شەڕڤانانى هەسەدە سێ درۆنی چەتەکانى توركیایان خستە خوارەوە

23 كاتژمێر لەمەوپێش
ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەڵێت، داگیرکەری تورکیا و گروپە هاوپەیمانەكانی بەردەوامن لە چڕكردنەوەی هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا و، پێشێلکردنی سەرجەم پەیماننامە و رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، کە تایبەتن بە شەڕ و ململانێکان و رێساکانی شەڕکردن.
هەسەدە ئاماژە بەوەدەكات، لە میحوەری بەنداوی تشرین، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا، دوێنێ چوارشەممە گوندی "خربە ئەلزەمالە"یان لە گوندەواری باشوری رۆژهەڵاتی مەنبەج بۆردومان کردووە، لەگەڵ کردنە ئامانج شوێنی نیشتەجێبونی کرێکارانی بەنداوەکە، هاوکات بە تۆپی قورس تۆپبارانی دەوروبەری بەنداوەکەيان کردووە بە درێژایی شەوی سێشەممە/چوارشەممە بەردەوام بووەو زیانی ماددی لێکەوتووەوە.
لە بەشێكی تری بەیاننامەكەدا هاتووە، گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی تورکیا، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی هێرشیان کردووتە سەر پێگەکانی هێزەکانمان لە دەوروبەری بەنداوەکە و شەڕڤانان توانیویانە سێ فرۆكە بخەنە خوارەوە.
لە بەرەی قەرە قۆزاکیش، فڕۆکە جەنگییەکانی توركیا زنجیرەیەک هێرشیان كردووەتە سەر گوندەکانی "غەسق و ئەلتینە"، هاوکات بە تۆپی قورس و تانک و موشەک و هاوەن گوندەکانی "ئەلتینە، جەعدە، بیر حەسو، غەسق، دیکان، مەلحە و ئەلسەنع"یان بۆردومان كردووە، هەروەها هەردوو گردی "سەیفی و قەرەقۆزەک" بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بۆردومان کردوەو زیانی ماددی بە ماڵ و موڵکی دانیشتوان گەیاندووە.
