ئەمرۆ 37 ساڵ بەسەر کیمیابارانی شاری هەڵەبجەدا تێدەپەڕێت

23 كاتژمێر لەمەوپێش
37 ساڵ پێش ئێستا و لە رۆژى 16ى ئازار ساڵى 1988 دەیان فڕۆکەى جەنگى بە زیاتر لە 200 بۆمبی کیمیایی بەچڕى ناوەندى شارى هەڵەبجە و دەورووبەریان بۆردوومانکرد.
رووداوەکە هاوکات بوو لەگەڵ جەنگى هەشت ساڵەى نێوان عێراق- ئێران، کاتێک رۆژى 14ى ئازار سوپای ئێران ئۆپەراسیۆنى بۆ داگیرکردنی ناوچەکانی هەڵەبجە، خورماڵ، بیارە و تەوێڵە، دەستپێکرد و توانیی بەشێکى ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ بکات، رژێمى عێراق دواى شکستهێنانى لە بەرپەرچدانەوەى هێرەشەکانى ئێران بۆردوومانەکانى بۆسەر هەڵەبجە و دەورووبەرى بە چەکی کۆکوژ چڕکردەوە.
کاتژمێر 11:00ى سەر لە بەیانیی رۆژى 16ى ئازار ساڵى 1988 رژێمى عێراق بە چەکی کیمیایی و بۆمبی نیو تۆنی هێرشى کردە سەر هەڵەبجە، لە ماوەی ئەو رۆژەدا تاوەکو بەرەبەیانیى رۆژى 17ى ئازار بەردەوام بۆردوومانی هەڵەبجەکرا، ئەو گازە کیمیاییانەی بەکارهێنرابوون بریتیبوون لە گازەکانی سارین، سیانید، تابوون، خەردەل، ڤی ئێکس.
هەرچەندە تاوەکو ئێستا ئامارێکى دروست سەبارەت بە ژمارەى قوربانیانى کیمیابارانى هەڵەبجە لەبەردەست نییە، بەڵام بەگوێرەى رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ پێنج هەزار و 461 کەس گیانیان لەدەستداوە و 12 هەزار و 800 کەسیش برینداربوون، کە 68%ى قوربانییەکان لە خوار تەمەنى 18 ساڵەوە بوون.
هەروەها 211 منداڵى 74 خێزانیش ونبوون، کە تاوەکو ئێستا چارەنووسى بەشێکیان بەنادیارى ماوەتەوە.
بەگوێرەى ئامارەکان، زیاتر لە 700 برینداری تۆمارکراوی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە هەن و بەشێکى زۆریان دۆخى تەندروستییان ناجێگیرە.
هەروەها دوای کیمیابارانکردنی ناوچەکە، رێژەی لەبارچوون 14 هێندە زیادی کردووە، شێرپەنجەی قۆڵۆن 10 هێندە و نەخۆشییەکانی دڵ چوار هێندە زیادیان کردووە، لەگەڵ زیادبوونى نەخۆشییەکانی هەناسەدان و کێشەی پێست و چاو.
بەگوێرەى ئامارى کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە، بەر لە کیمیابارانەکە ژمارەی دانیشتوانی هەڵەبجە و گوندەکانی دەوروبەرى بەگوێرەى سەرژمێری ساڵی 1987، 115 هەزار و 540 کەس بوون، کە لە شارەکە و 216 گونددا نیشتەجێبوون، بەڵام دواى کیمیابارانەکە لە کۆى 216 گوند تەنیا 18 گوند بە ئاوەدانی مانەوە و سامانى ئاژەڵ و کشتوکاڵی ناوچەکەش بەتەواوى لەناوچوو.
