لە تورکای کێ بای بای دەکات!

خەبات کوردە

2 هەفتە لەمەوپێش



خەبات کوردە

ئەکرم ئیمام ئۆغڵۆ سێیەم ڕۆژی بەندیخانەی ڕاگیراوی بەڕێکرد و شەقامی گەورە شارەکانی تورکیاش بەرەو ناڕەزایی زیاتر ڕێدەکا ، بە پێی یاسای تورکیاش بێت ئەگەر لە چوارەم ڕۆژدا دادوەر بڕیاری ئازادکردنی مەرجداری ڕەتکردەوە ، ئەو کاتە دەگوازرێتەوە بۆ یەکێ لە بەندیخانە سەرەکیەکان و هەڵسوکەوتی دز و چەتە و پیاو کوژی بۆ دەکرێ .! لە گەڵ ئەوەشدا چاوەڕێ ناکرێ و زەحمەتیشە ئازاد بکرێ چونکە بە تۆمەتی دەست تێکەڵکردنی لە گەڵ تیرۆریستان ( پەکەکە ) تاوانبار کراوە .!

 

بڕیارە ڕۆژی یەکشەمە پارتی کۆماری لە کۆنگرەی حیزبەکەیدا ئۆغڵۆ وەکو بەربژێری حیزبەکەی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دەست نیشان بکات .!

 

ئەردۆگان ئەمڕۆ ویستی فورسەتی کردنەوەی ئاگری نەورۆز بقۆزێتەوە و بەڵام دیار بوو جورئەتی داگیرسانی پڵیتەی ئاگرەکەشی نەکرد و فەشەلی بە خۆی هێنا .!

 

لە دوایشدا لە ئەستەمبوڵ و لە کۆبونەوەیەکی وڵاتانی تورک زوباندا ویستی هاوسۆزی خۆی بۆ نەورۆز دەرببڕێ  و بە چەکوچ و سندانێ لاسایەکی کاوەی ئاسنگەری لە مەڕ خۆمانی کردەوە و بانگەوازی دەستپێکی یەکگرتوویی دەوڵەتانی تورک زوبانی ڕاگەیاند ، هەروەها بە شێوازی خۆی و هاوشێوەی دیکتاتۆرەکەی عۆجە ئامادەیی دەربڕی کە بچێتە پەرلەمان و ٢١ ی ئازاری هەموو ساڵێ بکاتە پشوی ڕەسمی و بە ڕۆژی خۆشی ناوزەند بکرێ .!

 

ئەوەی بۆ بەندە جێی سەرنج بوو ، دیواری سەکۆی هۆڵەکە بوو کە بە گەورەیی نوسرا بوو   NAWROZ   بەڵام زۆر قێزەونانە هەر پیتێکی ئاڵای وڵاتێکی تورکنشینەکان بوو ، ئینجا دەرکەوتنی ئاڵای قروجە تورکومانەکای هەرێمیش بە دەستی چەند جاشێکەوە لە پشتەوە دەشەکایەوە .!

 

ناڕەزاییەکانی خۆپێشاندەران ڕۆژ دوای ڕۆژ فراوانتر و توندتر دەبن و چاوڕێ دەکرێ ئەگەر لە چوارەم ڕۆژدا ئیمام ئۆغڵۆ ئازاد نەکرێ ئەو کاتە ناڕەزاییەکانیش توندتر و ئاژاوەگێڕ تر دەربکەون و دوور نیە زەبر و زەنگ و کوشت و کوشتاریشی لێبکەوێتەوە ، زەحمەتیشە کۆماریەکان ئەو کەشوهەوایە بارگاویەیان پێ قبوڵ بکرێ و ئارامی شارەکان لە دەست دەرنەچێ .!

 

سەیر و سەمەرە ترین جوڵەش کە زۆر سەرنجی ڕاکێشاوم دەم بەستوویی حیزبەکانی دیکەی تورکیایە و بە هیچ جۆرێک جوڵەیەک ناکەن و ناڕەزایەتیەک دەرنابڕن و لایەنگری و بەیاننامەیەکیش لە سەر ئەو دەستگیر کردنە و خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیانە بڵاوناکەنەوە .!

 

لە ئێستادا ئەردۆگان کەوتۆتە ناو قوڕاوێکەوە نازانێ بە هەڵبژاردنی پێشوەختە خۆی دەرباز بکات یان هەتا ٢٠٢٨ خۆی ڕابگرێ .!؟

بەڵام سێ ساڵیش بۆ ڕەزیل بوون و سوک بوونی خۆی و حیزبەکەی و دەرباز کردنی گەلێکی هەشتا ملیۆنیش لە برسیەتی و نەداریش کارێکی ئاسان نیە و پیاوی خۆی دەوێ .!!

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار