پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سوریا و ڕۆڵی تورکیا

بەختیار ئەحمەد ساڵح
2 ڕۆژ لەمەوپێش
بەختیار ئەحمەد ساڵح
پوختە
دیداری چاوەڕواننەکراوی بەرپرسانی باڵای تورکیا لەگەڵ ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی کاتی سوریا، و ڕاپۆرتەکانی پێکهێنانی هێزێکی میلیشیای سەر بە تورکیا لە سوریا، ئاماژەن بۆ گۆڕانکاری ستراتیژی لە سوریا. ئەم بابەتە بەدواداچوون بۆ کاریگەری ئەم پێشهاتانە لەسەر ئایندەی سوریا و ڕۆڵی تورکیا لە ناوچەکە و بژاردەی سیاسەت بۆ گەمەکارە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکان دەکات.
پێشەکی
لە ١٣ی ئازاری ساڵی 2025 شاندێک کە پێکهاتبوو لە وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگری و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) سەردانیان کرد بۆ دیمەشق و لەگەڵ ئەحمەد ئەلشەرع کۆبوونەوە. مەبەست لەم سەردانە هەماهەنگی بوو لەسەر پرسە ئەمنییەکان و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ هێزە چەکدارەکان و دامەزراندنی هێزێکی نوێی میلیشیا لە سوریا بە پشتیوانى تورکیا.
ئامانجەکانی تورکیا
- کۆنتڕۆڵکردنی ناوچە سنوورییەکان و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی گروپە تیرۆریستییەکان: تورکیا بە جێگیرکردنی هێزێکی میلیشیای ناوخۆیی هەوڵدەدات سەقامگیری لەسەر سنوورەکانی مسۆگەر بکات.
- جڵەوکردنى هەژمونى کورد: ڕێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی ناوەندی سوریا نیگەرانی بۆ ئەنقەرە دروستکردووە کە ڕەنگە ببێتە هۆی گرتنەبەرى سیاسەتی توندتر لەدژی کورد.
- زیادبوونی هەژمون لە سوریا: تورکیا هەوڵدەدات بە دروستکردنی هێزی بە وەکالەتى دیکە ڕۆڵی گەورەتر لە ئایندەی سیاسی و ئەمنی سوریا بگێڕێت.
دەرئەنجامەکانی پێکهێنانی هێزی میلیشیای نوێ لە سوریا
- زیادبوونی گرژییە ناوخۆییەکان: ڕەنگە ململانێی نوێ لە نێوان ئەم هێزە و گروپە چەکدارەکانی دیکەى ناو سوریا سەرهەڵبدات.
- کاردانەوەی گەمەکارە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان: ئەگەری زۆرە ئێران و ڕووسیا کاردانەوەیان هەبێت بەرامبەر بە زیادبوونی هەژمونى تورکیا، لە کاتێکدا ڕەنگە ڕۆژئاوا ئەم هەنگاوە وەک ئامرازێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئێران تەماشا بکات.
- گۆڕینی هاوسەنگی هێز: ئەگەر دروستکردنى ئەم میلیشیایە سەرکەوتوو بێت، حکومەتی کاتی سوریا زیاتر گرێدراوى تورکیا دەبێت، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە ستراتیژی ئەحمەد ئەلشەرع بەرامبەر وڵاتانی دیکە.
پێشنیار
- دانوستانی فرەلایەنە: پێویستە وڵاتانی ناوچەکە و زلهێزە جیهانییەکان دەست بە دانوستانی نوێ بکەن بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانی سوریا بۆ پێشگرتن لە پەرەسەندنی ململانێکان.
- بەهێزکردنی ڕۆڵی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان: پێویستە دامەزراوەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمکاری عەرەبی بەشداربن لە پڕۆسەی دروستکردن و ڕێکخستنی هێزی میلیشیاکان لە سوریا بۆ ڕێگریکردن لە ململانێیەکى کۆنترۆڵنەکراو.
- پەرەپێدانی هاوکارییە ئەمنییەکانی ناوچەکە: پێویستە تورکیا، ئێران و ڕووسیا میکانیزمێک دابنێن بۆ هەماهەنگی کردەوەکانیان لە سوریا بۆ ڕێگریکردن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی نێوان ئەو هێزانەی کە پشتیوانیان دەکەن.
- هەوڵدان بۆ ئاگربەستێکی بەردەوام: پێویستە فشارە دیپلۆماسییەکان زیاتر بکرێت بۆ ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەستێکی هەمەلایەنە و کۆتاییهێنان بە شەڕ لە سوریا.
دەرەنجام
تێوەگلانی چالاکتری تورکیا لە قەیرانی سوریا و دروستکردنی هێزێکی نوێی میلیشیایی دەتوانێت هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا بگۆڕێت. لە کاتێکدا ئەنقەرە بەدواى ئامانجە ئەمنی و ستراتیژییەکانی خۆیدا دەچێت، ئەم هەنگاوە مەترسییەکانی وەک زیادبوونی گرژییە ناوخۆییەکان و چڕبوونەوەی ڕکابەرییە ناوچەییەکانیش بەدوایخۆیدا دەهێنێت. بۆ ڕێگریکردن لە ناسەقامگیری زیاتر، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەوڵبدات بۆ بەهێزکردنی چارەسەری دیپلۆماسی ئاشتیانە بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی ململانێ بە وەکالەتەکان لە سوریا.
