پەیامەکەی ئۆجالان و ڕێککەوتنەکەی مەزڵوم عەبدی؛ پاشەکشە یان پێداویستی قۆناغەکە

ھیوا سەید سەلیم
13 كاتژمێر لەمەوپێش
ھیوا سەید سەلیم
بەشی یەکەم
پەیامەکەی ئۆجالان لە 27ی شوباتی 2025، لە کۆتایھێنان بە خەباتی چەکداری و ھەڵوەشاندنەوەی (PKK)ە، رێکەوتنی مەزڵوم عەبدی لەگەڵ ئەحمەد شەڕع سەرۆکی ڕاگۆزەری کۆماری سوریای بە دواوە ھات. ئەو ڕێکەوتنەی کە ھاوسەرۆکی دەم پارتی تونجەر باکرھان، کە یەکێکە لە شاندی دانوستانکاری ئیمرالی بە درێژەی پەیامەکەی ئۆجالانی دەبینێت.
دوای بڵاوبونەوەی پەیامەکەی ئۆجالان بەشێک لەوانەی بێ ئاگان لە تێز و تێڕوانینەکانی ئۆجالان بە تایبەت ئەو دیدگا سیاسی و فیکری و فەلسەفیانەی کە لە چوارچێوەی کتێبەکانی بە تایبەت ھەردوو بەرگرینامەکانی بڵاویکردونەتەوە، پێیان وایە ئۆجالان لە درووشەمە کۆنەکانی و تێڕوانینی بۆ چارەسەری پرسی کورد پاشەکشەی کردووە، ئەوەی ئێستاش دەیکات لە کۆتایھێنان بە خەباتی چەکداری و ھەڵوەشاندنەوەی PKK، لەوە سەرچاوەی گرتووە، کە ڕاست نیە و بگرە جگە لە دیدگای ئۆجالان بۆ ئەو پرسانە لایەنێکی دیکەی بابەتەکە پەیوەنددارە بە گۆڕانکاریە سیاسیەکانی جیھان کە ئۆجالان باش درکی پێکردووە.
دیدگای ئۆجالان لەمەڕ خەباتی چەکداری و ئەرکی ھەنووکەی رێکخستن جێدەھێڵین بۆ خوێنەر با بچن ئەو سەرچاوانە بخوێنەوە کە لە نووسینی ئەون، لەوێ تێدەگەین کە لە ناوەڕاستی نەوەدەکانەوە ئۆجالان لەگەڵ گۆرینی PKK بووە، ھەروەھا بڕوای بە خەباتی چەکداری لەقبووە. بەڵام گرنگە بزانین کە ئۆجالان بۆچی لەو کاتەی ئێستادا ئەو بڕیارە دەدات؟
دوای ئەو پڕۆسەیەی لە نێوان تورکیا و ئیمرڵی دەستی پێکرد، یەکەمین پەیام کە لە ئیمراڵی ھات، باسیان لەوە کرد کە ئۆجالان قسەوباسی سەبارەت بە گۆڕانکاریە نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتییەکان بۆ شاندەکە کردوە، لێرەوە تێدەگەین کە ئۆجالان بێ ئاگا نەبووە لەوەی لە جیھان ڕوودەدات.
ئاشکرایە کە لە ئێستادا مۆدیلی چارەسەری کێشە و ئاریشەکان لە ڕێگەی چەک نەک ھەر باوی نەماوە، بگرە دوای ھاتنە سەرکاری ترەمپ لە ئەمەریکا تا دێت زۆربەی ھەوڵەکان بۆ ئەوەن زمانی ئاشتی جێگای چارەسەری سەربازیی بگرێتەوە.
ئەو پڕۆسەیە لە غەزە دەستی پێکرا، سوریای گرتەوە و نزیکە کە پڕۆسەی ئاشتی (روسیا و ئۆکرانیا)ش بگرێتەوە، لەناو ئەو پڕۆسانەدا دوو کارەکتەری نادەوڵەتی کرانە قوربانی؛ ئەوانیش (حەماس و حزب اللە) بوون و تووشی پاشەکشەی گەورە کرانەوە.
پارتی کرێکارانی کوردستان، کە لە ساڵی 4198وە پەنای بۆ خەباتی چەکداری بردووە؛ نەک وەک ئەو دوو کارەکتەرە نادەوڵەتیەی ناومان بردن پشت و پەنای نەبووە، بگرە بە ناڕەوا خراوەتە لیستی تیرۆری ئەمریکا و ئەوروپا و چەندین وڵاتی دیکەوە، چوار دەیەیە شەڕی بەھێزترین سوپای ناو ناتۆ دەکا، لەو چەند ساڵەی دواییدا جۆرەھا چەکی تەقلیدی و ناتەقلیدی لەسەر ھێزەکانی گەریلا تاقیکراوەتەوە، بە چەکی قەدەغەکراویشەوە، نەیارەکەی کە دەوڵەتی تورکیایە بە تازەترین تەکنەلۆژیای سەربازی و ئاسمانی شەڕی کۆتایھێنان بە PKKی کردووە. لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا PKK مایەوە.
PKK 26 ساڵە سەرۆکەکەی لە زیندانە، 44 مانگ بوو ھیچ ھەواڵێک لە زیندانی ئیمراڵی بۆ دەرەوە نەدەھات، ئۆجالان بەو پەیامەی توانی بە ھەموو لایەک بڵێت:" بە شەڕ نەتوانرا ئیرادەمان تێکبشکێنن و پاشەکشەمان پێ بکەن" بگرە ئەوە ئێمەین جارێکی دیکە دەستپێشخەری بۆ ئاشتی دەکەین.
ئۆجالان، کارێکی کرد کە ھەموو جیھان پشتیوانی لە پەیامەکەی بکات، تۆپەکەشی خستە گۆڕەپانی تورکیا، یەکەمین جاریشە ئۆجالان لە ئاستی کوردستانی گەورەدا زۆربەی حزبەکان لە پشتی خۆی ببینێ.
بۆیە دەڵێین ئۆجالان نەک پاشەکشەی نەکردووە بگرە ئێستا ئەو بە تەنیا لە ئاستی تورکیا و باکووری کوردستان موخاتبی ئاشتی نییە، بگرە ئەو ڕیکەوتنەی لە نێوانی سەرۆککۆمارە کاتیەکەی سوریا و فەرماندەکەی ھەسەدە واژۆکرا، بەشێک بووە لە کارنامەی ئۆجالان بۆ ئاشتی.
