پەیامەکەی ئۆجالان و رێکەوتنەکەی مەزڵوم عەبدی..... پاشەکشە یان پێداویستی قۆناغەکە؟

ھیوا سەید سەلیم
2 هەفتە لەمەوپێش
ھیوا سەید سەلیم
بەشی دووەم
لە بەشی یەکەمی ئەم نووسینماندا ھەڵوەستەمان لەسەر پەیامەکەی ئۆجالان و تەنانەت کاریگەریەکانی لەسەر رێکەوتنی (مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع ) کرد، لێرەدا مەبەستمانە وەڵامی ئەو پرسیارە بە تەواوی بدەینەوە کە ئایا ڕێکەوتنی فەرماندی ھەسەدە و سەرۆککۆماری ڕاگوزەری سوریا بە پاشەکشە بۆ مەزڵوم عەبدی ھەژمار دەکرێت یان پێویستی ئێستای قۆناغە سەربازی و سیاسیەکەیە؟
دوای کەوتنی رژێمی بەشار ئەسەد و پێدانی دەسەڵات بە ئەحمەد شەڕع و دانپێنانی لە لایەن وڵاتان بە دەسەڵاتی کاتی ئەو کەسەی کە تا ئێستاش تۆمەتی تیرۆری بەتەواوی لەسەر ھەڵنەستاوە. ڕای گشتی کوردستان سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سوریا بەسەر دوو تێڕوانین دابەشبوو:-
ڕایەک لەگەڵ ئەوە بوون لایەنە کوردیەکانی ڕۆژئاوا پەلە بکەن خۆیان بگەیەنە شام، تا لە سەر لەنوێ بونیادنانەوەی ئەو وڵاتە شوێن بگرن. ھەندێک واشیان کرد و بە ھەفتە لە شام مانەوە و شامی نوێ پێشوازی لێنەکردن.
ڕای دووەم بەپێچەوانی ئەوان بوون، لەگەڵ ئەوە بوون چاوەڕوان بن بزانن سوریای نوێ چۆن مامەڵە لەگەڵ کورد دەکات، چونکە کورد لە ڕۆژئاوا ئیدارە و ھێزی تایبەت بە خۆی ھەیە با پەلە نەکات لە چوون بەرەو دیمەشق.
شایانی باسە، لە ماوەی سێ مانگی دەسەڵاتی (ئەحمەد شەرع)دا ھەموو ئەو ھەنگاوانەی بە ئاڕاستەی بونیادنانەوەی سوریا نران ئەوەیان بە کورد دەگووت کە سوریای نوێش لە سایەی ئەو دەسەڵاتە ھێچی بۆ کورد لە ھەگبە دانییە.
کۆنگرەی نیشتمانی سوریا بەسترا، نەک ھەر حیساب بۆ کورد و پێکھاتەکانی دیکەی سوریا نەکرا، بگرە بە فەرمی ھیچ لایەنێکی کوردی بانگێشتی ئەو کۆنگرەیە نەکرا، لیژنەی نووسینەوەی دەستووری سوریا بە ھەمان شێوە لە تەنیا پێکھاتەی عەڕەبی و لەوانە دامەزرا کە لەبەرەی ھەتەشە بوون.
بەڵام رۆژی 10ی ئادار لە پێشھاتێکی ئاشکرانەکراو ھەمووان وێنەی مەزلوم عەبدی و ئەحمەد شەڕع دەبینن کە لەسەر مێزێک واژۆی ڕێکەوتنێک دەکەن. ئەو ڕووداوە پاش ئەوە ھات کە ھێزە ئەمنیەکانی دەوڵەت و گڕووپە توندڕەوەکانیان لە ناوچە کەنارەکانی سوریا (لازقیە، تەڕتوس) گەوەرەترین کۆمەڵکوژیان لە دژی پێکھاتەی عەلەوی ئەنجام دابوو.
ئاماژەکان ئەوەمان پێدەڵێن کە جگە لەوەی رێکەوتنەکە لەژێر فشاری وڵاتان کراوە، بەڵام ئەوەی زیاتر ھۆکار بووە ئەوە بووە کە ئەحمەد شەڕع نەیویستووە لەوە زیاتر شوشەکەی لە دەست بشكێت و جلەوی ھێزە توندڕەوەکانی لەدەست دەرچێت، بۆیە لەگەڵ جەنەڕاڵ مەزڵوم دەچێتەوە ناو ڕێکەوتن.
شایانی باسە، ڕێکەوتنی (مەزڵوم – شەڕع) سازانێک بووە بۆ ڕازیکردنی ھەردوولا، لایەنی کوردی چەند شتێکی دەستکەوتووە، زۆریشی بەخشیوە، چونکە لەو قۆناغەدا ھەردوو لایەن پێویستیان بە یەکتری دەبێت. بەڵام لەگەڵ ھەموو ئەو ڕەخنانەش کە لە ناوەڕۆکی ڕێکوتنامەکە دەگیرێت جێبەجێکردنی گرنگە، چونکە دوای سەدەیەک لە دامەزراندی دەوڵەتی سوریا یەکەمین جارە لە بەڵگەنامەیەکی فەرمی دان بە بوونی کورد لە سوریا دەنرێت.
دواجار دەڵێن ئەوەی وایکرد ئەحمەد شەڕع بە سیفەتی سەرۆکی کۆماری سوریای عەرەبی ڕێکەوتن لەگەڵ مەزڵوم عەبدی سەرۆکی ھێزەکانی سوریایی دیموکرات واژۆ بکات، فشاری پشتی ڕێکەوتنەکە بووە ئەگینا عەقلیەتی شەڕع ئەوەیە کە لە ڕەشنووسی دەستوری ئامادەکراوی سوریا ھاتووە، بۆیە قۆناغەکە لە بەرژەوەندی کورد دایە دەبێت کورد باش یاری بە کارتەکان بکات.
