکی ڕستن و چنین  لە ئەمریکا لە ئەنجانی مانگرتنی کرێکارەکان توندوتیژی ڕوویدا لە دژی ژنان، هەر  لەم ڕۆژەدا چەندین ژن لەناودەبرێن و  دەکوژرێن،

لەدوای ئەوە ئەم شۆڕشە تەشەنەی کرد و ڕۆژ بۆ ڕۆژ چالاکی زیاتر دەستی پێکرد لەلایەن ژنانی ئەمریکا و ئەوروپا و یەکیەتی سۆڤیەتەوە.

 

بیرۆکەی  ناساندنی ڕۆژی ژنان بۆ  یەکەم جار لە ئەڵمانیا لەلایەن (کلارا زێتکین)ەوە خرایە ڕوو، کە چالاکوانێکی سۆسیالیستی ئەڵمانی بوو لە ساڵی ١٩١٠ دا و لە کاتی کۆنفراسی نێودەوڵەتی ژنانی سۆسیالست لە کۆپنهاگنی دانیمارک بەڕێوەچوو. کلارا هەر ئەو ڕۆژە ئەم بابەتەی وروژاند و ئەم سەرهەڵدانەش وەک تەوژمێک  قوڵپەی کرد و هاتە ئاراوە، دوای ئەوەی ژنانی جیهان ڕووبەڕووی هەزاران  بارودۆخی نەخوازراو بوونەوە و هەستی بەرپرسیاریەتیان ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر ئەبوو، توانیا شۆڕشێک بەرپا بکەن لەوێدا ماف و ئازادیەکانیان بەرجەستە بکەن.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار