چەند هەفتەیەك ماوە و ئێران و عێراق لە ناوەندی گۆڕانكارییەكاندان!

سەرتیپ جەوهەر

2 هەفتە لەمەوپێش



🔹 ئێران لەبەردەم سازش و گورزێكی بەئازاردایە، دەبێ‌ یەكێكیان هەڵبژێرێت.

🔹 ئەگەر عیراق پابەندی مەرجەكانی ئەمریكا نەبێت، سزاكەی لە ئێران كەمتر نابێت!

🔹 ماوەی بەردەست بۆ هاتنەژێرباری داخوازیەكانی ئەمریكا چەند هەفتەیەكە، دەرفەتی خۆدزینەوە نییە.

✍️ سەرتیپ جەوهەر

گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە هێدی هێدی لە ئێران و دواتر لە عێراق نزیك دەبێتەوە و گەڕانەوەی بۆ نییە. ئەمریكا و ئیسرائیل زۆر ڕژدن لەسەر یەكلاییكردنەوەی دۆسییەی مەترسی چەكی ئەتۆمیی ئێران و كەمكردنەوەی نفوزی ئەو وڵاتە لە دەوروبەر. بە پێی هەموو پێشبینیەكان ڕژێمی تاران لەبەردەم دوو ئەگەری زۆر سەختدایە،  یان سازشێكی زۆر بەئازار بە جۆرێك هەموو بەرنامەی ئەتۆمی و موشەكە دوورهاوێژەکانی رادەست بكات و گەرەنتی بكات كە جێی مەترسی نابن بۆسەر ئیسرائیل و بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا، یانیش دەبێ‌ چاوەڕێی لێدانێكی سەربازیی زۆر بەئازار بێت كە بەپێی قسەی ئیسرائیل و ئەمریكا زۆر كەمەرشكێن و وێرانكەر دەبێت؛ بەتایبەتیش بۆسەر بەرنامە ئەتۆمیی و موشەكیەكەی. لەوە واوەتر رەنگە ئێرانیان ترساندبێت بە دەستبردن بۆ شەقام و گۆڕانكاریی سیاسی بۆیە دوێنێ ئێران بڕیاریدا پۆلیسی ئادابی گشتیی هەڵوەشێنێتەوە.

ئەوەی جێی بایەخی ئێمەیە، عێراق لە ناوەندی ئەو گۆڕانكارییانەدا دەبێت. ئەمریكا و ئیسرائیل مەرجی پێشوەختەیان خستۆتە بەردەم عێراق، یان دەبێت جێبەجێیان بكات یاخود رووبەرووی سزای توندی ئەمریكا و ڕەنگە ئیسرائیلیش ببێتەوە.

لە سەرووی هەموو مەرجەكانەوە، هەڵوەشاندنەوەی هێزی میلیشیای حەشدی شەعبییە، دواتر پرسی كۆنترۆڵكردنی بانكەكان و ئالوگۆڕی بازرگانیی و پرسی كڕینی وزە بەتایبەتیش گازی سروشتیی دێتەپێش كە دەبێت عێراق جێبەجێیان بكات، ئەگینا ئەوەی بەر عێراق دەكەوێت كاریگەرییەكەی كەمتر نابێت لەوەی بەر ئێران دەكەوێت.

بەپێی پێشبینی چاودێران، لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا رێكاری كردارەكی لەدژی عێراق و ئێران دەستپێدەكات و سەرئەنجامەکەشی بەندە بە وەڵامی هەردوو وڵاتەوە بۆ داخوازییەكانی ئەمریكا كە پێشوەختە هەردوولای لێ‌ ئاگاداركراوەتەوە.

سەبارەت بە عێراق، ئەوەی پێشبینی دەكرێت ئەگەر عێراق زۆر بەخێرایی پابەندی بڕیارەكانی ئەمریكا نەبێت ئەوا پێشوەختە دەركردنی زنجیرەیەك رێوشوێن و سزای توندە دژی ژمارەیەك حزب و قەوارە و سیاسی یان كەسایەتیی سیاسی بەتایبەت ئەوانەی نزیكی ئێرانن و لایەنگری بەرەی مقاوەمەی ئێرانین، دواتر سەپاندنی سزای توندە بەسەر ژمارەیەك دامەزراوەی سەربازیی یان دارایی، ناویان دەخرێتە لیستی رەش و ئاسان لێی دەرباز نابن. لەنێوانیاندا گروپی میلیشیای شەعبی هاوكات ژمارەیەك بانك و دامەزراوەی دارایی كە رەنگە بانكی رافیدەین-یش بگرێتەوە. لەوەش خراپتر ئەوەیە ئەگەر عێراق بكەوێتە منجڕیی و پابەندی مەرجەكانی ئەمریكا نەبێت ئەوا رەنگە سزای كەمكردنەوەی ناردنی دۆلاری هیشكە (كاش) دژی عێراق بگرێتەبەر، ئەمەش وادەكات لە ماوەیەكی زۆر كورتدا نرخی دیناری عێراق بەرامبەر دۆلار زۆر دابەزێت و نرخی دۆلار زۆر گران ببێت.

هێشتا ڕوون نییە عێراق مەرجەكانی ئەمریكا بەتەواوی جێبەجێ دەكات یان نا، بەشێك لە سیاسیەكان بەتایبەتیش سەرۆكوەزیران و بەشێك لەكاربەدەستانی عێراق لە مەترسی دۆخەكە تێگەیشتوون و هەوڵدەدەن گروپە نزیكەكانی ئێران (سیاسی و میلیشیا)یی رازیبكەن بەجێبەجێكردنی مەرجەكانی ئەمریكا، چونكە هیچ دەرفەت بۆ خۆدزینەوە نەماوە، بەڵام تائێستا نەگەیشتوونەتە رێككەوتن، چونكە لەژێر فشاری ئێراندان، ئەمە لەكاتێكدایە كە دەرفەت و كاتی زۆر بەردەست نییە بۆ خۆ یەكلاییكردنەوە، بەپێی پێشبینی هەموو سەرچاوەكانی ئەمریكا ماوەی بەردەست بۆ جێبەجێكردنی داخوازیەكانی واشنتن ڕەنگە چەند هەفتەیەكی دیكە بێت نەك زیاتر.

.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار