لە مەجلیسەکانی نەوشیروان مستەفاوە"٢٠"
.jpg)
عەبدولڕەزاق شەریف
2 ڕۆژ لەمەوپێش
عەبدولڕەزاق شەریف
بۆ دیداری چەند خولەکێکی کەم، بۆ وەڵامی پرس و ڕایەک، شەوێکی درەنگ و ناوەخت چومە ماڵەکەی! وتبووی بابێتە سەرەوە.
بۆ یەکەمجارم لەوماڵەی گردی زەرگەتە، چومە ژوری نوستنەکەی، ئەو خانوەی لەناو چڕیی سەوزاییەکانا و خۆی گرنگی بەجۆر و جیاوازی و شێوازی درەختەکانی دابو، لە نهۆمی دوەم، دەرگای ژورەکەیم قڵیشاند.
لە گۆشەیەکدا، لاپتۆپێکی کراوە لەسەر مێزێک، مێزێکی گەورەتر و نیوە تاقمێک قەنەفە، تەپڵەکێکی گەورە و یەکێکی بچوکتریش، ژوری نوستنەکەی وەک "ستۆدیۆیەک" ی بێ مەوبەق نیشان ئەدا و نەخشاندبو.
بە شەڕواڵ و کراسێکەوە، بەسەر مێزە گەورەکەیا، بە چاویلکەوە سەری شۆڕ کردبۆوە، لە نێوانی پەنجەکانی دەستە راستیشیدا، قەڵەمێک یاریدەکرد. نەوشیروان مستەفا، تاک شەڕواڵی وەک بەرگی نوستن بەکار دەهێنا، هەرچەندە لە هەفتاکانی تەمەنیدا دەژیا، چاویلکەشی تەنیا بۆ نوسین و خوێندنەوە بەکاردەهێنا، دوای وەڵامی سەلامەکەم، بەبێ ئاوڕدانەوە، وتی :
- وەرە تەماشای ئەم نەخشەیە بکە .
شەوێک لە مانگەکانی یەکەمی شەڕی "داعش"و سەروەختی گۆڕینی هاوکێشەی هێزەکان بو لە بەرژەوەندی کورد و هێرشەکانی پێشمەرگە، ئەو نەخشەیەکی سەربازی فراوانی عێراق و هەرێمی کوردستانی بەسەر مێزەکەیا، بڵاوکردبۆوە. وەک ئەندازیارێک نەک وەک ژەنەڕاڵێکی ئەرکان و روپێوی سەربازی! بە وردی گوندەکان، بەرزایی، دۆڵ و شیوەکانی زنجیرە چیای حەمرین، تخوبەکانی هەرێمی کوردستانی هەتا شەنگال و سەر سنوری سوریا دیاریدەکرد. قەڵەمەکەی خستە سەر جێگەیەکی بچوکی نەخشە سەربازیەکە و لە قسەکردن بەردەوام بوو و وتی :
- ئەم گوندە لە ناوەڕاستی چیای حەمریندایە، پێنج سەد ماڵە کوردی لێیە، وەک خۆیان ماونەتەوە، ئێرە بنکەیەکی باشە بۆ دەستپێکی پرۆژەیەک بۆ پاراستنی هەتایی کوردستان، تەواومکردوە، بۆجێبەجێکردنیشی، سەرکردایەتی پێشمەرگە وەکو بنکەیەکی سەرەکی ئەبەینە ئەوێ.
بە شانی حەمرینا لە جەلەولا هەتا شەنگال، بۆ سەر خاپور خەندەقی مەحکەمی سەربازی، پێشی کۆنکرێت و کارەبا، جۆگەلەیەکی سێ مەتری، ئاویشمان هەیە بۆپڕکردنەوەی، پشتەوەشی دیسانەوە کۆنکرێت.
بە درێژایی خەندەقەکەش ئەو گوندانەی لێی نزیکن ئەبوژێنینەوە، شارۆچکە و ماڵ و شوێنی نیشتەجێبون بە ئیمتیازی زۆرەوە بۆ ئەوانەی خەڵکی ناوچەکەن و ئاوارەی ئەم شارانە بون دروستدەکەین، زەویان بۆ کشتوکاڵ ئەدەینێ، هەمو ئەو پۆلیس و پێشمەرگە و ئاسایشانەی خەڵکی ئەو ناوچانەن و لە هەولێر و سلێمانی دەوامدەکەن ئەیاننێرینەوە، موچەکانیانیشیان ئەدەینێ با بە تفەنگی خۆیانەوە پارێزگاری لە ماڵ و زەوی خۆیان بکەن، لەگەڵ ئەفسەرەکانی ئەرکان کە پسپۆڕیی خۆیانە قسەمکردوە، زیاتر لە سێ هەزار شۆفڵ و مەکائینی گەورەی کۆمپانیاکان لەم سێ شارەدایە، سەرمایەدارەکان ئامادەن خۆبەخشانە تاکۆتایی و تەواوبون پشتیوانی بکەن، قسەم لەگەڵ کردون، هەندێکیان هاوکاری تێچوی خانوی نیشتەجێبونەکانیش ئەکەن، دیراسەمان کردوە هەر خانویەک بیست هەزار دۆلاری تێدەچێت، پشتوێنەیەک لە ئاوەدانی لە نزیک و هاوشانی ئەو خەندەقە دروستدەکەین، بۆ هەتا هەتایە مەترسی تەعریب و داگیرکردنی هەرێمی کوردستان ناهێڵین ....
لەگەڵ ئەم باس و خواسەیا، جارناجار چاویلکە توبییەکەی ئەجوڵاند، بە قەڵەمەکەی خەتێک یان پونتێکی لە نەخشەکەی بەردەستی ئەدا.
وتم: لەگەڵ کاک مەسعود باستکردوە ؟
وتی: رێکەوتنی من و مەسعود لەسەر ئەم پرۆژەیە بوە، وەک زامنکردنی پاراستنی سنوری هەرێمەکەمان لە ئایندەیا، پرۆژەی (تەجنیدی ئیجباری) شم بۆ نوسیوە. مستەفا بۆی بردوە، لەسەر بەڵێنی خۆی ئیشی تیا ئەکەین.
مەسعود خەیاڵی ریفراندۆمی هەیە، پێم وتوە هەتا ئەو پرۆژەیە جێبەجێ نەکەین بیر لە ریفراندۆم و سەربەخۆیی مەکەرەوە! لەگەڵ فەرماندەکانی یەکێتیش قسەمانکردوە، من پێم وتون (ماڵ و حاڵی عەرەبەکان تێکبدەن بۆئەوەی نەگەڕێنەوە) قەبری باوباپیرانی عەرەب لە دەرەوەی خاکی ئێمەیە، بەرژەوەندی و خانوەکانیان تێکبدەین ئیتر ناگەڕێنەوە، خەڵک بەرگری لە قەبرانەکانی ئەکات! کوردیش خەریکە قەبرسانی لەناو خاکی خۆیا نامێنێت! ئەوە رۆحی مانەوە و بەرگریکردن لاواز ئەکات. پەلاماری (داعش) بۆ ئێمە فرسەتێکە، هەندێ میدیا بە نەزانی و بۆئەوەی جنێو بە مەسولێکی یەکێتی و پارتی بدەن باسی دەرکردن و ڕوخاندنی ماڵە عەرەبەکان ئەکەن.
رۆژی دواتر هاوڕێکانی خۆم لە میدیا راسپارد، هیچ باسێک بە وێنە و نوسین یان هەواڵ لەسەر ئەو پێشێلکاریانەی هێزی پێشمەرگە بڵاونەکەنەوە.
-------------------------
تێبینی:
+ لە رابردودا و بەجۆرێکیتر لەوتارێکمدا ئەم باسە نوسراوە.
+ زۆر کەس لە هاوڕێکانی نەوشیروان مستەفا ئەم پڕۆژانەی بینیوە و بیستوە بەڵام مستەفای سەید قادر وەک وەزیری پێشمەرگە پرۆژەکانی گفتوگۆ کردوە و لە لای خۆی و لە ئەرشیفی سەرۆکایەتی هەرێمدا ئەتوانێت وێنەیەکی بۆ ئەرشیفی بزوتنەوەکە بگەڕێنێتەوە.
