کۆمەڵکوژیی کورد لە کۆبانێ

مەلا فەرمان
2 ڕۆژ لەمەوپێش
مەلا فەرمان
بە درێژایی سەد ساڵی رابردو تورکیا جگە لە نکۆڵیکردن لە بونی نەتەوەی کورد و دژایەتیکردنی پرسەکەی لە هەر قوژبنێکی کوردستان و دونیا بووبێت سڵی نەکردۆتەوە، ئەمشەویش لە شارە خۆڕاگرە داعش شکێنەکەی کۆبانێ کۆمەڵکوژی ئەنجامدا، بە درێژایی مێژوش دەسەڵاتدارانی تورک چەندین کۆمەڵکوژی و رەشەکوژییان دژ بە هاوڵاتیانی کورد ئەنجامداوە، کە دیارترینیان:
١ــ کۆمەڵکوژیی دەرسیم: ئەم رەشەکوژیە لە ساڵی ١٩٣٨ رویدا و ٣٠٠٠٠ سی هەزار کەس بوونە قوربانی.
٢ــ کۆمەڵکوژی مەرعيش: لە ساڵی ١٩٧٨ ئەنجامدرا و ژمارەی قوربانییەکانی ١٠٩ کەسە.
٣ــ کۆمەڵکوژی زیلان: لە ساڵی ١٩٣٠ کرا، ٥٠٠٠ هاوڵاتی تێیدا بوونە قوربانی.
٤ــ کۆمەڵکوژی گوشکۆنار: لە ساڵی ١٩٩٤، ٣٨ گوندنشینی کورد لە ئەنجامی بۆردومانی گوندەکانی کۆچاغلی و گوشکۆناز لە پارێزگای شەرناخ بوونە قوربانی.
٥ــ راگواستنی کورد لە ساڵی ١٩١٦، لەو پرۆسەیەدا نزیکەی ٤٠٠،٠٠٠ چوارسەد هەزار هاوڵاتی کورد گیانی لەدەستدا.
٦ــ کۆمەڵکوژی درزین: لە پارێزگای ئەرزنگان ساڵی ١٩٣٨، ژمارەی قوربانیانی ٩٥ کەسە.
٧ــ کۆمەڵکوژی موعلالی پارێزگای وان: ساڵی ١٩٤٣، ژمارەی قوربانی ٣٣ کەسە.
٨ــ کۆمەڵکوژیی لحێ: دیاربەکر، ساڵی ١٩٩٣، ٣٠ کەس بوونە قوربانی.
٩ــ کۆمەڵکوژی روبوسکی و قلایان: ساڵی٢٠١١، پارێزگای شرناخ
١٠ــ کۆبانێ: ئەمشەو ١٦/١٧ -٣- ٢٠٢٥، کە زیاتر لە ٧ ئەندامی یەک خێزان بوونە قوربانی.
دەسەڵاتێک و عەقڵیەتێک ئەمە کاری خۆی و باووباپیرانی بێ و بووبێ، دەکرێ جێی بڕوا و متمانە بێ؟ لێی دەوەشێتەوە دەستێکی پاک بۆ ئاشتی و تەبایی و برایەتی بەرێ؟ دەسەڵاتێک ئامادە نەبێت دان بە قەوارەیەکی دەستوریدا بنێت کە دوای ٢٠٠٣ و نەمانی عەقڵیەتی بەعس لە عێراق دامەزرا. چ جیاوازییەکی لەگەڵ عەقڵیەتی بەعسدا هەیە؟
باسکردنی ئاشتی و دەستدرێژکردن بۆ برایەتی کارێکی باشە، خزمەت بە پرسی مرۆڤایەتی دەکات، بەڵام دەبێت بزاندرێت لەگەڵ کێ باس لە پرۆسەی ئاشتی دەکەیت، لەگەڵ چ کەسێک دەتوانی تێکەیت و فڕکەی.
ئەمڕۆ لە تورکیا دەسەڵاتێکی ئیسلامی سیاسی ئیخوانی لە دەسەڵاتدایە، لەسەر زاری سەرۆکەکەیەوە بە ئاشکرا دژی مافەکانی کورد وەستاوەتەوە، ئامادە نیە وشەی کوردستان بەکاربێنێ، دان بنێت بە هەڕێمە دەستورییەکەیدا کە لە عێراق دامەزراوە. کردەوە کۆمەڵکوژیەکانی خۆیی و باووباپیرانی لەبەر چاوە. ئەم دەسەڵاتە پیاوی ئاشتی نییە، بەڵام بۆ دەربازبوون لەو فشارە جیهانییەی باس لە پرۆسەی گۆڕانکاری دەکات پەنای بۆ ئەم سیاسەتە دووسەرە و دووڕووییانە بردووە.
لای بەندە جێی متمانە نییە. ئەوەی متمانەی پێدەکات تەنها ئەوانەن هاوشێوەی سەرانی حیزبی باشور و ئیسلامیە سیاسیە ئیخوانیەکانی کورد یان چاوەخوارکراون یان لەبەر کورسی و دەسەڵات و بازرگانییەتی.
بۆ ئەوەی کۆتایی بە پرۆسەی کۆمەڵکوژی کوردان بێت، ئاشتی لە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدیبێت، پێویست بەوەدەکات گەلی کوردستان بێنە شەقام و بە یەک دەنگی سەرتاسەری بڵێن" نا بۆ کۆمەڵکوژی، بەڵی بۆ ئاشتی، ژیان و ئازادی نەتەوەیی". کەی چاو، گوێچکە و زمانی خۆمان کرایەوە، کەی ئەم یەک دەنگیە رویدا جێی ئەوەیە بەدونیا بڵێن " ئێوە کەڕ و لاڵ و کوێرن".
