دەسەڵاتی کوردی ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ گۆڕانکاریدا بکات
6 ساڵ لەمەوپێش
دەسەڵاتی کوردی و گۆڕانکاری دوو چەمکی زۆر دوور لەیەکدین، چونکە دەسەڵاتی کوردی ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ گۆڕانکاریدا بکات و بڕیاریداوە بۆ هەمیشە پەیڕەوی پڕۆگرام و یاسایەکی کۆن بکات کەتەنها ئامانج لێی دەستخستنی بەرژەوەندی و پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی چینێکی دیاریکراوی دەسەڵاتە کە بەعەقڵێکی کۆنەپەرستی و توندڕەوانە حکومڕانی هەرێمێک دەکەن، بێ گوێدانە داواکاری و مافە ڕەواکانی گەلەکەیان.
بەڵام لەهەمان کاتدا ئەوەش جێگەی داخە کە دەتوانین بڵێین بیروباوەڕی دەسەڵاتی کوردی بۆ بەڕێوەبەردن ڕەنگدانەوەی گەلە، چونکە گەلی کوردیش تاکو ئێستاش بەهەمان بیروبۆچونی پێش سەدەی 21 دەڕوات بەڕێوەو ناتوانێت لەگەڵ گۆڕانکاریدا هەڵبکات، عەقڵی خۆی زیندانی کردووە کە ئەمەش دەبێتە مەترسی بۆ نەوەکانی ئایندەو لەبەرژەوەندیشە بۆ دەسەڵات. وەک مەریوان وریا قانع دەڵێت»زیندان لەم ناوچەیەی ئێمەدا کەمتر پەیوەندی بە پاراستنی کۆمەڵگەوە هەیەو زیاتر بۆ پاراستنی ئەو گروپە دەسەڵاتدارانەن کە حکومڕانن». هەربۆیە پێویستە گەلی کورد ئەوە بزانێت گۆڕینی دەسەڵاتێکی کۆن سەرەتا پێویستی بە گۆڕینی بیروباوەڕی تاکەکانی ئەم کۆمەڵگەیە هەیە، نەبەز گۆران دەڵێت»بەبێ گۆڕینی بیرکردنەوەی تاکی کورد هیچ گۆڕانێک ڕوونادات،چونکە کێشەی کورد بیرنەکردنەوەیەتی، بۆیە بەر لەوەی باس لەگۆڕینی گروپێک بکەین، پێویستە سەرەتا خۆمان بناسین و بیرکردنەوەی خۆمان بگۆڕین».
حکومڕانیی کوردی هەر لەسەرەتای دروستبونەیەوە لەشاخ کە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی نەیارانی کوردبوو تاکو ئێستاش بەهەمان یاسا دەیانەوێت ئەم هەرێمەی ئێستا بەڕێوەببەن، قبوڵی گۆڕانکاری ناکەن و ناتوانن لەگەڵ گۆڕانی عەقڵی تاکەکاندا هەڵ بکەن، کە ئەرکی هەر تاکێکی زیندووە لەگەڵ سەردەمدا وەک هاوڵاتیانی وڵاتانی پێشکەوتو داوای مافە ڕەواو سەرەتاییەکانی خۆی بکات و داوای سایەو سێبەری حکومڕانیەتیەکی دیموکراسی و دور لەگەندەڵی و ناعەدالەتی بکات، بەڵام بەداخەوە تاکو ئێستا هەرێمی کوردستان کە لەژێرسایەی دوو پارتی باڵادەستدایە هیچکام لە پارتە حکومڕانەکان نەیانتوانیوە بەرگێکی نوێ بکەن بەبەری عەقڵیەتی خۆیانداو بە ڕێسایەکی نوێ هەرێم بەڕێوەببەن، نەک تەنها هەر ئەوە بەڵکو هەر تاکێکی ئەم کۆمەڵگایە دەنگی ناڕازی بەرز کردبێتەوەو داوای گۆڕانکاری و چاکسازی کردبێت بێباکانە هەوڵی بێدەنگکردنیان داون جا چ بەگرتن بێت یاخود تیرۆرکردن. 27 ساڵە کورد خۆی باڵادەستە بەڵام جێگەی داخە هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆ نابینرێت لەگەڵ کاتی ژێردەستەیی، ئەوەی گۆڕاوە تەنها کەسایەتییەکانە بەناوی نوێوە.
لەگەڵ ئەوەی هەندێک لەبەرپرس و کاربەدەستانی پلە بەرزی حکومەت بێگومان کەدەبێت لایەنگر یان لەنەوەی هەریەک لەو دووبنەماڵەیەبن کەسانی گەنج و تازەپێگەیشتون کە بەهۆی خێروبێری ئەم هەرێمەوە هەرزوو ڕەوانەی زانکۆ جیهانییەکان کراون و لەگەڵ پەروەردە و تاکی ڕۆژئاواییدا خوێندویانە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە بەبڕوانامەی ماستەرو دکتۆرا دەگەڕێنەوە بۆ کوردستان بەڵام بەهەمان مەزاج و بیرکردنەوەو میکانیزمی بنەماڵەکەیان و باوانی پێشخۆیان هەرێم بەڕێوەدەبن بێ ئەوەی هەست بەهیچ گۆڕانکارییەک بکەین، وەک مارک توانین لەکتێبی «مرۆڤ چییە؟»دا دەڵێت «مەزاج بۆماوەییە بیروباوەڕ قابلیەتی گۆڕانی هەیە بەڵام مەزاج ناکرێ بگۆردرێ «. کەواتە دەتوانین بڵێین کورد و گۆڕانکاری دوو وشەی فرە لەیەک دوورن و لەژێر سایەی دەسەڵاتی سەوزو زەرد هەرگیز بەیەک ناگەن