تورکیا لەدۆسێی خاشقچیدا سودمەندی یەکەمە
6 ساڵ لەمەوپێش
جەمال خاشقجی یەکێکە لەڕۆژنامەنووسە دیارەکانی سعودیە کە لەڕێی بەرنامە تەلەفزیۆنیەکان و وتارەکانییەوە رەخنە لەدەسەڵاتدارانی سعودیە دەگرێت و بەتایبەتیش لەو دۆسێیانەی پەیوەندییان بەدروستکردنی ناکۆکی لەگەڵ قەتەرو کەنەداو هەڵگیرساندنی شەڕی یەمەن و سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆی سعودیەوە هەیە. خاشقچی ساڵی 1958 لەشاری مەدینەی سعودیە لەدایکبووە و سەرنووسەری رۆژنامەی عەرەب نیوز و وەتەنی سعودیە بووە، لەساڵی 2004 راوێژکاری راگەیاندنی ترکی فەیسەڵ، باڵیۆزی وڵاتەکەی بووە لەبەریتانیا و دواتر لەواشنتۆن.خاشقچی لە ٢ئۆکتۆبەردا سەردانی کونسوڵخانەی سعودیە لە تورکیا دەکات بۆ بەدەستهێنانی چەند بەڵگەیەکی پێویست تاکو بتوانێت ژیانی هاوسەرگیری پێکبهێنێت لەگەڵ خانمێکی بەڕەگەز تورک، بەڵام دوای چوونی بۆ کونسوڵخانە، دیارنامێنێ.
ئەمە ئەو چیرۆکەیە کە تاوانێک وێنادەکات و هەمووان لەدەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە گوێبیستی بووین.بەڵام ئێمە لێرەدا ناچینە نێو وردەکاری دیارنەمان و چۆنێتی کوشتن و شاردنەوەی تەرمی تاوان لەسەرکراو، بەڵکو باس لەپاڵەوانی چیرۆکە تاوانکاریەکە دەکەین کە دەوڵەتی تورکیا ڕۆڵێکی سەرەکی تیادەبینێ، کەچۆن یاریەکی زیرەکانەی سیاسی دەکات و چۆن ئەم کێشەیە لەبەرژەوەندی و دەسکەوتی سیاسی خۆی دەقۆزێتەوە.
تورکیا هەر لەسەرەتاوە هەموو زانیاریەکی دەربارەی دیارنەمان و کوشتنی خاشقچی لابووە، ئەویش لەڕێی مۆبایلەکەی تاوان لەسەرکراو کە لەلای دەزگیرانە تورکەکەی بووە، لەڕێی بلوتوسەوە گرێدراوە بەکاتژمێرەکەی دەستیەوە.هەروەها لەڕێی دەزگا هەواڵگریەکانیەوە چی لەنێو قونسڵخانەکەدابێ و یا لەدەرەوەی دابێ، هەموو وردەکاریەکی دەربارەی تاوانەکە زانیوە، بەڵام هەتا خێزان و کەسوکارەکەی و ڕای گشتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی و سەرجەم دەزگا میدیایەکان نەکەوتنە سۆراغ و پرسیار لەدیارنەمانی هیچ زانیاریەکی کەم تا زۆر بەکەس نەدا.تاگەیشتە ئەو قەناعەتەی کەکاتێتی دوا تیری خۆی بهاوێژێ و بیپێکێ و پێکاشی.
ئەو هۆکارو دەسکەوتە سیاسیانەی دەوڵەتی تورکیا لەدۆسێیەی جەمال خاشقچیدا کە بەدەستیهێناون چین :-
یەکەم.. هەنگاوی یەکەمی دەسبەکاربوون بۆ زیندوکردنەوەی خەونی دەوڵەتی عوسمانی ئەویش بەلێدانی پێگەی سعودیە کە لەئێستادا جڵەوی ڕابەرایەتیکردنی سوننە دەکات لەناوچەکەدا.
دووەم..سوککردن و لێدان لەهاوپەیمانێتی ئەمریکاو سعودیە و چەند دەوڵەتێکی تری ناوچەکە، لەبەرامبەر هاوپەیمانێتی و خۆشیرینکردنی و خۆخزاندنی بۆ ناو هاوپەیمانێتی ڕوسیا و ئێران و چەند دەوڵەتێکی بێ ئەرزشی ناوچەکەدا.
سێیەم.. بۆ هەلێک دەگەڕا کە لەسەری نەکەوێ، بەبەردانی قەشە ئەمەریکیەکە، ئەم دۆسییەی خاشقچی وایکرد کە نەکەوێتە ژێر لۆمەو توانجی نەیارەکانی، کە کەوتبۆ قسەی خۆیەوە نەیدەزانی چۆن لێی دەربازبێ، بەناچاری تەسلیم بوو بەئیرادەی ئەمەریکا بۆ سوککردنی سزا ئابوریەکانی کە ماوەیەکە باری ئابووری تورکیای نابوت کردووە.
چوارەم.. بۆیە زانیاریەکانی بەیەکجار نەخستەڕوو، تا سعودیەو ئەمەریکا بەیەکەوە کێشەکە دیزە بەدەرخۆنە نەکەن و تاوانەکە بەتەواوی لەبەین بەرن و بیشارنەوە، بۆ سەلماندنی بۆ چونەکەمان..وتەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان بوو لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا رایگەیاند، «لایەنە پەیوەندیدارەکان پێویستە بانگەشەی داواکاری گشتی بسەلمێنن، ئەگەر خاشقچی لەو شوێنە چووبێتە دەرەوە ئەوا پێویستە ئێوە بەگرتەی ڤیدیۆیی ئەوە بسەلمێنن، پێویستە بیسەلمێنن، بەدواداچوون و چاودێریکردنی ئەم قۆناغە بۆ ئێمە ئەرکێکی سیاسی و مرۆییە».هەرواش بوو بۆ ئەوان دەسکەوتێکی گەورەی سیاسیە لەبەرانبەر نەیارەکانیدا.
لێرەدا دەرکەوت دەوڵەتی سعودیە نەزانانە یاریەکی دۆڕاوی کرد، کردیە دیاری و دەسکەوتێکی پڕ بایەخ بۆ دەوڵەتی تورکیا، ئەردۆغان بەئاسانی بەروبوومی پیلانەکەی سعودیەی بۆ خۆی قۆستەوەو ناوو ناوبانگی سعودیەی لە بەردەم سیاسەتی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی سوک و ڕسواکرد.