هەموومان دەبین بە هەڵەبجەیی!

دوێنێ



شوان سدیق

لە ڕۆژی ١٦/٣ دا، هەموو کورد دەبێ بە هەڵەبجەیی، هەموو مرۆڤێکی خاوەن ویژدان و ئازادیخواز دێنە پاڵ هەڵەبجەییەکان و یادی ئەم رۆژە دەکەنەوە.

ئەوەی هەڵەبجەییەکان جیادەکاتەوە، لەوانی دیکە دوای ١٦ی سێش ئەوان بەردەوام لەگەڵ یادەوەرییە تاڵەکانی ڕووداوەکانی کیمیاباران و کۆچ و بەندیخانەی نوگرەسەلمان دەژین.

خۆم لەو شارە لەدایکبووم، ڕابردوویەکە لەگەڵمان دەژی و شوێنی دیارە، هەڵەبجە بوو بە شوێنێك بۆ پیاسەی زووڵمی ئه‌و رووداوانه‌ی به‌سه‌ری هاتن.

کیمیایی و ئاوارەبوون و بەندیخانە کارێکی وه‌هایانکرد منداڵیی منیش هاوشێوه‌ی هه‌ر منداڵیکی دیکەی هاوته‌مه‌نم له‌و شاره‌ ببێته‌ قه‌زاوه‌تی رۆژگارێكی رەش!

لە جێی یادگاریی منداڵی، چیرۆكە تاڵ و تراژیدییەكان لە زەهنیەتماندا شوێنی گرتەوە، نەیانهێشت پشوو بدەین و وەکو مرۆڤێکی ئاسایی بژین.

 

چیرۆکی ئێمە لەو ڕۆژەوە دەستی پێیکرد چەند ڕۆژێک لەژێر زەمین ماینەوە، پاشان هەڵهاتن بۆ ئێران و چوونە نێو ژیانی کامپی پەنابەری و ناوخێمەکانی ئۆردوگای سەریاس.

ئێمە لەکاتی بۆردومانی هەڵەبجە تا دوو رۆژ پاشتر لە ژێر زەمینی هاوسێیەکمان لە گەڕەکی گوڵان خۆمان حەشاردا، دواتر بەهاوکاری سەربازانی ئێرانی روومان لە ئێران كرد.

لە ناوەڕاستی هەمان ساڵ بەهۆی خراپی ژیان لەناو خێمە و ئۆردوگا لە وڵاتی ئێران ناچار بووین بگەڕێینەوە بۆ سلێمانی.

هەر ئەوكات حكومەتی بەعس بە بریارێك ڕەوانەی بەندیخانەی نوگرەسەلمانی کردین لە پارێزگای سەماوە.

پاش نزیکەی ساڵێک لەنێو بەندیخانە بەعس ڕایگواستین بۆ کەمپی بەرحووشتر لە سنووری قەزای دەشتی هەولێری خۆشەویست.

ڕووداوە تراژیکەکان بۆ هەموومان، ساڵانێکى زۆر ئاسەواریان لەنێومان جێدەمێنێت، وەکو شایەتحاڵى ئەو بارودۆخ و تراژیدیایەی بەسەرمان هاتووە، بەتایبەتی ئێمە کە وەکو منداڵی قوربانی ماوینەتەوە.

 

ئەمرۆ پاش ٣٧ ساڵ لە کیمیابارانی هەڵەبجە نەمانتوانیوە لەسەر ئاستی كۆمەڵگا و حزب و دەسەڵات ئەم كۆستە گەورەیە كە پەیوەستە بە دۆزی گەلێكەوە بیكەینە دەروازەیەك بۆ ژیانێكی باشتر، ئێمە هێشتا لە قۆناغی یادکردنەوەداین!

قسەم لەسەر قەرەبووی دانیشتوانەکەی و خزمەتگوزاری نیە، بەش بە حاڵی خۆمان دینارێکمان لە هیچ حکومەتێک وەرنەگرتووە، تەنانەت ناچاریش بە سوێندخواردن کراین بەڵام دواجار ئێمە هەر بێبەش بووین لەو قەرەبووە!

قسەی ئێمە لێرەدا لەسەر گرنکی ڕووداوەکەیە، هەڵوەستەکردن لەسەر پرسی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە تایبەتمەندی خۆی هەیە.

کیمیایی و ئەنفال بە مەبەستی قڕكردن و گۆڕینی پێکهاتە و سیمای نەتەوەیی كورد بووە. تاوانی جینۆساید كە بریتیە لە ئەنفال و كیمیابارانكردن، ڕووداوگەلێکی گرنگن و بوونەتە مێژوی ژیانمان، بۆیە ئەرکی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانە لەسەر ئاستی ناوخۆ بەتایبەتی لە ناوەندی پەروەردە و ئەکادیمی و زانکۆکاندا گرنگی تەواوی پێبدەن.

 

لە بواری مافی مرۆڤ، ژینگە، تەندروستی، تەنانەت وەکو ئیتاڵی و ئەڵمانیەکانی پاش مۆسۆلینی و هیتلەر؛ دەشێ جینۆساید و ئەنفال ببەسترێتەوە بە ڕێزگرتن لە جیاوازیەکانی وەک: ئاین و نەتەوە و ئازادی و یەکسانیی کۆمەڵایەتی و هەروەها پرسی دژایەتی و مەترسییەکانی ڕەگەز پەرستیش زۆر گرنگە.

لەسەر ئاستی سیاسی حزبی کوردی کەمتەرخەمە، چونکە هێشتا خوێندنەوەیەکی قووڵیان بۆ ئەنفال و جینۆساید نیە.

نازانن ئەم مێژووە چەند گرنگە، جوولەکەکان لە هەموو پرسێکدا هۆلۆکۆست بە بیری جیهان دەهێننەوە، لە کاتێکدا جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ ئەنفال و کیمیاباراندا نییە!

بۆیە هەرگیز نابێ ئەم مێژووە ببەسترێتەوە بە پرسگەلێکی حزبی و ناوچەییەوە و بە تەنیا کورتبکرێتەوە بۆ پرسی خزمەتگوزاری!

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار