لە گروپێکی گچکەوە بۆ لوتکە

گۆران هەڵەبجەیی
دوێنێ
گۆران هەڵەبجەیی
لە نۆڤەمبەری ساڵی[ ١٩٧٨]ی سەدەی ڕابردوودا چەند گەنجێکی باکوور کە ژمارەیان لە پەنجەکانی دەستێک تێپەڕی نەدەکرد، سەرکێشییەکی مەزنیان کرد، ئەویش دامەزراندنی حیزبێکی سەرچڵ و شۆڕشگێڕ بوو بەنێوی{پارتی کرێکارانی کوردستان}.
ئەودەمەی ئەو گەنجە خوێنگەرمانە ئەم هەنگاوەیان نا، هەرگیز بیریان لەوە نەکردبوویەوە کە ئەم حیزبە لە ئایندەدا تورکیای ئەندامی ناتۆ، لە ڕووی ئابوری و سەربازیەوە ماندوو دەکات و دەبێتە هۆی قەیرانێکی هەمەلایەن بۆیان. ئەوەش لە هزریاندا نەبوو کە لە جیهاندا دەناسرێن و دەبنە ژمارەیەکی گرنگ لە نێو هاوکێشەکانی دەڤەرەکە. یان دەبنە بابەتی گەرمی میدیاجیهانیەکان و ناوەندە سیاسی و حکومیەکان.
دیارە گەر لەو دەمەدا ژینگەیەکی لەبار لە تورکیا بۆ کاری حیزبی لەئارادا بووایە، ئەو چەند گەنجە پاش چەند ساڵێک ئەڵتەرناتیڤێکی دیکەیان هەڵنەدەبژارد کە ئەویش پەنابردن بوو بۆ چەک.
لەپاش ئاوابوونی خۆری ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و دامەزراندنی دەوڵەتی مەدەنی لەسەر دەستی کەمال ئەتاتورک، ئیدی کۆڵەکەکانی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر، نەژادپەرست، نادادپەروەر لە تورکیا چەقێنرا. لەو مێژوەوە تا ئەم سەردەمەش هەر ئەتنیک و نەتەوەیەک داوای مافی خۆی کردبێت وەک میللەتی کورد، ئەوە بەدڕنداترین شێواز سەرکووتکراوە. هەر ئەمەش بوو وای لە (پەکەکە) کرد بۆ داکۆکی لە بوونی گەلەکەیان چەک هەڵبگرن.
میللەتی زیندوو و خاوەن کەرامەت هەرگیز ڕێگە نادات سوکایەتی و چەوساندنەوە ببێتە میتۆدێکی چەسپاو، هەرگیز ملکەچی واقیعی سەپێنراو نابێت، بەڵکو بەهەر شێوازێک بێت داکۆکی لە خۆی دەکات، ئەمەش لە شۆڕش و سەرهەڵدانە بەردەوامەکانی باکوردا بەجەرستەبوون، کە بەداخەوە سەرجەمیان زۆربەدڕندانە خامۆش کران.
بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتدارانی تورکیای ڕەگەزپەرست، ئەم حیزبە ساڵی [١٩٨٤]بە ڕابەرایەتی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان یەکەم بڵێسەی شۆڕشی چەکداری هەڵکرد. ئەم شۆڕشە بە میتۆدێکی نوێ و لە بەرگێکی ئایدۆلۆجیای چەپی سەردەمیانە و شۆڕشگێڕانەدا خۆی نمایش کرد. ئیدی لەو دەمەوە تا ئێستا بڵێسەی ئەو گڕە بڵندتر و مەزنتر دەبێت.
شۆڕشی پارتی کرێکاران تەنها لە ڕێکخستنێکی پڕ دیسپلین و هێزێکی چەکداریدا قەتیس نەبوو، بەڵکو بەرهەم هێنەری کۆمەڵێک لە داهێنانی سەرکەوتووی ناوازەبوو لە شێوەی ڕێکخراوی پیشەیی و جەماوەی هەمەبوار و هەمەلایەن و هەمەئەرکدا، لە وێنەی میدیایی، کۆمەڵایەتی، هونەری، کەلتووری، گەنجان، زارۆک، ژنان، ئینسانی، ئابووری و چەندین بواری دیکە. دەتوانم بڵێم وڵاتی ئەوروپی نییە دەستی ئەم ڕێکخراوە پیشەیی و جەماوەریانەی پێنەگەیشتبێت.
هاوکات وڵاتێک، کیشەوەرێک، دەڤەرێکی ئەم جیهانە شک نابەم کە کوردی تێدابژی و کاریگەری ئەم بزافە شۆڕشگێڕەی لەسەر نەبێت، ئیدی وەک ئەندام و لایەنگر یاخود وەک بوونی چەندین چالاکی و پرۆژەی هەمەجۆر، کە ئیلهامیان لەم بزافە وەرگرتوە.
لەلایەکی دیکەوە ئەم بزافە شۆڕشگێڕە ئەو کۆتوبەندەی شکاند کە دەوڵەتی تورک بەناوی [تیرۆرەوە] کردبوویە ملی، ئێستا وڵاتانی جیهان بە چاوی خۆیان دەڕواننە ئەم بزاڤە، نەک بە چاوی دەسەڵاتدارانی تورک. ڕاستە تا ئێستاش بەهۆی بەرژەوەندییە ئابورییەکانیانەوە ناتوانن مامەڵەی ڕاستەخۆیان لەگەڵ بکەن، بەڵام داوەتکردنی هاوسۆز و دۆستەکانیان لەلایەن هەندێک وڵاتانی خاوەن سەنگی ئەوروپاوە، یاخود داکۆکی پەرلەمانتارانی ئەوروپی لە کورد و دۆزە ڕەواکەی لە دانیشتنەکانیاندا، یان پێشوازی گەرم بە چەپڵەڕێزان لە سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی ڕۆژئاوا لە لایەن جەماوەری بەرفراوانی وڵاتانی ئەوروپاوە، یان پێشوازی گەرم لە کەلتوور و گۆرانی کوردی لە جیهاندا، هەموو ئەمانە دەرەنجامی خەباتی کەڵەکەبووی ئەو شۆڕشەیە بە هەردوو باڵەکەیەوە.
لەسەر ئاستی کوردستانیش هێندە بەسە کە بڵێین ئەم بزاڤە دۆزی کوردی بردووەتە ئاستێکی باڵا کە دەتوانم ناوی بنێم {شۆڕشی ناسنامە لە ناخی تاکی کورد}دا، ڕوونتر بێژم بەر لەو سەرهەڵدانە تاکی کورد بە تایبەت لە باکوور لە دۆخێکی پڕ نائومێدی و فشار و ترسدا دەژیا، بەجۆرێک نەیاندەوێرا کوردبوونی خۆیان ئاشکرابکەن، بەڵام ئێستا بە گەنج و بەتەمەنەوە سەربەرزانە و بەشانازییەوە باسی کوردبوونی خۆیان دەکەن و داکۆکی لە ناسنامەی خۆیان دەکەن. ئەمەش لە کۆبوونەوەکانی دایکانی شەممە و ئاهەنگەکانی نەورۆزی باژێڕەکانی باکوور و ئیستەنبوڵ و چالاکییە هەمەجۆرەکاندا دەردەکەون.
خاڵێکی گرنگ پێویستی بە ئاماژەیە ئەویش مەسەلەی شۆڕشە چەکدارییەکەی پارتی کرێکارانە، ئەم شۆڕشە چەکدارییە کە بەر لە[٤١]ساڵ بەرپابوو، وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، مەبەست لێی داکۆکیکردن بوو لە بوون و شوناسی نەتەوەکەیان لە باکوور، واتە چەک ئامرازبوو بۆ گەیشتن بە ئامانج. ئامانجیش بریتی بوو لە گەیاندنی پەیامێک بە دەسەڵاتدارانی یەک لە دوای یەکی تورکیا کە دەڵێت؛ ئێوە چەند بەهێز و باڵادەست بن ناتوانن ئیرادەمان بشکێنن، ناتوانن بێدەنگمان بکەن، ئێمە بەرەنگارتان دەبینەوە، زیانتان پێدەگەیەنین، ئارامیتان دەشێوێنین، خەوتان دەزڕێنین.
ئەودەمەی ئەم شۆڕشە چەکدارییە سەریهەڵدا ژمارەیان کەم بوو، گەورەترین چەکی دەستیان کڵاشینکۆف بوو، دۆستەکانیان کەم بوون و دوژمنیان زۆر، بەڵام لە ئێستادا پەکەکە وەک حیزب و وەک هێزی چەکدار لە ئاستێکی باڵادان، بەو ڕادەیەی خاوەنی درۆن و چەندین جۆرە چەکی پێشکەوتوون کە هەندێکیان بەرهەمی ئەقڵی خۆیانە. دڵنیام کە دەسەڵاتدارانی باڵای تورکیاش ئەم حەقیقەتە دەزانن و حساب بۆ ئاستی توانای گەریلا دەکەن.
کەواتە هێزی گەریلا بەرەنگاری تورکیایەک بووەتەوە کە دووەم هێزی ناتۆیە و خاوەنی تەکنەلۆجیای سەربازی و هەمووجۆرە چەکێکی پێشکەوتووە.
دەتوانم بڵێم لە ئێستادا پارتی کرێکاران لە پێگەی هێزدایە نەک لاوازی، دۆست و دوژمن ئەم ڕاستییە دەزانن، بۆیە دەتوانم بڵێم تورکیا لە ڕووی سەربازییەوە چەند بەهێز بێت ناتوانێت کۆتایی بەو هێزە شۆڕشگێرە بهێنێت. دیارە چوونە نێو پرۆسەی دانوستان بۆ ئاشتی لە مەوقیعی هێزەوە باشترین بژاردەیە، چونکە لەم حاڵەتەدا سەپاندنی داواکارییەکان گەر هەموویشی نەبێت بواری زیاترە.
لای ئەردۆغان ڕوونە کە {پەکەکە} لە ئێستادا وەک هێزی گەریلا یا وەک هێزێکی سیاسی خاوەن دیسپلین نە لاواز دەکرێت و نە لەناو دەبرێت، بۆیە ڕێکەوتن لەگەڵیدا تاکە بژاردەیە و هاوکات بژاردەیەکی ئەقڵانیشە.
دوا قسەم ئەوەیە گەر ئەم بزاڤە شۆڕشگێڕە لە ڕێڕەوی خەباتیدا بە چەندین قۆناغی دژوار و سەختدا گوزەری کردبێت و لە چەند خەباتگێڕێک و ژمارەیەک گەریلاوە گەشتبنە ئەم ئاستە باڵایەی ئێستا، کەواتە با ترس و خەم داماننەگرێت و دڵنیابین کە ئایندە لە بەرژەوەندیانە.
