مەگەر بە عەرەبەکان دڵنەوایی خۆمان بدەینەوە

ئارام ڕەفعەت

2 هەفتە لەمەوپێش



ئارام ڕەفعەت

سروشتی مرۆڤی دەردەدار وەهایە، کە کەسێکی لەخۆی دەردەدارتر دەبینێت  حاڵەتێکی دەروونی پۆزەتیڤ و جۆرێک لە دڵنەوایی پەیدا دەکات. دڵنەواییەکە ئاوەهاییە، هێشتا من باشم و لەمن خراپتر هەیە. کوردیش هێشتا باشە، لەو خراپتر هەیە، کە عەرەبەکانن.

بۆ نموونە، هەر ئێمە نین، پارتی و یەکێتی ئاسا، چەقۆی داگیرکەرمان لەسەر جەستەی وڵات فەرامۆش کردووە و سەرقاڵی خوێ کردنە ناو برینی یەکترین. سوریا و لوبنان خراپتریش دەکەن. جۆلانی و حیزبوڵا ئیسڕائیلییان لەبیر چۆتەوە و کەوتوونەتە وێزەی یەکتری. خوا هەڵناگرێت، ئیسرائیلیش جیاوازیان لەنێواندا ناکات و وەکو یەک دەیان کوتێت. نموونەیەکی تر هەر لە سوریا؛ ئێمە لە باشور بەردەوام لەتە حکومەتەکەی هەرێم سەرکۆنە دەکەین کە سەر بۆ ئاسمان بەرز ناکاتەوە و سەری خۆی لەئاست تەراتێنی درۆنی تورکەکان شۆڕ کردووە و کەڕ و لاڵە. بەڵام لە لەتە حکومەتەکەی هەرێم خراپتر، کۆماری سوریای عەرەبی جۆلانییە. درۆن و فڕۆکەکانی ئیسڕائیل هەرکاتێک بیانەوێت بای باڵی خۆیان بدەن، فەڕەیەک بەسەر دیمەشق و کۆشکی کۆماری عەرەبی سوری جۆلانیدا لێدەدەن.

جووە عەرەبزمانەکان لە سۆشیال میدیا بەگاڵتەوە دەنووسن “یا جۆلانی ارفع رأسك، طائراتنا فوق رأسک”.

[یا جولاني ئیرفەع ڕەئسەک..... طائیراتونا فەوقە ڕەئسەک]

بەڵام جۆلانی هێندە سەرقاڵە بە پێشوازی میوانانی کۆماری عاڕەبییەکەی و کوشتاری عەلەوییەکان و دەور و تەسلیمی رۆژاڤا لە ژەنەڕاڵ کۆبانێ تا ئێستا فریا نەکەوتووە سەر بەرز بکاتەوە و سێڵفییەک لەگەڵ فڕۆکەوانە ئیسڕائیلییەکان بگرێت. دوو نموونەکەی سەرەوە هەر زەڵاتەیە لەچاو غەززە و ٢٢ وڵاتی عەڕەبی. لەتە حکومەتەکەی باشور لەچاو ٢٢ وڵاتە عەڕەبییەکە شایستەی ئەوەن کە رۆژی دەیان جار شانازی بەخۆیەوە بکات. من خۆم دەیان جار سەرکۆنەی یارۆم کردووە کە بۆچی لەئاست تاوان و کوشتاری تورکەکان لە رۆژاڤا و باکور خۆی کردۆتە کەڕەی شەربەت و جارێک لە جاران نقەیەک، ئاهێک، ئۆفێک ناکات. خۆ حکومەتۆکەی خۆمان، لە چاو ٢٢ وڵاتە عەڕەبییەکە رۆستەمی زاڵە. ئەوانە بەس بە نەوت دەتوانن ئیسرائیل نقووم بکەن. ٤٥٠ ملیۆن عەڕەب هەر بەقۆچەقانی دەتوانن پێنج شەش ملیۆن ئیسڕائیلی سەنگەسار بکەن.

کەچی لەم قەتڵ و عامەی فەلەستینییەکاندا کە خەریکە  قەبیلە و هۆزە کێوییەکانی ئەمازۆنیش دێنێتە دەنگ، سەرجەم ٢٢ پادشا و سەرۆک و ئەمیرەکانی نەتەوەی “ض” [ضاد] کۆبکەیتەوە لە هەڵوێستا ناگەنە ئەژنۆی کاک سەلاحی لەمەڕ خۆمان. هەڵە تێنەگەن، هەڵوێستی کاک سەلاح بەرامبەر غەززە نا، بەرامبەر کۆبانێ.

ئەگەر هەڵوێستی کاک سەلاح دەرهەق بە غەززە بکەینە پێوانە، ئەوا دەبێت سەرۆک و پادشای هەر ٥٦ وڵاتە موسوڵمان نشینەکە بخوازین بۆ ئەوەی بگەنە ئەژنۆی کاک سەلاح!

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار